کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بونەی ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی كوردستان

03:50 - 18 رەشەمه 2711

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە بونەی ٢٦ی سەرماوەز، روژی پێشمەرگەی كوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران!
بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی!
بەشداربووانی رێوڕەسمی 26ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی كوردستان!
سڵاوتان لێ بێ

پیروز بێ 26ی سەرماوەز، روژی پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو خەڵكی كوردستان و بەتایبەت لە كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران. ئەمڕۆ لێرەدا لە دەوری یەك كۆبووینەتەوە بۆ رێزگرتن لە مرۆڤگەلێك كە مەشعەلدار و پێشەنگی خەباتی گەلەكەیانن، فیداكار و كۆڵنەدەر و پێشرە و پێشەنگ و رێپیشاندەری رێگای ئازادی و سەربەستی و خەباتگێڕانی دژی چەوسانەوە و گیانبەختكەرانی رێگای ئامانجە نەتەوەییەكان، بە ئاگاهی و هەست بە بەرپرسایەتییەوە ئەو رێگایەیان هەڵبژاردووە و لە هەموو مێتۆدەكانی خەباتی سەردەمیانە بۆ گەیشتن بە ئازادی و رزگاریی نەتەوەیی كەڵك وەردەگرن و بە بێ راوەستان تێدەكۆشن.

هەر بۆیە كاتێك لە كۆر و كۆبونەوەكان لە شوێنە تایبەتییەكان ناوی پێشمەرگە دێتە بەر باس، قەڵافەتێكی شۆڕشگێرانە و ماندوونەناسانە و دوژمنڕووخێن دێتە بەر چاوی خەڵك.

بە شوروشەوق و خۆشەویستی، بە هیوای رزگاری و ئازادی و داهاتویەكی گەش دەڕواننە رێچكە و رێبازەكەیان.

پێشمەرگە وا لە نێو كۆمەڵانی خەڵكدا جێگەی خۆی كردووەتەوە و ریشەی قایم و موحكەم كرددوە كە وەك دارێكی ریشەفراوان و بەهێز، بە لق و پۆیەكی بەربڵاوەوە رۆژ بە رۆژ ئەم ریشەیە بەهێز و جێگیر و لقوپۆپەكانی پڕپۆشترو گەشاوەتر دەبێ.
ئەم دارە بەنرخە كە لە لایەن گەلەكەیەوە ئاویاری دەكرێ، هەردەم لە زیادبوون و گەشەكردندایە و هەر چوار پارچەی كوردستان لە ژێر سێبەری ئەم گەورەدارە بەهرەمەندەدا دەحەسێتەوە.

ئەمە بەرهەمی هزر و ئەندیشەی دامەزرێنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، واتە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە كە هەنووكەش ناوی پڕ لە شانازی هێزی ڕزگاریدەری گەلی كورد، واتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆتە هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگری و ئازادی لە ئاستی بیروڕای گشتی جیهاندا.

پێشمەرگە تەنیا چەكدارێكی ئاسایی نیە بەڵكوو مامۆستایەكی زانكۆ و دیپلۆماتێكی بەتوانایە، رووناكبیرێكی نەتەوەیی سەردەمە كە توانیویەتی ئێش و ئازار و كێشەی گەلەكەی بباتە نێو كۆر و كۆمەڵە جیهانییەكان و ببێتە تریبۆنێك بۆ گەیاندنی هاواری مافخوازانەی نەتەوەكەمان بە بیروڕای گشتی جیهان.

ئەگەر دوژمنانی گەلی كورد بە چاوێكی دوژمنانە و دور لە راستییەكان سەیری تایبەتمەندییە بەرزەكانی پێشمەرگەیان دەكرد و بە شێوەیەكی چەواشەكارانە لە بیروڕای گشتیدا پێشمەرگەیان پێناسە دەكرد، هەنووكە خەڵك و ئازادیخوازان بە دەركی راستییەكان، بە شێوەیەكی پراكتیكی پێشمەرگە پێناسە دەكەن و پێشمەرگە بۆتە رەمزی ئازادی و سەركەوتن.

بەرێزان!
باسكردن لەسەر مرۆڤگەلێَك كە هەموو ژیانی خۆیان لە سەردەمی لاویەتیدا كە باشترین دەورانی ژیانە پێشكەش بە گەلەكەیان كردووە، لە ماوەیەكی كورت ناكرێ نرخی خۆی پێ بدرێ، هەرچەندە لەسەری بنوسرێ و بدوێی هێشتا بایی دڵۆپێك لە بەرانبەر دەریای بێكەرانی جەستەی برینداری مرۆڤە بێنان و ئاوەكانی چیا سەربەرزەكانی كوردستاندا نیە كە بە شكۆیەكی مەزنەوە پارێزەری كەرامەت و شەرافەتی كوردستان و كورد دەكەن.

لە راستیدا چۆن وەسفی مرۆڤێك بكەین كە لە بن بەردێك یا لە بن دەوەنێك و لەژێر رەهێڵە و ئاگری گوللەی بێئەمانی دوژمندا، بە ئیمانێكی پۆڵایینەوە دەژی و هێرش دەكاتە سەر دوژمن و بیر لەوە ناكاتەوە داخۆ ئەگەر بریندار بوو، كامە نەخۆشخانە و دوكتور چارەسەری برینەكەی دەكا یان پاش كۆتایی شەڕەكە لە كام شوێن دەحەسێتەوە.

چۆن دەكرێ وەسفی ئەو مرۆڤە بكەین كە لە نێو بەفری زستاندا پەنجەكانی دەستی بە هۆی سەرما لە دەست داوە و تەنانەت بۆ یەك چڕكەش لە ناوی پڕ لە شانازی پێشمەرگە پەشیمان نەبۆتەوە.
كێ دەتوانێ هەڵمەت و خۆڕاگری و فیداكاری پێشمەرگە بنرخێنێ لە كاتێك هێزێكی زۆری پۆشتە و پەرداختی دوژمنی بە چۆكدا دەهێنا و پاشەكشەی پێ دەكرد، هەرچی لەسەر گەورەیی و قارەمانیەتییەكانی پێشمەرگە بدوێین نرخی خۆی پێ نەدراوە و نادرێ، ئێمە لە رۆژی رێزگرتن لە پێشمەرگەی كوردستاندا جێی خۆیەتی ئاماژە بە چۆنییەتی ناودێركردنی ئەم رۆژە پیرۆزە بكەین.
كومیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پلینۆمی خۆیدا كە لە رۆژانی 15-24ی گەلاوێژی 1363ی هەتاوی پێك هات، رۆژی 26ی سەرماوەزی بە ناوی رۆژی پێشمەرگەی كوردستان ناودێر كرد.
شانازی ئەو رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشی رۆڵە قارەمانەكانی شاری مهاباد كە دڵسۆزانە هێرشیان بردە سەر شارەوانی ئەو شارە و لە هێرشێكی لەخۆبوردووانەدا بە دانی تەنیا شەهیدێك شارەوانی ئەو شارەیان گرت و ئاخرین دیاردەی چەكداریی حكومەتی پاشایەتییان تێكەوە پێچا و بەو چەشنە، دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری بەشێك لە كوردستان كەوتە دەست خەڵك و هەر لەو رۆژەدا بە رەسمی سوپای میللی بۆ پاراستنی ئەمنییەت و پارێزگاری لە دەسكەوتەكانی شۆرش و گەلی كورد دامەزرا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وەك داهێنەری ناوی پێشمەرگە و دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگە و دیاریكەری رۆژی پێشمەرگە، شانازی بەو مێژووە و رابردووی پڕ لە سەروەری خۆی دەكات كە توانیویەتی لە ماوەی 66 ساڵی تەمەنی ئەم هێزە كوردستانییەدا، وەك هێزی پارێزەری كورد و كوردستان، بەردەوام لە گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشاندا كۆڵنەدەرانە لە بەرانبەر نەیارانی كوردستان خەباتی ئازادیخوازانەی خۆی درێژە پێ بدات، بە یەك ئاسۆ و روانینەوە چاو لە قەوارەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات.

هەر بۆیە لە هەر كام لە پارچەكانی كوردستان و لە هەر حیزب و سازمانێك بە ناوی پێشمەرگەوە، كەس یان كەسانێك لە پێناو رزگاری نەتەوەییدا خەبات و تێكۆشانیان كردبێت، وەك پێشمەرگەی كوردستان دەناسرێت و رێز لە خەبات و تێكۆشانیان دەگیرێت.

حیزبی ئێمە لە ماوەی زیاتر لە شەش دەیە لە خەبات و تێكۆشانی خۆیدا لەگەڵ دوو رێژیمی كۆنەپەرەست و دیكتاتۆری پاشایەتی و كۆماری ئیسلامی خەباتی بێوچانی كردووە و هەنووكەش بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەلەكەمان بەردەوامە و لەو رێگایەدا هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە، بەڵام كۆڵی نەداوە.

بۆ ئەوەی وەختی زیاتری كۆڕەكەمان بە رابردووەوە تەرخان نەكردبێ، خۆمان لە ئاماژەكردن بە خەبات و تێكۆشانی هێزی پێشمەرگە لە پێوەندی لەگەڵ رێژیمی پاشایەتی كە حیزبی ئێمە شان بە شانی گەلانی ئێران لەو پێوەندییەدا بە ئامانجی خۆی گەیشت و رێژیمی دیكتاتۆری و سەرەڕۆی پاشایەتییان تێكەوە پێچا، دەبوێرین و ئاماژە بە دۆزی هەنووكەیی رێژیمی تۆتالیتێرو قڕوون وستایی كۆماری ئیسلامی و خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد و شانازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا چۆن توانیویەتی لەگەڵ رێژیمێك كە كۆسپی سەر رێگای ئاشتی و ئازادی و دێموكراسی لە ئێران و جیهاندایە، لە خەبات و تێكوشان بەردەوام بێت.

خوێناویترین و ئاڵۆزترین هەلومەرج و قۆناغەكانی خەباتی هێزی پێشمەرگە، بەربەرەكانێ لەگەڵ رێژیمی كۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامی لە ماوەی 32 ساڵی رابردوودا بە كورتی لە چوار تەوەردا پۆلین و شرۆڤەی دەكەین:

قۆناغی یەكەم:
سەركەوتنی گەلانی ئێران بەسەر رێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەركاری رێژیمی كۆماری ئیسلامی بە هۆی نائاگاهی خەڵك لە ناوەرۆكی ئەم سیستمە بوو. حیزبی دامەزرێنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، واتە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە رێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی هەمەلایەنی خستەگەڕ تا كێشەی نەتەوەیی و ماف و داخوازییەكانی گەلی كورد لە رێگای سیاسی و وتوووێژەوە چارەسەر بكات، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئەم رێژیمە دژی گەلییە لەگەڵ ماف و ئازادییەكانی هەموو نەتەوەكانی ئێران بە گشتی و گەلی كورد بە تایبەتی بێگانە بوو، هەر بۆیە هەر رۆژێك و لە یەكێك لە شارەكانی كوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر شەڕ و پیلانی نامرۆڤانە دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێك دەخست.

رێژیم بە داڕشتنی سناریۆی جۆراوجۆر تاوانی ئەو شەڕانەی دەخستە پاڵ حیزبی دێموكرات تاكوو سەرەنجام بەسازكردنی شەڕێك لە پاوە، خومەینی لە 28ی گەلاوێژی ساڵی 1358ی هەتاویدا فەرمانی جیهادو شەڕی سەراسەری بە دژی گەلی كورد دەركرد و حیزبی ئێمەی بە هەڵوەشاوە راگەیاند.

هێزی پێشمەرگەیش بۆ پارێزگاری و بەرگری لە مافی نەتەوایەتی گەلەكەمان، پەلاماری هێزەكانی رێژیمی لە كوردستان دا و لە ماوەی شەڕێكی سێ مانگەدا، هەموو شار و رێگا و لێرەوارەكانی كوردستانی كردە گۆڕستانی داگیركەرەكان و ماشینی جەنگی و ژەنگاوی ئەوانی لە كار خست و بە چۆكدا هێنا، كە بە شەڕی سێ مانگە ناوبانگی دەركرد، بە شێوەیەك كە خومەینی رایگەیاند كە گۆیا لە داخوازییەكانی گەلی كورد بە باشی تێنەگەیشتووە و فەرمانی ئاگربەستی راگەیاند و چارەسەری مافی گەلی كوردی لە رێگای وتووێژەوە خستە بەر باس و بەو چەشنە وتوێژێك لە نێوان دەوڵەت و هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی كورد دەستی پێ كرد.

قۆناغی دووهەم:
لەم سەروبەندەدا كوماری ئیسلامی بەكەڵكوەرگرتن لە هەستی ئاشتیخوازانەی كورد و ئاگربەس و وتوێژی دوولایەنە، هێزە تێكشكاوەكانی خۆی بۆ جارێكی دیكە ئامادەی شەڕ كردەوەوە و لە ژێر هەموو قەول و بەڵێنەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد دا و جارێكی دیكەیش هێرشی بردە سەر بنكەو بارەگاكانی حیزب و سازمانە كوردستانییەكان و شەڕێكی دیكەی سەرتاسەری لە كوردستان و بە ئیمكاناتی باشتر و سازماندەییەكی نوێ كە كاریگەری قورستری بۆ هێزی پێشمەرگە بەدواوە بوو دەست پێ كرد . سەرەڕای ئەویش لەم قۆناغەدا دوو خاڵی هەرەگرینگ بوونە هۆی ئەوەی كە كۆماری ئیسلامی توانی پاشەكشە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات، یەكەم روودانی شەڕی ئێران و عێراق و بزواندنی هەستی نەتەوایەتی گەلانی ئێران و هێنانە مەیدانی چین و توێژە جۆراوجۆرەكان بە بیانووی بەرگری لە خاك و نیشتمان و لە هەمان كاتدا نێو و ناتۆرە دروستكردن بۆ حیزب و سازمانە كوردستانییەكان لە پێوەندی لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا، لە لایەكی دیكەوە ناتەبایی هێزە كوردستانییەكان لە شارەكان و روودانی شەڕی ناوخۆیی كوردستان لە نێوان حیزبی دێموكرات و كۆمەڵەوە كە هێزەكانی هەر دوولای بە خۆوە سەرقاڵ كرد و كۆماری ئیسلامیش لەو دەرفەتە كەڵكی وەرگرت و توانی سەرەتا رێگا سەرەكییەكان و پاشان شارو گوندەكان داگیر بكا و حیزبی دێموكرات و باقی هێزەكانی دیكەش ناچار بوون كە بە تەواوی پەنا بۆ شاخەكان ببەن و قۆناغی شەڕی جبهەیی كۆتایی پێ هات.

قۆناغی سێهەم:
پاش داگیركردنی كوردستان لە لایەن هێزەكانی كوماری ئیسلامی و پاشەكشەی هێزی پێشمەرگە بۆ شاخ، زۆربەی هەرە زۆری حیزب و سازمانە كوردستانی و ئێرانییەكان خەباتی چەكدارییان بە جێ هێشت و پەنایان بردە هەندەران. بەڵام هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات لە فازی سێهەمدا هێزەكانی خۆی بۆ شەڕی پارتیزانی بە دژی پیلانی نامرۆڤانەی رێژیم ئامادە كرد و هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی پارتیزانی بە كەڵكوەرگرتن لە مێتۆدەكانی خەباتی سەردەمیانە، پەڕەی بە خەباتی دیپلۆماسی و سیاسی لە دەرەوەی وڵات دا و بە پێی هەلومەرجی سەردەم بە گوڕوتینێكی زۆر باشەوە رێكخستنەكانی خۆی لە دەرەوە و ژوورەوە ئۆرگانیزە دەكات، هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش بە ورەیەكی بەرزەوە بەرپەرچی پەلاماری هێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەداو هەموو شار و گوند و رێگاوبانەكانی كوردستان بۆ جارێكی دیكە بوونە مەكۆی پێشمەرگە قارەمانەكان و گۆڕستانی هێرشكەران بۆ كوردستان و رۆژانە سەدان كەس لە هێزە بێورەو بێباوەڕەكانی كۆماری ئیسلامی دەبوونە قوربانی سیاسەتە نامرۆڤانەكانی سەرانی رێژیم و یان ئەسیری هێزی پێشمەرگە دەبوون كە لەگەڵ رەفتاری مرۆڤدۆستانەی پێشمەرگە بەرەوڕوو دەبوون و دەپارێزران.

هەروەك لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێ كرد پێشمەرگە خەباتی خۆی تەنیا لە چوارچێوەی خەباتی چەكداریدا بەرتەسك نەكردۆتەوە، بە پێی هەلومەرج و گۆڕانكارییەكانی رۆژ لە شێوەكانی دیكەی خەبات كەڵكی وەرگرتووە و قۆناغی چوارەمی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەكە و ئاڵوگۆڕەكان بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان بە قۆناغی سیاسی ــ تەشكیلاتی و دیپلۆماسی دەست پێكرد.

لەگەڵ ئەوەش لە بواری نیزامیدا هەنووكەش هەركات پێویست بێت، پتانسییەڵی بەهێزترین هێزی سیاسی و نیزامی لە كوردستاندا هەیە، بەڵام لەم هەلومەرجەدا سەرەڕای پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی كە بۆ حیزبی ئێمە لە سەرەوەی بەرژەوەندیی حیزبییە، لە فازی چوارەمدا، پێوەندییە تەشكیلاتییەكانی خۆی لەگەڵ چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بە باشی گرێ داوە و بە سیاسەت و تاكتیكێكی سەردەمیانەوە هاتە گۆڕەپانی خەبات و بەو جۆرە هێزی پێشمەرگە بە ئیستراتیژی روون و دیاریكراوی خۆی لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا، بە كەڵكوەرگرتن لە شێوەكانی خەبات دژی سیستەمی تۆتالیتەری كۆماری ئیسلامی بێپسانەوە تا سەركەوتن درێژەی پێ دەدات.

ئاكامی ئەم خەباتە، هاوكاری و هاوئاهەنگی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئەزموونی 32 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر حكوومەتی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ئێران، بریتییە لە دابەزینی داهاتی نەتەوەیی، بێكاری و گرانی و فەسادی كۆمەڵایەتی بە هەموو لق و پۆكانییەوە، ستەمی نەتەوەیی و مەزهەبی، سیاسی، هەرچی زیاتر ئیدئۆلۆژیكردنی حكوومەت، هەڵاواردنی رەگەزی و جینسی، گرتن، ئێعدام، سەركوتی بزووتنەوە ئازادیخوازەكان و هەتا دوایی ....، لەگەڵ هەموو شێوە بۆچوون و سیاسەتێكی دیكتاتۆرانە و دەیان كردەوەی دژی مرۆیی دیكە، كە تەنیا لەم سیستەمە دژی گەلییە دەوەشێتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ وەزعی دەرەكیشدا پشتكردن لە هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان، وەك هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چەكی ناوكی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتان و هەوڵداندان بۆ تێكدانی بارودۆخ و تەناهی وڵاتانی ئیسلامی بە كەڵكوەرگرتن لە هەستی مەزهەبی خەڵكەكەیان، پێكهێنانی تۆڕی تیرۆریستی و پشتیوانی و داڵدەدانی ئەو گرووپانە كە دەبنە هۆی كوشتنی بەكۆمەڵی خەڵكی بێتاوان، لە دەستكەوتە دەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامییە، كە بووە بە هۆی رۆژ بە رۆژ پەراوێزخستنی ئەو وڵاتە لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا، دیمەنی ئێرانی لە ناو بیروڕای گشتی جیهاندا ناحەز كردووە و بە پێچەوانە، ئاكامی بەربەرەكانێی قارەمانانەی هێزی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرانبەر دیكتاتۆرانی بیری سەدەنێوەڕاستی كۆماری ئیسلامیدا، هەڵكشانی ئەرێنی بووەو هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە نێو كۆمەڵانی خەڵكدا خۆشەویستە و پتر لە جاران هەنگاوەكانی بە بڕشتەوە بەرەو سەركەوتن هەڵدەگرێ و لە نێو بیروڕای گشتیی جیهاندا بە هێزێكی خاوەن پرەنسیپ و دێموكرات و مودێڕن ناسراوە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە ئاسۆیەكی روونەوە چاو لە خەباتی هێزی پێشمەرگە دەكەن و هێزی پێشمەرگەیش ڕەوایی خۆی لە پشتیوانیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بیرو ئەندیشەی ئازادو مرۆڤــتەوەرانە وەردەگرێت و تا سەركەوتن بەسەر كۆنەپەرەستی و تاریكیدا، بە پشتگیریی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان خەباتی ئازادیخوازانەی خۆی درێژەی دەدات و لە ئاكامدا سەركەوتن بۆ هێزی پێشمەرگە و رووخان و سەرشۆڕی بۆ رێژیمی دژی گەلی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

لە كۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی دووبارە لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، دووپاتی دەكەینەوە حیزبی تێكۆشەر و خەباتگێڕی كۆمەڵانی هەراوی كوردستان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران شێلگیرانە و ماندوویی نەناسانە تا وەدیهێنانی ئامانجە بەرز و مرۆڤییەكانی شەهیدانی كوردستان و لە سەرەوەی هەمووان رێبەرانی گەورەمان قازی و قاسملوو و شەرەفكەندی، دەست لە خەبات و تێكۆشان هەڵناگرێ.
سەركەوێ خەباتی نەتەوەیی دێموكراتیكی خەڵكی كوردستان بو وەدیهێنانی سیستمێكی دێموكراتیك و فیدراڵ
بژی هێزی پێشمەرگە، باسكی بەهێزی گەل
بڕووخێ رێژیمی كونەپەرستی كوماری ئیسلامیی ئێران