کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٨ مارس

16:03 - 16 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:


ئەمڕۆ بۆ جارێکی دیکە پێشوازی لە رۆژی مێژوویی ٨ی مارس دەکەین کە وەک رۆژی نێونەتەوەیی ژن راگەیەنراوە و رێزی لێ دەگیرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای رێزگرین لە رۆژی هاوپێوەندی لەگەڵ ژنان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش دەکا بە سەرجەم ژنانی جیهان، ئێران و کوردستان. بەو هیوایە کە ژنانی تێکۆشەر لە هەوڵ و خەباتی پیرۆزیاندا دژی ئیستبداد، کۆنەپەرستی و چەوسانەوە و هەروەها بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانیان، سەرکەوتوو بن.
ژنان بە تێکۆشانی بێوچان و پڕ لە قوربانیی خۆیان لە کۆمەڵێک لە وڵاتانی جیهاندا دەسکەوتی پڕبایەخیان وەدەست هێناوە بە بەشێکی بەرچاو لە ئازادی و مافەکانیان گەیشتوون.
بەڵام دوای تێپەڕبوونی پتر لە سەدەیەک لە راگەیاندنی رۆژی جیهانیی ژن، ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا ژنان هەروا بەشێوەی جۆراوجۆر دەبنە قوربانیی هەڵاواردن و بیروباوەڕی کۆنەپەرستانە و لە بێ بەشیدا دەژین.
یەک لەو وڵاتانەی کە مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەلایەتییەکانی ژن تێیدا بە ئاشکرا پێشێل دەکرێ و ژنان بەهۆی کولتووری هەڵاواردن و دواکەوتووانەی حکوومەتییەوە لە مافە سروشتی و ئینسانییەکانیان بێبەشن، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.
لە کۆماری ئیسلامیدا چەوساندنەوەی ژن لە کۆمەڵگادا باری یاسایی رێگا پێدراوە و هەڵاواردنی هەمەلایەنە، ماف پێشێلکردن و سووکایەتی پێکردن بە ژن بە گوێرەی یاسای بنەڕەتیی وڵات ئاسایی و نەهادینە کراوە! لە فەرهەنگ و عەقلییەتی دەسەڵات بەدەستانی رێژیمی ئیسلامیدا ژنانی ئێران بەگشتی بە مرۆڤی دەرەجە دوو دەژمێردرێن و هەر بەو شێوەیەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێ.
بێجگەلەوە، ژنانی کورد لەژێر باری قورسی ستەمی نەتەوەییشدا دەچەوسێنەوە و سەرکوت دەکرێن.
رێژیمی ئازادیکوژی ئێران لەوە ئاگادارە کە ژنانی کوردستان بەدرێژایی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کورد، لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئازادیی نەتەوەکەیاندا بەشدار بوون و بەشدارن.
ژنانی کورد سەلماندوویانە کە تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاریی خۆیان لە چەوسانەوە و بێبەشی، بە بەشێکی جیانەکراوە لە خەباتی گەلەکەیان بۆ ئازادی و دابینکردنی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی دەزانن، هەربۆیەش لە ریزی حیزبە سیاسییەکانی کورد رێکخراوە ناحکوومییەکان و بەگشتی لەهەر مەجالێکدا بۆیان بگونجێ، شان بە شانی پیاوانی کورد فیداکاری دەکەن و قوربانی دەدەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو شانازییەی بۆخۆی تۆمار کردووە کە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە پرسی ژنی بەلاوە گرینگ بووە و خەبات بۆ دابینکردنی مافی بەرابەر بۆ ژنانی کوردی لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا گونجاندووە.
بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەهەمانکاتدا ئەو راستییەی لەبەرچاو بووە کە ئەوەی هەتا ئێستا لەو پێوەندییەدا کراوە، بەس نییە و دەبێ هەوڵی زیاتر و بە بەرنامەتر بۆ بەشداریی بەربەرینتری ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بدرێ. چونکە لەو بڕوایە دایە کە خەبات بۆ ئازادی نەتەوەیەک بەبێ بەشداریی ژنان و دابینکردنی مافەکانیان، خەباتێکی ناتەواوە و بە ئاکامی دڵخواز ناگا.
دیارە ژنی کورد بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ژنانی خەباتکاری نەتەوە رزگاربووەکان ئەو راستییەی لەبەرچاوە کە گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی و رزگاریی لە چەوسانەوە تەنیا بە هەوڵ و تێکۆشانی چالاکانە و لێبڕاوانەی خودی ژنانەوە دابین و دەستەبەر دەکرێ، بەڵام سەرەڕای ئەو راستییە، ئەرکی پیاوانی یەکسانیخواز و دێموکراتە کە لەو بوارەدا یارمەتیدەری ژنان بن.
لەو خەباتە دژوارە بەڵام بەرحەق و رەوایەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆی بە یارمەتیدەری ژنان دەزانێ و لە خەباتی رەوایان بۆ گەیشتن بە یەکسانی و رزگاری لە هەڵاواردن پشتیوانیان لێ دەکا.

سه ركەوێ‌خەباتى ژنان بۆ ئازادی و يەكسانیی      
پیرۆز بێ‌٨ی‌مارس رۆژی‌هاوپێوەندی لەگەڵ ژنان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ده فتەرى سياسی
٧ی مارسی ٢٠١٤
١٦ی رەشەمەی ١٣٩٢