کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان

13:20 - 17 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران، بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، رۆژی یادکردنەوە لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی ماف ویست و هەڵسووڕە کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری جیهان بۆ وەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافەکانیان کە مافی هەموو ژنێک و لەراستیدا مافی هەموو مرۆڤێکە خەباتیان کردووە. یادکردنەوە لە تێکۆشان و قوربانیدان و فیداکاریی ئەو ژنانەیە کە بە ناسینی خۆیان و دەوروبەریان، بە بیرێکی کراوە و بە روانگەیەکی قووڵی مرۆڤانەوە هەوڵیان داوە تاکوو لە رێگای گەیشتن بە مافی یەکسانی، کۆمەڵگایەکی تەندروستتر و شیاوی مرۆڤ بونیات بنێن هەتا لەو کۆمەڵگایەدا بە لاچوون و سڕینەوەی هەموو شکڵەکانی هەڵاواردن، کەرامەتی مرۆیی بۆ هەموو مروڤێک بگەڕێتەوە و بە واقیع و لە کردەوەدا نیشان بدرێ کە ژن و پیاو لە باری ماف و پێناسەی مرۆیییەوە هیچ جیاوازییەکیان نیە و جیاوازیی جەستەی نابێببێتە بیانوویەک بۆ ستەم و چەوسانەوە.
هەروەها رۆژی ٨ی مارس رۆژی رێز گرتن لە ژنانە کە وەک نیوەی کۆمەڵگا، بەشێکی قورس و گرانی ئەرکی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی و هاوڕێیەتییان لەسەر شانە و تاکوو ئێستاش بە شێوەی پێویست و دروست رێز لە رۆڵ و دەوری کۆمەڵایەتییان نەگیراوە و زۆرن ژمارەی ئەو ژنانەی کە تەنانەت لەلایەن نزیکترین کەسەکانیانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و ئەو بەناو کەسە نیزیکانە بە کەڵک وەرگرتن لە نۆرمە نادروستەکان و کولتووری نادروستی باو،دەیانەوەێوا بە ژنانی نیزیکیان بسەلمێنن کە ئەوان هەر بۆ ژێردەستە بوون و ستەم لێ کران ئافرێندراون.

رۆژی جیهانیی ژن نەک تەنیا رۆژی یادکردنەوە و رێزلێنانە، بەڵکوو رۆژێکە بۆ ئەوەی وەبیری هەموان و بەتایبەت ژنان بهێنێتەوە کە ئازادی و گەیشتن بە ماف، خەبات و گیانفیدایی دەوێ و دەبێهەموو تاکێک و هەموو کۆمەڵگایەک بە کردەوە بیسەلمێنێ کە شیاوی گەیشتن بە ئازادییە.
بەبێبەشداریی ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و لەو شوێنانەی وەکوو کوردستان کە خەبات بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەییش بەڕێوەیە، بەبێبەشداریی چالاکانەی ژنان لەو خەباتەدا هەم رێگای خەبات دژوارتر و دوورتر دەبێ و هەم ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خەبات ناتەواو دەبێ و هەم ژنان بیانوو بە دەستی بیری دواکەوتوانەوە دەدەن تاکوو پڕوپاگەندەی ناتەوانیی ژنان زۆرتر بکەن.

لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، وێڕای هەندێک رەگی کولتووری نادروست، رێژیمیش بە شێوەی سیستماتیک و بە یاسایی کراو ئەوپەڕی ستەم و سەرکوت بە دژی ژنان بەڕێوە دەبا و زیندانەکانی رێژیم پڕن لە چالاکانی ژن کە دەسبەسەر کراون. لە دوایین وێنەی ستەمکاری و دواکەوتوویی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، لە کۆنفرانسێکی جیهانی کە بۆ پارێزگاری کردن لە مافی ژنان و منداڵان لە رۆژی ١٤ی رەشەمەدا پێک هات، کۆماری ئیسلامی وێڕای واتیکان و رووسیە تەنیا وڵاتانێک بوون کە بەتوندی دژی مافی ژنان وەستانەوە.

ئەو ستەم و چەوساندنەوانەی رێژیم، بە نیسبەت ژنانی کوردەوە توندتر و دڕندانەتر دەبێتەوە و لە سەرەتای خوێندنی سەرەتایییەوە تاکوو ژیانی نێو کۆمەڵگا و تاکوو بەشداریی ژنان لە چالاکیی سیاسی یان مەدەنیدا، ژنی کورد دەکەوێتە بەردەم چەوسانەوە و ستەمێکی لەرادەبەدەر.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە باوەڕی راستەقینە و قوڵی بە یەکسانیی ژن و پیاو لە نێو کۆمەڵ و بنەماڵەدا، پێی وایە کە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی لەئێران و خەبات بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا، لەگەڵ خەبات بۆ دابین بوونی مافی ژنان وەکوو مرۆڤی هاوتای پیاو، پێکەوە گرێدراون و دابین نەبوونی هەرکام لەوانە، کۆمەڵگا تووشی قەیران و داڕمان دەکا، چونکە هەموو ئەو ستەمانە لە هەڵاواردنەوە سەرچاوە دەگرن و هەڵاواردن سووکایەتی کردن بە ئینسانەکانە.

هەرلەو پێناوەشدا بووە کە حیزبی دێموکرات لە هەر کۆڕ و کۆمەڵیکی تایبەت بە پاراستن و دابین بوونی مافی ژنان بەشدار بووە و لە دوایین هەنگاویشدا پەیماننامەی تایبەت بە پاراستنی مافی ژنان و منداڵان لە کاتی شەڕدا لە پاییزی ١٣٩١دا واژۆ کرد.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی ژن لە هەموو ژنانی ئێران و کوردستان، لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕەکانی لە بواری دابین بوونی مافی یەکسانی بۆ ژنان پێدادەگرێتەوە و پشتیوانی لە تێکۆشانی ژنانی چالاکی ئێران و بەتایبەت ژنانی هەڵسووڕ و خەباتکاری کورد دەکاتەوە.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٧ی رەشەمەی ١٣٩١
٧ی مارسی ٢٠١٣