کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی مستەفا هیجری بە بۆنەی کۆچی دوایی کریس کوچرا

22:34 - 14 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە بۆنەی کۆچی دوایی کریس کۆچرا پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

یادی کریس کوچرا لە دڵماندا زیندوو دەمێنێتەوە

نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ کریس کوچرا کۆچی دوایی کرد.


کوچرا تەمەنێکی زۆری لە ڕێگای سەفەر بۆ کوردستان و مانەوە لە ناو خەڵکی کوردستاندا تێپەڕ کرد ولەو سەفەرانەدا لەگەڵ ڕێبەری ناوداری کورد د. عبدوالرحمن قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنا دەبێ، و ئەو ئاشنایەتییە شوێندانەری قووڵ لە سەر کوچرا دادەنێ بۆ ناسینی کورد، نووسین لەسەر کورد و ئەوجارە ناساندنی کورد و خەباتەکەی بە خۆرئاواییەکان لەو سەردەمانەدا کە کورد لە جیهاندا وەک نەتەوەیەکی نەناسراو و پەراوێز خراو بوو.

ئاشنا بوونی کوچرا لەگەڵ د. قاسملوو بوو بەهۆی ئەوەی کە ئۆگرێکی تایبەتی بە خۆرهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیدا بکا. ناوبراو بێجگە لە وتار و بابەتەکانی لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی ئورووپا بەتایبەت فەرانسە و، ئامادە بوونی لەدەیان کۆڕ و سیمینار لەسەر کورد، چەندین کتێبی لەو پێوەندییەدا نووسیوە و بەم شێوەیە خزمەتێکی گەورەی بە دۆزی کورد کردووە.

بە کۆچی دوایی کوچرا کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات دۆستێکی خۆرئاوایی وەفاداری لەدەستدا، بەڵام یادی ئەم پیاوە کورد دۆستە و خزمەتەکانی بە کورد لەبیر هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر ناچێتەوە.

بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی بەتایبەت ئیدیت ی هاوسەری دەکەم کە لە کارەکانیدا یارمەتیدەرێکی بە توانای کوچرا بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری