کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

22:38 - 8 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

کرێکارانی کوردستان!

چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!


بە بۆنەی ١ی مانگی مەی(١١ی گوڵان)، ڕۆژی هاوپێوەندیی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین. لەم بۆنەیە‌دا سەرکەوتنتان لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانتان و گۆڕینی هەلومەرجی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتداریەتی و سیاسەت و قانوونەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاوات دەخوازین.

نزیکەی٤ دەیەیە، کرێکاران و چین و توێژە زەحمەتکێش و کەم داهاتەکان لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، لە سێبەری دەسەڵاتداریەتیی ڕێژیمی ئێستادا، لەگەڵ پێشێلکرانی سەرەتاییترین مافەکانیان بەرەوڕوون. کرێکاران، لە کۆمەڵگەی ئێمەش وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئەگەر چی زۆرترین پشکیان لە هەڵسووراندنی چەرخی ئاوەدانی و بەرهەمهێنان‌دا هەیە، بەڵام کەمترین داهات و دەسکەوتیان لە بەرهەمی ڕە نج و ماندوویەتیی خۆیان پێ دەبڕێ. ئەو حەقدەستەش کە بۆیان دیاری کراوە، سەرەڕای ئەوەی وەڵامدەری زۆربەی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان نیە، بە ناڕێکوپێکی پێیان دەدرێ. ئەمەش لە کاتێک دایە کە قانوونەکانی وڵات و دەسەڵات و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم، لە لایەکەوە ڕێگرن لە پێکهاتن و تێکۆشانی یەکیەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بەڕێوەچوونی مانگرتن و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی دیکە، لەو لاشەوە پشتیوانی خاوەنکار و سەرمەیەدارەکان و هەلومەرجی چەوسێنەرانەی زاڵ بە سەر کارخانە و کارگە و شوێنی کارن. جیا لەمانەش، ئاخوندە دەسەڵاتدار وئاغازادەکانیان، بنکە و بنیاتە حکوومەتییەکان، فەرماندەرانی سپای پاسداران و گەورە کاربەدەستانی حکوومەتی و دەوڵەتی، لە ئاستی سەرانسەری و لە ئاستی هەر پارێزگا و شار و ناوچەیەک‌دا بەشی هەرە گەورە، لە سەرمایەی وڵات و پڕۆژە ئابوورییەکانیان لە پاوانی خۆیان گرتووە و هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆ ڕێکخستنی کرێکاران بۆ گۆڕینی هەلومەرجی داسەپاو، بە توندی سەرکوت دەکەن.

بەو حاڵەش کرێکارانی کوردستان هیچ کات بەرامبەر ئەو بارودۆخە جەهەننەمییە کە دەسەڵاتدارانی وڵات بە سەریان‌دا سەپاندوون، بیدەنگ و بێهەڵویست نەبوونه. ڕۆژژمێری خەبات و تێکۆشان و بزووتنەوەی حەقخوازی لە کوردستان پڕە لە ناڕەزایەتی دەربڕین، مانگرتن و بەربەرەکانێی کرێکاران.

بە خۆشییەوە بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی ڕوو لە گەشەی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستانی ئێران، کۆڵەکەیەکی حاشالێنەکراو و ڕوویەکی گەشی بزووتنەوەی چینایەتی، مەدەنی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو چالاکی و کۆبوونەوە گەورانەش کە هەموو ساڵی بە بۆنەی ١ی مانگی ‌مەی، سەرەڕای دژایەتی و کەند و کۆسپ دانانی دامودەزگا حکوومەتییەکان، لە هێندێک لە شارەکانی کوردستانی ئێران پێک دێن، بە هێزی و ڕەوایی ئەم بزووتنەوەیە دەسەلمێنن.

کرێکارانی کوردستان!

یەکیەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ڕۆژهەڵات!


ئەمساڵ ئێوە لە کاتێک‌دا بە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە دەچن، کە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون بە گۆڕەپانی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی مەدەنیی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی ئەو شارانە.

دانیشتوانی شار و ناوچەکانی بانە، مەریوان، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، پاوە ، جوانڕۆ و ژمارەیەک شاری دیکە کە بژیوی بنەماڵەکانیان لە ڕێگای کۆڵبەری و کاسبیی سەر سنوور دابین دەبێ، جارێکی دیکە لەگەڵ داخرانی سنوورەکان و زنجیرەیەک یاسا و بڕیاری زاڵمانەی دیکەی دامودەزگاکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەتەوە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی شارە سنوورییەکان ڕوویەکی دیکەی خەباتی ئێوەیە لە دژی چەوسانەوە و ئەو ڕۆژڕەشی و بێبەشیانە کە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بە سەر خەڵکی ئێرانی داسەپاندوە. داواتان لێ دەکەین ئەمساڵ یەکگرتووانەتر لە هەمیشە و بە شکۆیەکی هەر چی زیاترەوە، پێشوازی لە ڕۆژی خۆتان ١ی مانگی مەی بکەن. پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ئێوە ئەوەیە وێڕای مه‌حكووم كردنی سیاسه‌ته‌ دژه‌ كرێكارییه‌كانی كۆماری ئیسلامی و دەربڕینی بێزاریی خۆتان له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌لاواردنێكی چینایه‌تی و پێداگری لە سەر داخوازەکانتان، خۆپێشاندان و کۆبوونەوە و ڕێپێوانەکانی ئەمساڵی خۆتان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران‌دا، بکەن بە سەکۆیەک بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی شارە سنوورییەکان و داخوازە ڕەواکانیان.

سەرکەوێ خەباتی کرێکاران بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
بژی هاوپێوەندی و هاوپشتیی کرێکاران و سەرجەم چین و توێژە حەقخوازەکانی کوردستان لە خەبات بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

پیرۆز بێ ١ی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپێوەندیی کرێکارانی جیهان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی
٢٨ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی