کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی شارەکانی کوردستان درێژەی هەیە

12:06 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، لە پەیامەکانیاندا پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی پڕسەروەری دێموکرات نوێ کردەوە.

دەقی پەیامەکان بەم چەشنەیە:

بە بۆنەی ٧٤ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٥ی گەلاوێژدا، ئێمە ئەندامان و ڕێڕەوانی ڕاستەقینەی دێموکرات، وێڕای جەژن و شاییدەڕبڕین، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان و کادر و پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە. لە هەلومەرجی ناسکی ناوچە کە لە حاڵی گۆڕاندایە و لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی لە هەموو کایەکانی سیاسی ناوچەدا بەرەو شکست دەچێت، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دی بەرەو قۆناخێکی هەستیار دەچێت، گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات پاش نزیک بەسەدەیەک خەبات، تاکو ئێستا چۆکی بۆ هیچ یەک لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی زاڵ بەسەر کوردستان دانەهێناوە. ئێستاش پشت بە ئامانجە نوێیەکەمان کە لە ڕاساندا پێناسە کراوە، بڕوامان توندتر لە جاران بۆ ڕزگاری هەیە، بەگیان بە ماڵ لە خزمەت ئامانجەکانی حیزبە خۆشەویستەکەمانداین

دیسان پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان دەکەین

ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شاری شنۆ

ئێمە پێشمەرگەکانی نێوشاری مەهاباد و ئەندامان و ڕێبوارانی مەکتەبی چوارچرا، یادی ٧٤ ساڵەی دامەزرانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز ڕادەگرین.

وتیان ئەمڕۆ گەلاوێژە و جێژنی ڕێبازی کوردانە

وتیان ڕاسان شایی دەکا و ئەمڕۆ چیا پاسەوانە..

وتیان کچ و کوڕی ڕاسان، سێ چین قەتارەیانداوە

چۆپی کێش، چۆپی سووڕ ئەدا و ئەمڕۆ وڵات خرۆشاوە!

وتیان ئەمڕۆ گەلاوێژە و ڕۆژی شانازی وڵاتە!

ڕۆژی باوەڕ، ڕۆژی هیوا، ڕۆژی شۆڕش و خەباتە!

وتیان ئەمڕۆ گەلاوێژە و پێشمەرگە دەگرینە ئامێز!

جێژن دەگرین، شایی دەکەین هەر ئەوانن وڵاتپارێز!

 ئێمە پێشمەرگەکانی نێوشاری مەهاباد و ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پەیامێک بڵاو دەکەینەوە وەفاداری خۆمان بە ڕێبازی دێمۆکرات دەردەبرین.

ئێمەش بە پێی ئەرکی سەرشانمان و هەستی دەروونی خۆمان، ٢٥ی گەلاوێژ لە هەموو خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری خەبات و ئەندامان و دڵسۆزانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و ڕاسانیانی خەباتی شاخ و شار و سەرجەم بنەماڵەی گەورەی حدکا پیرۆزبایی دەکەین و پەیمان نوێ دەکەینەوە تا سەر لووتکە، بێوچان لە سەنگەری شەرەف و خەباتدا بین و درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازیان بین.

تا پێشمەرگەم لە سەر پێ بێ، نەتەوەکەم سەربەرزە.

بژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

بژی ڕاسان، بژی خەباتی شاخ و شار

مەرگ و نەمان بۆ جاش و خۆفرۆشان و چڵکاوخۆرانی حکوومەتی پەت و سێدارە

بە ناوی خاکی پیرۆزی کوردستانی بن دەستم

ئێمە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرشیوی مەریوان ، پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤ـەمین  ساڵوەگەڕی دامەرزاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرجەم خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بەتایبەت ئەندامانی سەرکردایەتی حیزب، زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی، کادر و پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکان، ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب دەکەین.

هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا بەڵێن و پەیمان لەگەڵ ڕێبازی پڕسەروەریی دێموکرات و شەهیدانی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە هەتاکوو گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان لە جاران زیاتر و بەگوڕتر درێژە بە خەباتمان بدەین و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بین ، هەروەها بەڵێن تازە دەکەینەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕاسان، بە شەهیدانی ڕاسانی شاخ دەڵێین پەیامەکەی ئێوەمان پێگەیشت، ئێمەی ڕاسانیانی شار پشت و پەنای قارەمانانمان دەبین و بەڵێن ئەدەین کە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازیان دەبین.

بە خوێن و خەبات ڕێبازی دێموکرات درێژەی هەیە

ڕێبازی پر لە شانازی دێموکرات، ئەو ڕێبازەی کە قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی سەردارەکانی بوون و بەهەزاران ڕوڵەی بەئەمەگی کوردستان تێیدا گیانبازیان کردووە لەمێژە بەڕێوەیە و بەردەوامە.

ئەم ڕێبازە کە ئامانجەکەی بەختەوەری گەلی  سەربەرزی نەتەوەی کورد و ئازادی بۆ ئینسانەکانە، ڕێبازێک نییە کە حەزی لە خوێن و خوێنڕشتن بێت.

ڕێبازێکە بۆ ئەوەی خوێندان و خوێنڕێژی و خوێنمژی کوتاییان پێ بێت. ڕێبازی دێموکرات ڕێبازی پێکەوە ژیانە، بەڵام پێکەوە ژیانێکی بەختەوەرانە و بەرانبەر، پێکەوە ژیانێک نا کە لایەنێک ستەمکاربێ و لایەنێک ستەملێکراو لایەنێک باڵادەست بێت و لایەنێک کۆیلە.

ڕێبازی دێموکرات لە پێناو گەشانەوەی ژیاندایە بەڵام زۆردار و ستەمکاران و ڕێبەرانی تیرۆریستی تاران نایانەوێت خەڵک بە ئاسوودەیی بژی بەڵکوو دەیانەوێت تاکەکانی کۆمەڵگا لە سەرشۆڕی و ملکەچیدا تا کۆتایی تەمەن خەرێکی گیاندان بن .

ڕێبازی خۆبەختکردن لە پێناوی ژیانی ئاسوودەی نەوەی داهاتوودا ڕێبازی قاسملوویە و ڕێبوارانی ئەم ڕێبازە بە خەبات و گیانفیدایی تا سەرکەوتن درێژەی پێ دەدەن .

سڵاو لە ٧٤ساڵ خەباتی پڕ سەروەری

سەرکەوێت ڕاسان

 ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٤ساڵەیی دامەرزاندنی حیزبی دایک، حیزبی خۆشەویست و حیزبی کۆڵنەدەر و حیزبی ماندوونەناس و حیزبی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕی دێموکراتی کوردستانی ئیرانە. هەر بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خومان ئاڕاستەی لێپرسراوی حیزب و ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی و هەموو کادر و پێشمەرگەکانی شاخ و شار و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و بۆجارێکی تر، پەیمان نوێدەکەینەوە کە تا دوا دڵۆپی خوێنی لەشمان و تا دوا هەناسەی ژیان وەفادارین بە ئاوات و ئارمان و ئامانج و خەبات و سیاسەتی حیزبە خۆشەویستەکەمان.

 لەماوەی ٧٤ ساڵ خەباتی بێوچان، زۆر کارەساتی گەورە و دڵتەزێن و زۆر کەندوکۆسپ و نسکۆ و دابڕان بەرۆکی ئەم حیزبەی گرتووە و ڕووبارێک لە خۆین و چیایەک لە ماندوویەتی و ئوقیانووسێک ئاڕەقە و دنیایەک ماندووبونی چێشتووە و سێ ڕێبەری گەورەی وەک حەرزەتی پێشەوا و کاک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی وهەزاران ڕێبواری بەئەمەگی پێشکەش بە باڕەگای ئازادی ئەم گەلە چەوساوەیە کردووە.

ئەوەی مایەی شانازییە ئەوەیە کە بۆ چرکەیەکیش لە خەبات و تێکوشان ڕانەوەستاوە و دژ بە داگیرەر و دوژمنان وەک چیا بە پێوە بووە و سەری دانەنەواندووە،  بۆیە تا ئەو کاتەی کە کورد دەگا بە ئاوات و مافی ڕەوای خۆی، هەر ئاوا حیزبی دیموکرات قایمتر و شێلگیرتر بەردەوامە لە خەبات و شۆڕشی ڕەوای خوی. بۆیە ٢٥ی گەلاوێژ ڕەمزی خۆڕاگری و بەرگری و بەرخودانی گەلی کوردە و ئەستێرەی درەوشاوی ئاسمانی کوردستانە و هیچ کاتێک ئاوا نابێ، بۆیە ئەو حیزبە بۆتە چقڵی چاوی هەموو داگیرکەران و لە هەمان کاتیشدا خۆشەویستی هەموو چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە وهەر بۆیە هەر حیزبی دێموکرات بە حیزبی خۆمان دەزانین و سەڕ و ماڵمان لە ڕێگەی ئەم حیزبە دادەنێین.

بۆیە هەربڕیارێک کە سەرکردایەتیی حیزب بیدات بەوپەڕی دڵسۆزی و ئەمەگناسییەوە جێبەجێی دەکەین و ئەم جێژنە پیرۆزە لە هەموو تاکێکی کوردی بەشەرەف و بنەماڵەی ڕووسووری شەهیدان و زیندانییە خۆڕاگرەکانی ناو سیاچاڵەکانی کۆماری پەت و سێدارە و کەمئەندامانی سەنگەری بەرگری و ئاوارەکانی دەستی رێژیم دەکەین، بەهیوای ڕزگاری یەکجاری گەلەکەمان و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە هەموو چیا سەرکەشەکانی ڕۆژهەڵات و هەڵاتنی خۆڕی ڕزگاری کوردستان.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوگجەی سەرشیوی مەریوان