کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ زیندانیانی سیاسیی خۆراگری کورد لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا

18:04 - 25 خاکەلێوه 2718

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
(کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات)

بۆ زیندانیانی سیاسیی خۆراگری کورد لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا

زیندانیانی سیاسیی سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان!

سڵاوی خەبات و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەتان لێ بێت


بە ناوی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پەیامی ڕێز و حورمەت و پشتیوانیمان ئاراستەی ئێوە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی دەکەین کە گرتووچانە و ئەشکەنجەگاکانی ڕێژیمی داگیرکەر و کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانتان کردووەتە سەنگەرێک بۆ بە گژداچوونەوەی ستەم و داگیرکاری و هەڵاواردن.

راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە خەباتی گەلان لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و سەروەریی نیشتماندا بۆ گەیشتن بە کەناری سەرکەوتن و بەختەوەری، پێویستی بە بەشداریی چالاکانەی هەموو تاکەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگه لە رەوتی تێکۆشانی سەخت و گشتگیر و بەردەوام دایه. هەر لەو سۆنگەوە تێکۆشانی ماندوویی نەناسانەی زیندانیانی سیاسیی کورد و پابەندبوونیان بە ئامانجە بەرزە ڕەواکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە کوردستانی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتیشدا بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە پڕۆسەی خەباتی بێوچانی گەلی کورد بۆ بە چۆکداهێنانی داگیرکەری ستەمکار و پێناسەیەکی درەوشاوە بۆ ئیرادەی پۆڵایینی تێکۆشەرانی نەتەوەکەمانە کە سەروەریی نیشتمانی و پاراستی کەرامەتی مرۆیی و سڕینەوەی هەموو چەشنه ستەم و هەڵاواردنێک لە وڵاتە داگیرکراوەکەماندا کردووەتە ئامانج.

هاوخەباتانی هێژا!

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو کۆڵەکەیەکی سەرەکیی مێژووی پڕ سەروەریی خەباتی گەلەکەمان هەمیشە باوەڕێکی پتەوی بە پێویستی بەشداریی هەموو چین و توێژەکان و سێرەگرتن لە داگیرکەر لە هەموو سەنگەرەکانەوە هەبووە و خۆراگریی ئازایانەی تێکۆشەرانی ئەو حیزبەش لە زیندانەکانی هەر دوو دەسەڵاتی نگریسی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا وەکوو لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی پڕ سەروەریی نەتەوەکەماندا تۆمار کراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا حیزبی ئێمە لە قۆناغی نوێی خەباتی خۆیدا کە بە پێکەوەگڕێدانی خەبات شاخ و شار ناسراوە، لە هەوڵی ئەوە دایه که بە دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو، ڕێگا بۆ هاوئاهەنگکردنی هەرچی زیاتری هەوڵ و خەباتی هەموو لایەنەکان و چین و توێژەکان و یەک لەوانەش زیندانیانی سیاسیی سەربەرزی نەتەوەکەمان بکاتەوە و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوە کە تێکۆشانی هەموو چین و توێژەکان لە سەر ڕێڕەوی ئامانجە پیرۆزەکانی نەتەوەکەمان کاناڵیزە بکرێت.

زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگری کوردستان!

ئێمە لە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەماندا خۆمان بە پاڵپشتی خەباتی کۆڵنەدەرانەی ئێوە دەزانین و شانبەشانی ئێوە بۆ دابینبوونی مافە ڕەواکانمان تا دواڕۆژی ڕوونی سەرکەوتن، ڕادەوستین. گەیاندنی دەنگی ڕەوای مافخوازیتان بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین و شێلگێرانەتر لە جاران لەو پێناوەدا هەوڵ دەدەین. دڵنیاین کە ئێوەش وەک هەمیشە بە خۆڕاگریتان لە بەرانبەر ئەشکەنجە و ئازار و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی جەللادەکانی ڕێژیمدا ورەی دوژمن دەڕووخێنین و دێوەزمەی زیندان به چۆک دادێنین.

سڵاو لە هیممەت و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی
بڕۆخێ ڕێژیمی ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران
کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی