کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی ڕاسانی رۆژهەڵات بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب

22:26 - 27 خاکەلێوه 2718

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی ڕاسانی رۆژهەڵات بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بن سڵاوی گەرمی گۆنگرەتان پێشکەش دەکەین.

کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەمان لەژێر ناوی کۆنگرەی ڕاسانی رۆژهەڵات لە رۆژانی یەک تا چواری رەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ پاش تاوتوێ کردن و خستنە بەر باسی چەندین بابەتی گرینگ، بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو. لەو کۆنگرەیەدا زۆر بە گرینگی باس لە ڕۆڵی ئێوە لە پشتیوانیی حیزب و سەرخستنی جوڵانەوەکەمان کرا. ئاشکرایە کە هاوکاری و پاڵپشتیی ئێوە لە چەند دەیەی رابردوودا بەتایبەتی بۆ دابین کردنی هێزی مرۆیی و ماددی کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبووە.

بەڕێزان ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، هێزی مرۆیی هەر رێکخراوێک بە فاکتەرێکی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەو رێکخراوە هەژمار دەکرێت. دابین کردنی هێزی مرۆیی لێهاتوو و کارامە و پسپۆڕ لە هەموو بوارەکاندا، لە چوارچێوەی ئۆرگانیزاسێونێکی دوورە وڵاتی شۆڕشگێڕدا کارێکی ئەستەمە، بەڵام بە خۆشییەوە دەڵێین ئەو هێزە لە چوارچێوەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبدا وەکوو سەرمایەی حیزب چ لە نێوخۆ و چ لە کوردستانی باشوور و چ لە دەرەوە ئامادەیە و وجودی هەیە.

هەر بۆیەش ڕێکخستن و کەڵک وەرگرتن لە هزر و وزەی ئەو هێزە بە ڕەمزی سەرکەوتنی حیزب و شۆڕش دەزانین.

لەو سۆنگەیەوە لە لایەک کارکردن بۆ هێنانە ئارای میکانیزمێکی باش بۆ کاراکردنی ئەو هێزە مرۆییە گەورەی کە حیزبەکەمان بە هۆی پێگەی مێژوویی و دروستیی سیاسەتی ستراتێژیک و خۆشەویست بوونی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا هەیەتی، بە گرنگ دەزانین. لە لایەکی دیکەوە پاڵپشتیی ئێوە وەک هەمیشە و شێلگیرتر لە جاران لە هەموو بوارەکانی پێویست بۆ شۆڕش بە پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ سەرخستنی بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبەکەمان دەزانین.

کۆنگرەکەمان کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەنگاوێکی گرنگی بۆ گۆڕانکاری و پێش خستنی سەردەمیانەی حیزب هەڵگرتووە. لەو چوارچێوەدا بە گرنگییەکی زۆرەوە سەیری ڕۆڵی کارا و چالاکی ئێوە دەکرێت . جیا لە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە ئەرک و چالاکییەکاندا پێویستە حیزب لە ڕێنمایی و رەخنەی بە جێ لە چوارچێوەی میکانیزم و کاناڵی دیاریکراودا بێبەری نەکەن. وێڕای ئەو هەنگاوە لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەدا و بە سەرنجدان بە لوتکە گەیشتنی زوڵم و زۆری رێژیمی دیکتاتۆر کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان و داخوازی رەوا و بە حەقی نەتەوەکەمان پێویستی بە کار و تێکۆشانی هەموو لایەنەکانە و بە تایبەتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەمان وەک سەرمایەی لەبڕان نەهاتووی حیزب هەیە.

هیوادارین هەموو لایەک بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە مرۆیی و نەتەوایەتی و حیزبییە کاریگەریی ڕاستەوخۆمان لە سەرخستنی شۆڕشەکەمان هەبێت.

دیسان سڵاوی کۆنگرەی ڕاسانی رۆژهەڵاتتان ئاراستە دەکەین و هەر سەرکەوتوو بن.

سەرکەوی بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەکەمان
کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران