کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران \"کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات\" بۆ ژنانی کوردستان

22:39 - 29 خاکەلێوه 2718

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بۆ ژنانی کوردستان

خوشکان و ژنانی مافخوازی کوردستان


شازدەهەمین کۆنگرەی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە لە ڕۆژانی ١ تا ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاویدا بەڕێوە چوو؛ وێڕای پێشکەش کردنی سڵاو و ڕێزی تەیبەتی بۆ ژنانی کوردستان، ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ئێوەی لە خەبەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەروەها کاروچالاکیی شوێندانەرتان لە ڕەوتی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و بەرابەریی ژن و پیاو لە خێزان و لە کۆمەڵدا بەرز نرخاند و بە گرینگییەوە ڕوانییە داهاتووی بزووتنەوەکەتان بە تایبەت کە هەڵکشان و بەرەوپێش چوونی تێکۆشانی ژنان بۆ ماف و ئازادییەکانیان چ لە ئاستی ئێران و چ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و هیوایەکی زۆری بە ئاکامی ئەو بزووتنەوە بەخشیوە:

دیارە تێچووی ئەو بەشدارییە و ئەو چالاکی نواندنانە بۆ ژنان چ لە ئێران و چ لە کوردستان کەم نەبووە، بەو حاڵەش فشار و زەختەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژنان و درێژەدانی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانیان نەیتوانیوە هەنگاویان پێ شل بکا و لە سوور بوون لەسەر خەبات و تێکۆشان و دەنگ هەڵبڕین بۆ ماف و ئازادییەکانیان بیانگێڕێتەوە.

گرینگ ئەوەیە کە ژنان بە باشی لەو ڕاستیە ئاگادارن کە کۆماری ئیسلامی ئێران و یاسا سەرچاوە گرتوو لە باوڕە دواکەوتووەکانی هۆی سەرەکی بێ ماف و ئازادییەکانیان و دابین بوونی یەکسانی دەستەبەر دەکا.

هەر ئەوەش خەباتی ژنان بۆ ماف و ئازادی و یەکسانی لە خەباتی سەرانسەری و گشتیی کۆماڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران گرێ دەدا و لە ڕەوتی ئەو بزووتنەوەیشدا هیماکانی خەباتی ژنی کردووەتە هیمای خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواویەتی خۆیدا.

کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە لەبەرچاو گرتن و گرینگیدان بە خەباتی ژنان و وێڕای دەربڕینی پشتیوانی هەمیشەیی خۆی لە خەبات و لە ماف و ئازادییەکانی ژنان و پێداگری لەسەر یەکسانیی ژن و پیاو، ڕاسپاردەی بۆ بەڕێوەبەریی نوێی حیزب ئەوەیە کە پاڵپشتی خۆی لە ژنانی مافخواز و مافی ژن بەرینتر بکات و لە هەمانکاتدا هیوادارە بە نەمانی ڕێژیمی دژ بە مافی ژنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژنان بتوانن بە مافەڕەواکانی خۆیان بگەن و ئەوەش ئەوە دەخوازێ کە ژنان لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خۆیان و داکۆکی کاری مافەکانیان کۆ ببنەوە و هێز و تواناکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان وەسەر یەک بخەن.

لەگەڵ ڕێزی دووبارە
کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستنی ئێران
کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات