کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بۆ کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات

23:17 - 26 خاکەلێوه 2718

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بۆ کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات

کادر و پێشمەرگە فیداکار و تێکۆشەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەمان کۆنگرەی ڕاسانی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی باس و بابەتەکانی خۆیدا بە گرینگییەکی تەواوەوە سەیری کار و تێکۆشان و چالاکی نواندنی ئێوەی وەک بەشێکی بەرچاو و شوێندانەر لە بزووتنەوەی کوردستان و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کرد و بە سرنجدان بە دەوری کاریگەرتان لە راسانی رۆژهەڵات دا سڵاو و رێز و پێزانینی خۆی پێشکەش کردن. هەروەها هیواداری دەربڕی کە لە بە جێهێنانی ئەو ئەرکە قورسەدا کە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات خستوویەتە سەرشانتان سەرکەوتوو و وەک هەمیشە سەرفراز بن.

تایبەتمەندییەبەرزەکانی پێشمەرگە چ لە بواری خۆراگری و چ لە بواری سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەوە سیمایەکی وای بە ئێوە بەخشیوە کە ناو و ناوبانگتان بچێتە فەرهەنگی وڵاتانەوە و لە بیروڕای گشتیی جیهاندا بەم جۆرە پێناسە بکرێن کە هەبوون و هەن.

دیارە لە نێوخۆی کوردستانیشدا وەک پێشەنگی ئەو خەباتە کە لە پێناو وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی کورد لە ئارادایە ناسراون و هەربۆیەش خاوەنی جێگە و پێگەیەکی زۆر دیار و بەرچاو لە خۆشەویستی و پاڵپشتی کردنن.

کۆنگرەی شازدەهەم، کۆنگرەی ڕاسانی رۆژهەڵات دڵنیایە کە ئێوەی تێکۆشەر بە پاراستنی تایبەتمەندییە بەرزەکانتان و بە گرینگیدان بە دیسیپلینی ئاگاهانە و کردەوەی پێشمەرگانە پارێزەری حورمەتی خۆتان و خاک و خەڵکی کوردستان بن. وەک هەمیشە بە سەمبولی فیداکاری، گیان لەسەر دەستی و چاونەترسی بمێننەوە. ئێوە ئەگەر دەبینن کە حیزبە تێکۆشەر و بە پرنسیپ و خۆش ناوەکەتان خاوەنی ئیعتبار و گرینگی لە رادەی نێونەتەوەیی و ناوخۆییە کە بەشێکی بۆ سیاسەتی دروست و واقعبینانە و پشتیوانی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان دەگرێتەوە کۆڵەکەیەکی دیکەی بەرهەمی فیداکاری و نەقشی شۆڕشگێرانە و فیداکاریەکانی ئێوەیە. هەربۆیەش کۆنگرە لەو بڕوایەدا بوو کە لە هەلومەرجی پڕ هەستیاری هەنووکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە لە هەموو بوارەکاندا ئەو ئامدەگییە بەمجۆرە کە پێویستە هەبێ و ئەو کۆڵەکەیش کە کادر وپێشمەرگە پێکی دێنێ لەوەش قورس و قایمتر بێ.

جارێکی دیکە سەرکەوتنتان، تێکۆشانی بەردەوامی بە بەرنامەتان بۆ بە ئاوات دەخوازین
سڵاو لە ئیرادەی پوڵایین و پێشمەرگانەتان
سڵاو لە پێشمەرگە یادگاری کۆماری کوردستان و باسکی بەهێزی گەل

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆنگرەی شازدەهەم