کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی ۱٦ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ نەتەوە ژێرستەمەکانی ئێران

15:51 - 7 بانەمەڕ 2718

پەیامی کۆنگرەی ۱٦ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات) بۆ نەتەوە ژێرستەمەکانی ئێران

کۆنگرەی ۱٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سڵاو و ڕێزدانان بۆ خەبات و تێکۆشانتان، لە کاتێکدا بەرێوەچوو کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری بەناو ئیسلامی زیاتر لەهەرکات لە سەرکوت و زەبروزەنگ و ئەشکەنجە و ئێعدام بەردەوامە و نەتەوەی کورد و هاوچارەنووسەکانی، کە نەتەوە ژێر دەستەکانی ئێرانن، پشکی شێریان لەو ستەم و بێدادییە بەرکەوتووە. لەبەر ڕووناکایی ڕاپۆرتی سیاسیی پەسندکراوی کۆنگرەی حیزبەکەمان و شرۆڤە و لێکدانەوەی ئەندامانی کۆنگرە، زیاتر لە هەرکات ئێمە نەتەوەکانی کورد، تورکی ئازەری، بەلووچ و عەرەب و تورکمەن، پێکهاتەی سەرەکیی وڵاتی پان و بەرین و موزاییکی ئێران پێویستمان بە هاودەنگی و یەکگوتارییە. هەموو لایەک ئاگادارن کە نەتەوەی کورد و حیزبی دیمۆکرات هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێزیان لە داوا ڕەواکانی هاووڵاتیانی ئێران گرتووە و کوردستانی ئێران وەک سەنگەری دێموکراسی و پارێزەری کەرامەتی مرۆڤ ،باوەشی ئاواڵا بووە بۆ سەرجەم ئەو گەل و نەتەوانەی سیاسەتی بیر سەدەنێوەڕاستی کۆماری ولایەتی فەقیهی ئاوارە و دەربەدەری کردبوون. کۆنگرەی ۱٦ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئێوە رۆڵەکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران داوکارە زیاتر لە هەرکات لە ڕاستای گەیشتن بە ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابین بوونی مافەکانمان لە ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵ بە هەنگاوی کردەیی و هاوکاری و هاودەنگی کۆتایی بەو نەهامەتیانە بهێنین. راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئێمە و ئێوە پێکەوە زیاتر لە هەر کەس و لایەک هەست بەو ئازار و ستەمانە دەکەین کە سیستماتیک و بە بەرنامە لە لایەن دەسەڵاتی حاکمەوە بۆ سڕینەوە و ئاسیمیلاسیۆنمان بەڕێوەدەچێ، بۆیە تەنیا و تەنیا خۆمانین دەتوانین لە راستەڕێی خەبات و تێکۆشانماندا چەمکی نەتەوەی ژێردەست بۆ هەمیشە لە ئەدەبیاتی سیاسیمان بسڕینەوە و بۆ هەتا هەتایە هەست بە سەربەرزی و شکۆمەندی بکەین. ئێوەی تێکۆشەر و حیزبە سەربەرزەکانتان لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، هاوڕێ لەگەڵ ئێمە لە حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی داین لەم برگە لە خەبات و تێکۆشانمان کە جارێکی دیکە ڕێگا نەدەین دەسکەوتی شۆرش و قوربانیدانمان وەک ساڵی ٥۷ی هەتاوی بەتاڵان ببرێ.

سڵاو لە ئیرادەی پۆلاینتان بۆ دژایەتی ستەم و ژێردەستەیی
سەرکەوێ خەباتی هاوبەش و یەکگرتوومان
کۆنگرەی ۱٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٤ی ڕەشەمەی ۱۳۹٦ی هەتاوی