کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی ۱۶ی حیزبی دێموکرات بو لاوانی کوردستان

23:02 - 30 خاکەلێوه 2718

پەیامی کۆنگرەی ۱۶ی حیزبی دێموکرات بو لاوانی کوردستان

لاوانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری کورد


لە لایەن کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکرات کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتەوە، سڵاوی گەرمی شۆڕشگێڕانەتان پێشکەش دەکەین و ئاواتەخوازین لە بەرەنگاربوونەوەی زۆرداری و خەبات بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر سەرکەوتوو بن. کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەمان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پشتیوانی لە خەباتی لاوان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانتان دەکا و لەو پێناوەدا هاوپشت و هاوکارتان دەبێ. لاوان وەک هێزی بزوێنەر و بڕبڕەی پشتی خەبات دژی داگیرکاری بۆ بەدەست هێنانی مافە رەواکانیان، رۆلی سەرەکی لە گەشە و بەرەو پێش بردنی خەبات دەگێڕن. هەربۆیە خەباتی نەتەوەیی بە بێ بەشداری چالاکانەی لاوان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکان ئەستەم دەبێ. لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی ئەم رێژیمە پەرەی سەندووە، ئەرکی سەر شانی لاوان بۆ بەشداریی زیاتر لە خەباتی شار و شاخدا قورستر دەبێ و لاوان وەک بزوێنەری سەرەکیی خەبات دژی زوڵم و زۆرداری دەبنە کاتالیزۆری سەرخستنی خەبات لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان. هەر بۆیە ئێمە رۆڵی لاوان وەک هێزی سەرەکی بۆ گۆرینی سیستمی چەقبەستوو و نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سیستمێکی کراوە و دێموکراتیک بۆ دابین کردنی داهاتوویەکی گەش بەرز دەنرخێنین و لەو ڕاستایەدا کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەمان پشتیوانی خەباتی ئێوەیە و سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازێت.

کۆنگرەی ۱۶ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران