کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات بۆ کۆمەلگای مەدەنی

14:46 - 5 بانەمەڕ 2718

پەیامی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات بۆ کۆمەلگای مەدەنی

وێڕای سڵاو و ڕێزی هاوخەباتی

مێژووی خەباتی شار کە زیاتر لە چوارچێوەی چەمکی خەباتی مەدەنیدا خۆی پێناسە کردووە، ئەزموونێکە پڕ لە چەندەها وانەی گرنگ و خەساری جیدی کە بەسەرکردنەوەی هەردووکی ئەم جەمسەرانە و لێوردبوونەوەیان، بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا کە سیاسەت لەسەر شەقامدا سەری هەڵداوەتەوە، نەتەنیا ئەتوانێ ڕێپیشاندەر بێ بۆ داهاتووی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی کوردستان، بەڵکوو زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگریشە. بێگومان بە بێ ناسین و تێگەییشتنی هاوکات لە وانە و خەسارەکانی خەباتی شار دەستنیشانکردنی ئاسۆیەکی باوەڕپێکراو و کرداری لەبەردەم سبەینێی بزاڤی کۆمەڵگادا نامومکین ئەنوێنێ.

یەکەمین وانەی خەباتی مەدەنیی شار بریتییە لە توانای خۆڕێکخستن و ئۆرگانیزاسیۆنی کۆمەڵگا لە دووتوێی دەسەڵاتێکی داخراو و لە نەبوونی ئاشکرای هێزە سیاسییە سەرەکی و خەباتگێڕەکانی کوردستاندا.

ئاشکرایە هەندێ بۆشایی لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا ئەبینرا کە چالاکانی فەرهەنگی و هونەری و ئەدەبیی نێوخۆ هەوڵیان ئەدا نەهێڵن ئاکامی ئەو کەلێن و بۆشاییانە ببێتە نسکۆی تەواوی هەرچەشنە خەباتێک لە بەستێنی شاردا، هەر بۆیە سەرەڕای هەموو گوشار و هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ بەربەست دروستکردن لە بەردەم ئەم چالاکانەدا، جێگای خوشحاڵییە کە ڕەوتێک لە خەباتی نێوخۆ لەدایک بوو کە تا ئێستا بە چەندەها ئاقار و بەستێندا تێپەڕیوە: لە ئەدەبیاتەوە تا چاپەمەنی و چالاکیی خوێندکاری و ژینگەپارێزی و ... .

دەسکەوتێکی دیکەی خەباتی شار دروستکردنی پێوەندییەک بووە لە نێوان نەوەکانی دوای شۆڕشی ئێران و بەتایبەت نەوەکانی پاش دەیەی شەست لەگەڵ مێژووی خەباتی کوردستاندا و لەوێوەش کردنەوەی دەلاقەیەک بەڕووی بەرهەمهێنانەوەی ئەکتی کۆمەڵایەتی لە هەموو ڕەهەند و لایەنەکانیدا. بێگومان ئەگەر ئاوا ناوکۆ و ناوبژییەک نەبوایەت ئیمکانی داماڵینی هەرچەشنە ئەکتێکی کۆیی و گشتی و بەو پێیەش پاسیڤبوونەوەی سەرتابەری کۆمەڵگا بۆ دەسەڵات گەلێ سادەتر و مومکینتر ئەبوویەوە. ئاشکرایە ئەمەش مانای ڕووتبوونەوەی کۆمەڵگا لە هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی کرداری لە ئاست حکوومەتدا و ڕێگاچۆڵکردن بۆ داسەپاندنی هەرچی زیاتری دەسەڵاتەکەی بەسەر کۆمەڵگادایە.

بەڵام لەپاڵ ئەمانە و چەندەها دەسکەوت و لایەنی پۆزەتیڤی دیکەدا، چالاکیی نێوخۆ تووشی هەندێ خەساریش بووە کە بۆ بەرەوپێشچوونی باشتری ئەم چالاکییانە پێویستە خەسارەکان بناسرێن و بسڕدرێنەوە.

ڕەنگە یەکەمین و جیدیترین خەساری کۆمەڵە چالاکییەکانی شار دوورکەوتنەوە بێ لە سیاسەت، بەو مانایە کە زۆربەی ئەو کار و کردەوانەی لە دووتوێی خەباتی مەدەنیدا بە ئەنجام دەگەیەندرێ، کاری سیاسی نەبوون. بێگومان ئەمە بە مانای ناپێویستبوونی کاری غەیرەسیاسی نییە، بەڵکوو ئاراستەی ڕەخنەکە ئەو شوێنە دەگرێتەوە کە سیاسەت لە مەیدانی کرداری کۆمەڵایەتی دەردەکرێت و ئەو پێگە بونیادییەی خۆی لەدەست دەدات کە تەنیا خۆیەتی کە دەتوانێ هەڵگری ئەرکەکانی بێ. ڕەنگە هۆکاری بەشێک لەم خەسارە، گوشاری دەسەڵات و داخرانی فەزا و بردنە سەرەوەی ئاستی هەزینەی کاری سیاسی بێ، بەڵام جۆرە کەمتەرخەمییەکیش لە ئاست سیاسەتدا لای هەندێ لە چالاکانی نێوخۆ گەڵاڵە بووە کە خۆڕسک و لە هەمان کاتدا پڕخەسارە و شایانی خستنە بەر باسە.

ئێستا کە کۆماری ئیسلامی گەشتۆتە بنبەستێکی جیددیو وادیارە ڕێگای گەڕانەوەی نییە، بەهێزترکردنەوەی خەباتی شاروشاخ سەرەکیترین ئەرکێکە دەبێ جێبەجێ بکرێ و لە پێناوی بەربڵاوکردنەوەی ئۆرگانیزاسیۆنی خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگادا هەرشتێک پێویست بێ دەبێ بە ئەنجام بگەیەندرێت. دواجار هەمان ئەو چالاک و چالاکییانەیە، کە کۆمەڵانی خەڵک بانگهێشتی سەرشەقام دەکەن و هەوڵی ئۆرگانیزاسیۆنیان دەدەن. ئەمەش مانای گەرەنتیکردنی داهاتووی دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی و کردنەوەی ئاسۆیەکی ڕوونترە لە بەردەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا.

لێرەوە و لەم سۆنگەوە، خەباتی شار لە شکڵی خەباتی مەدەنیی لە کۆمەڵگەدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە و پشتبەستوو بە خەباتی شاخ و بە پشتیوانی شاخ لە شار، ئاسۆی سەرکەوتنی خەباتی شار و شاخ و چەمکی ڕاسانی رۆژهەڵات ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە و دەبێتە ئەو پێگەیەی کە کوردی ڕۆژهەڵاتی پێ دەناسرێتەوە و پێناسە دەکریت.