کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامانی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی مێراو

10:29 - 27 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئەندامانی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاوایی مێراو، سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە بۆنەی ۲۶ی سەرماوەز پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

نەسرەوتن تا سەرکەوتن!

پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی سەنگەری شەرەف!

قارەمانانی پاراستنی کەرامەتی نەتەوەی بندەستی کورد و سەرجەم مرۆڤایەتی!


ئێمە وەکوو ئەندامانی ڕێکخستنی نهێنیی حدکا لە ئاوایی مێراو، مەکۆی هەمیشە دێموکرات، بە نوێنەرایەتی سەرجەم خەڵکی ئاوایی مێراو و بەتایبەت لاوانی دڵگەرم و پاڵپشتی پێشمەرگە، بە بۆنەی ڕۆژی پڕشکۆی ۲۶ی سەرماوەز، ڕۆژی پیرۆزی دوو هێمای ناسنامەیی نەتەوەیی کورد، ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی هەموو هاوسەنگەرانمان لە شاخ و شار، هەموو خەڵکی بەشەرەف و نیشتمانپەرەو و پێشمەرگەدۆستی کوردستان دەکەین.

هاونیشتمانیانی بەڕێز، ئازایەتی و لەخۆبردووییی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرتاسەری کوردستان بەرانبەر بە دوژمنان و داگیرکەران و تێرۆریستان نەک تەنیا لە مێژوودا تۆمار کراوە، لە دڵ و بیری هەموو تاکێکی کوردی دڵسۆزدا ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، بۆیە ئێمە وەکوو ئەندامانی حدکا لە ئاوایی مێراو، پێمان وایە کە بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیداییی پێشمەرگە، هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پێشمەرگەیە و دەبێت سات بە سات سەری ڕێز و نەوازش بۆ هێزێک دابنەوێنین کە بووەتە هێمای ئاشتیی جیهانی و جێگای خۆیەتی کە کڕنۆشیان بۆ بەرین.

لێرەوە سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە دەنێرین بۆ پێشمەرگەکانی سەنگەری ڕاسانی ژیانەوەی نەتەوە چەوساوەکەمان لە شار و شاخ، داگیرکەران دڵنیا دەکەینەوە تاکوو کوردێک هەبێت، ناکەوێت ئاڵای هەردەم شەکاوەی کوردستان چۆنکە پێشمەرگە پارێزەریەتی.

بەهیوا و ئاواتی سەربەرزی و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراو لە ژێردەستی گەورەترین سەرچاوەی تیرۆریزمی جیهانی، ڕێژیمی دیکتاتۆری مەلای ئێران و هەروەها یەکگرتنی هەموو هێزەکانی نەتەوەی کورد و سەرکەوتن و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا.

ئەندامانی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوایی مێراو ــ ژاوەرۆی سنە