کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی خوێندکارێکی کورد خەڵکی شاری سنە نادیارە

18:02 - 11 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: خوێندکارێکی کورد کە بە دەستی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی،عێرفان ساعدپەنا هاوکات لەگەڵ ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەوروز، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە کە هەتا ئێستە چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عێرفان ساعدپەنا، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیراوە و هەتا ئێستە تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ڕوون نەکراوەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: بنەماڵەی ساعدپەنا، بۆ زانینی زانیاری لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیان، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتییان کردووە، بەڵام ئەم ناوەندە ئیتلاعاتییە ڕێگەیان نەداوە کە لەگەڵ کوڕەکەیان چاوپێکەوتنیان هەبێت و هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکرانی بە بنەماڵەیان نەداوە و تەنیا ڕایانگەیاندووە کە چەند ڕۆژێکی دیکە میوانی ئەوان دەبێت.

عێرفان ساعدپەنا، خوێندکاری ‌قۆناغی کارناسی باڵا لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی خارەزمی تارانە و مامۆستای زمانی کوردییە لە شاری سنە و هەتا ئێستا، دوو بەرهەمی ناوبراو لەو بوارەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەوروز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە نەوروزیخاکی پۆشەکان ناودێر کرابوو، ڕێگری زۆری درووست کرد و دەیان چالاکی کورد لەم پیوەندییەدا دەسبەسەر کران کە چارەنووسی بەشێکیان هەتا ئیستا ناڕوونە.