کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی سێ زیندانیی کورد لە گرتووخانەکانی ڕێژیمدا ناڕوونه

23:37 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سێ هاوووڵاتیی کورد، لە گرتووخانەی ڕێژیمی ئێراندا لە شارەکانی بۆکان و سنە چارەنووسیان ناڕوونە و لە چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی دادگادان.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی "جەماڵ یووسفی" خەڵکی گوندی "موشیرئاوا" و "حوسێن ئیبراهیم‌حەمزە" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" سەر بە شاری بۆکان، سەرەڕای تێپەرێنی دوو ساڵ لە دەسبەسەرییان، چارەنووسیان هەتا ئێستە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، کە لە گرتووخانەکانی ڕێژیمدا لە شاری بۆکان ڕاگیراون و ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لە ماوەی دەستبەسەرکرانیان هەتا ئێستە لە بوونی "پارێزەر" بێبەرین.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ زۆرەملێی دانپێنانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ئازار و ئەشکەنجە ڕۆحی و ڕەوانیانیان داوە.

لە لایەکی دیکەوە، زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوی "حەیدەر قوربانی" کوڕی عەلی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە چارەنووسی ناڕوونە و دۆسیە قەزایییەکەی ڕەوتی ئاسایی خۆی تێنەپەڕاندووە.


هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم کۆتایییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاریی بۆ "تێرۆر" کردنی چەند کەسێک لە دەستوپەیوندییەکانی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و مەحکووم کردووە.


مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تەلەفزیۆنی ئینگلیزی زمانیی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدئۆیەکی دێکومێنتاری بە ناوی "رانندە مرگ"، بەشێک لەو فیلمە دانپێنانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.