کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنی سەردانی خولقێنەری دارەپیرەیان کرد

19:16 - 8 جۆزەردان 2718

 کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە، سەردانی شاعیری بەناوبانگی کورد جەلال مەلەکشایان کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چالاکانی مەدەنیی شاری سنە به ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنه و بە سەردانی ئەو شاعیرە کوردە ،وەفا و ئەمەگناسی خۆیان بەرانبەر بە جەلال مەلەکشا، شاعیری نەتەوەیی کورد و خەڵکی شاری سنه که به هۆی جەڵتەی دڵ لەم نەخۆشخانەیەدا بەسەر دەبات، دەربڕی.

جەلال مەلەکشا شاعیرێکی خەڵکی شاری سنەیە که چەندین جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت کراوه و کەتووەتە بەر لێپرسینەوە و ئازارەکانی ئەوان.

چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام سەردانی ئەو شاعیرە کوردەیان کردووه و وەفاداری خۆیان بەرانبەر به چالاکی و نیشتمانپەروەری مەلەکشا دەربڕیوە.

بەهاری ساڵی ١٣٩٤ لە لایەن چالاکانی شاری سنەوە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن له مەلەکشا ڕێکخرا که بەکرێگیراوانی ڕێژیم به بیانووی دانانی بۆمب پێشیان به بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە گرت، ئەمە لە حالێکدا بوو کە پێش لە ڕێکخستنی ئەم ڕێوڕەسمە، لە کۆڕی پێشکەشکردنی یەکەمین خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی کورد لە سنە، مەلەکشا به خوێندنەوەی شێعری "دارەپیرە" و پاش وتنی دێڕی "بە شەپان و به تێهەڵدان، فڕێی دایە نێو زبڵدان" ڕوو بە خەڵکەکە ئەوەی به چارەنووسی جاش و سیخوڕەکانی ڕێژیمی ئێران زانی.