کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنیی ئیلام پشتیوانی خۆیان له ڕامین حوسێن‌پەناهی دەربڕی

13:03 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ پێشگرتن له بەڕێوەچوونی سزای لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، کۆمەڵێک له چالاکانی مەدەنیی شاری ئیلام، سەردانی بنەماڵەی ئەم زیندانییه کورده‌یان کرد.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆمەڵێک له چالاکانی ئیلامی، به ڕۆیشتن بۆ ماڵی باوکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، پشتیوانی خۆیان له چالاکییه خەڵکییەکان لە پێناو نەمانی سزای لەسێدارەدان بۆ ڕامین دەربڕی و ئەوەیان بە ئەرکی خۆیان زانی، که بۆ وەدەستهێنانی مافی ئازادیی ڕامین، لە هەموو ڕێوشوێنه ڕەواکان کەڵک وەربگرن.

ئەم چالاکه ئیلامییانه جەختیان کردەوە، که کەس ناتوانێ مافی ژیان به ئاسانی و به هەر بیانوویەک له مرۆڤەکان وەربگرێت.

بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی لەم چاوپێکەوتنەدا، دەسخۆشیان له بوون و پشتیوانی ئەم چالاکانه له کوڕەکەیان کرد و هەروەها ڕێزیان له پشتیوانیی چالاکانی کورد و چالاکانی مافی مرۆڤ له هەموو دنیادا گرت و هاوخەمی و پشتیوانیی ئەوانیان به هەوێنی سوکنایی بنەماڵەکەیان زانی.

هەر لەم پێوەندییەدا، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی به دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک داوای کرد، به زووترین کات دژ به ئەم حوکمە هەوڵ بدرێت. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوه، حوکمی لەسێدارەدان دوابه‌دوای دادگاییکردنێکی ناڕەوا و پاش چوار مانگ بێسەروشوێنی ڕامین، بە سەریدا سەپاوە.