کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠٠ چالاکی مەدەنی لە مەهاباد، نامەیەکی سەرئاوەڵایان بڵاو کردەوە

17:57 - 28 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی شاری مەهاباد، بەنیسبەت هەڵبژاردنی شۆرای شار نیگەرانن و دژی هەڵبژاردنی شۆرایەکن کە لە کارنامەی کاریی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ٣٠٠ چالاکی مەدەنی و باوەڕپێکراوی شاری مەهاباد لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان لە پارێزگاری ڕێژیمی ئێران لە ورمێ کردووە کە "کامران فاتێح"، وەک شارەداری ئەو شارە دیاری نەکات.

لەو نامەیەدا هاتووە: "بەپێی ئەوەیکە کامران فاتێح پێشتر شارەداری پیرانشار بووە و لەو پۆستەدا سەرکەوتوو نەبووە، ئێمەش بەو ئاکامە گەیشتووین کە ناوبراو بژاردەیەکی باش بۆ شارەداریی مەهاباد نییە".

بەپێی هەواڵیک که پێشتر بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتبوو، ژمارەیەک لە ئەندامانی شۆرای شاری مەهاباد، بە ڕێککەوتن دەیانەوێت مۆرەیەکی دەسنیشانکراوی سەر بە ڕێژیم، بە ناوی " کامران فاتێح"، وەکوو شارەداری داهاتووی مەهاباد دەسنیشان بکەن.

خەڵکی مەهاباد بەم کارە ناڕازین و ناڕەزایەتیی خۆیان لەمبارەوە دەربڕیوە.

"کامران فاتێح" پێشتر شارەداری پیرانشار بووە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا میلیاردها پارەی لە گیرفانی خەڵک دەرهێناوە؛ خەڵکی پیرانشاریش ڕێژەیەکی بەرچاو بەڵگەیان سەبارەت بە گەندەڵییەکانی بۆ پارێزگا ناردووە، بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبووە.