کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦٠ چالاکی مەدەنی لە هەمبەر سەرکوتی چالاکانی مەدەنی و سیاسی، ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:55 - 21 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ٢٦٠ چالاکیی مەدەنی و مافی ژنان لە ئێراندا لە بەیانییەک سەبارەت بە سەرکوتی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی ناڕزایەتییان دەربڕی.

چالاکانی مەدەنیی نێوخۆی ئێران لە بەیانییەکدا لە هەمبەر سەرکوتی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان کردووە کە هەموو زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی بێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێن.

نووسەرانی ئەم بەیانییە تیشکیان خستووەتە سەر ڕەوتێک کە لە حاڵی پەرەگرتندایە وەکوو: "بانگهێشتی چالاکان بۆ ناوەندە حکوومەتییەکان، پشکنینی ماڵەکانیان، دەسبەسەرکردنیان بە تۆمەتی وەپاڵدراو و  تێکشکاندنی کەسایەتیی چالاکان لە ڕێگای میدیاکانەوە پێش لە دەرکردنی حوکمەکەیان".

هەروەها سەبارەت بە مافە پێشێلکراوەکان و بێبەریکردنی زیندانییان لە مافە سەرەتاییەکان وەکوو: "مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان لە زیندان، پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، پێدانی مورەخەسی، بارمتەی قورس و نەگونجاو لەگەڵ تۆمەتی کەسانی دەسبەسەرکراو و..."، لەو گوشارانەن کە بەسەر چالاکانی زیندانیکراودا سەپێندراوە.

ئەم ٢٦٠ چالاکە مەدنییە، باسیان لە کێشە نێوخۆییەکانی وەکوو کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و  پەرەگرتنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی ڕانت و گەندەڵییەکان کردووە و وتوویانە کە هەر ڕۆژە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک پەرەدەستێنێت، بەڵام دەسەڵاتداران جگە لە گوشار خستنە سەر توێژە جیاوازەکانی خەڵک و چالاکانی مەدنی و سیاسی و زەوتی مافی کۆبوونەوە و پیکهێنانی ڕێکخراو، هیچ وڵامێکیان نەبووە.