کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی قارەمانانی دێموکرات، بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە

13:26 - 26 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی کار و چالاکییەکانیاندا، بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور شەرفکەندی و هاوڕێیانی، لە چەندین شار و گوندی کوردستانی ئێراندا، تراکت و پۆستێر و وێنەی دوکتور شەرەفکەندییان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تێرۆرکردنی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر و نووسینی دروشم، چالاکیی تەبلیغییان لە شار و ناوچەکانی کوردستاندا ئەنجام دا.

قارەمانی دێموکرات لە شاری شنۆ، لە گردی مێژوویی ''دنخە'' و گوندەکانی دەروبەری ئەو شوێنەوارە مێژووییە و هەروەها لە گوندی ''بێژاوێ'' و گوندەکانی دەوروبەری شاری شنۆ، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەڵماس و ناوچەی قوتوری سەر بە شاری خۆی، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا.

لەم چالاکییەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات لەنێو شاری سڵماس و لە  ناوچەی قوتوور و لە گوندەکانی ''بابکان'' و ''سیلاب''، هەروەها لە ''پردی قوتوور بۆ دەروازەی سنووریی ڕازی''، زیاتر لە ٣٥٠ تراکت و پۆستێریان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها ڕۆڵە بە جەرگەکانی دێموکرات، بە بۆنەی  ٢٦ی خەرمانانەوە، لە شوێنە جیاجیاکانی شاری سنە، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر بەم بۆنەوە قارەمانانی دێموکرات لە شارەکانی نەغەدە و پیرانشار، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٦ی خەرمانان و هەڵدانی ئاڵای کوردستان، یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت و ئەو جینایەتەیان مەحکووم کرد.

ئەو شوێنانەی چالاکیی لێ ئەنجام درابوون بریتین لە: "نێوان گوندی شاوەلە و شارەدێی پەسوێ، دەشتە قورێ، کانی بداغ، کانی باخ، کێلە سیپان، خورینج و جادەی مەهاباد- پسوێ".

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، بە نووسینی دروشمی ''دوکتور سەعید، شکۆیەک لە باوەڕ و پیناسەیەک بۆ خەبات''، یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، قارەمانانی دێموکرات لە ''پارکی کەوسەر''ی شاری سەقز، بە بۆنەی ساڵیادی تێرۆرکرانی ڕێبەری گەورەی گەلی کورد، شەهید دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی لە بێرلین، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستیری تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها ئەندامانی تیکۆشەری حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغیی، یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت و بۆ جارێکی دیکە بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران دەربڕی.

هەر بەم بۆنەوە ڕۆڵە چاونەترسەکانی دێموکرات لە گوندی ''نییەر''، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و نووسینی دروشم، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی تیکۆشەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە شاری پاوە، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، یادی شەهیدانی میکۆنۆسیان بەرز ڕاگرت.