کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تێکدەرانەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستدا لە لایەن ئامریکاوە تاوتوێ دەکرێت

16:17 - 11 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: چالاکییەکانی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕیژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئامریکاوە تاوتوێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، چالاکییەکانی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا تاوتوێ دەکات.

ئێد ڕۆیس سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە چالاکییە تێکدەرانەکانی سپای پاسداران و ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا دەخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

ڕۆیس لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران، تۆکمەتر لە جاران لە سووریەدا شەڕ دەکات و توندوتیژیی زیاتر لە وڵاتانی یەمەن و چەند وڵاتی دیکە دەنێتەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێژیمی ئەسەد، بووەتە هۆی ئەوەیکە داعش زیاتر بەهێز بێت.

ئێد ڕۆیس لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە بە لابردنی گەمارۆئابوورییەکان لەسەر ئەو وڵاتە، دەیان میلیارد دۆلار پارە دەخرێتە دەست سپای پاسداران و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە دەستی ئەو ڕێژیمە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە ئاواڵەتر بێت.

سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئامریکا متمانەیان بە ڕێژیمی ئێران نیە و لە دانووستان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ناڕازین.