کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەردەوامە

11:51 - 28 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەنجامدانی چالاکی بەرینی تەبلیغی لە چەندین شاری کوردستان بە پێشوازی ٢ی رێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە چوون.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری سەقز شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی بەفرانبار بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان، لۆگۆی تایبەتی هێزی پێشمەرگە، پووستێری تایبەت بە ڕاسان و وێنەی شەهیدان پێشەوای مەزن و دوکتور قاسملوو، ئەمەگناسی خۆیان بۆ جارێکی تر بە ڕێبازی پێشەوای گەل دووپات کردەوە.

ئەو شوێنانەی کە چالاکییەکانی تێدا بەڕێوە چوون بریتین لە: گەڕەکی گوڵان، دەوروبەری کانی دایە مەلێعە، گەڕەکی ساڵح ئاوا، کۆڵانەکانی قوتابخانەی ئەحمەدی ساکت، قوتابخانەی حاجی ڕەحیم ساکت، دەوروبەری مزگەوتی ساڵح ئاوا، گەڕەکی کەریم ئاوا، کۆڵانەکانی پشت شەقامی ١١٥.

هاوکات تێکۆشەرانی دێموکرات لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ بە شێوەی بەرین و بەربڵاو شەوی ٢٧ لەسەر ٢٨ی بەفرانبار وێڕای بڵاوکردنەوەی پووستێر و تراکتی تایبەت بەم بۆنە بە نووسینی درووشمی شۆڕشگێڕانەی وەک پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان، راسان بەردەوامە، بژی حیزبی دێموکرات پەیمانیان لەگەڵ ئارمانجەکانی کۆمار نوێ کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەدان بە ڕاسان و خەبات لە دژی زۆرداری دەربڕی.