کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستاندا بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، درێژەی هەیە

12:16 - 28 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لە درێژەدانی چالاکییەکانیان بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ٢٦ لەسەر ٢٧ی خەرمانان، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی کە لە شاری مەهاباد چالاکیی تەبلیغیی تێیدا ئەنجام دراوە بریتین لە: ''باخی میکاییل، پارکی خەبەرنگار، پردی کۆبانی، تەپەی قازی، سیلوو و پارکی بەرانبەری سیلوو، فەلەکەی نەماز، مزگەوتی سوور و دەوروپشتی زانکۆی ئازاد، ڕێگای نێوان مەهاباد - بۆکان و سێڕێیانی گوندی دەرمان و قزڵجە".

هەر بەم بۆنەوە، تیکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بۆکان، بە نووسینی دروشمی: ''دوکتور شەرەفکەندی شکۆیەک لە باوەڕ؛ شەهید، ڕێگات درێژەی هەیە و نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتدا دەژین''، یادی ئەو ڕۆژیان بەرز ڕاگرت و چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان لە گوندەکانی: '' سەوزی، سەرچنار، خەتایی و گردەڕەش"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور شەرەفکەندی، یادی شەهیدانی میکۆنۆسیان بەرز ڕاگرت.

هەرلەم پەیوەندییەدا، ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات، شەوی ٢٦ی خەرمانان،  لە گوندی ''دەرکێـ''ـی مەریوان، بە بۆنەی ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندیی نەمر، بە نووسینی دروشم و کێشانی ئاڵای کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر بەم بۆنەوە، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەریوان، یادی دوکتور شەرەفکەندیی نەمریان بەرز ڕاگرت و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێکردەوە.

هەروەها، قارەمانانی دێموکرات لە شاری سەقز، لە مەیدانی دوکتور قاسملوو، بە نووسینی دروشمی "بژی ڕاسان و بژی پێشمەرگە"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.