کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان نیشتمان دەڕازێنێتەوە

13:28 - 22 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: چالاکییە تەبلیغییەکانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی ٢٥ی گەلاوێژ بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شارەدێی هەمیشە دێموکرات و خۆڕاگری "نێ"، سەر بە شاری مەریوان، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی ڕەنگینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کێوی "میراجی"، زاڵ بە سەر ئاواییەکانی ناوچەی "بەری بەگزادە"، ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

هەروەها ڕۆژی  شەممە، ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ و لە چالاکییەکی دیکەدا لە شاری "مەریوان"، ژمارەیەک تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شوێنەکانی، سەیرانگای "قەڵای ئیمام و سەر ڕێگای چەمی کۆماسی و جانەوەرە"، لە لایەن وەفادارانی ڕێبازی دێموکراتەوە بڵاو کرایەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چیاباوەڕانی دێموکرات لە شاری کاکۆی شەهیدەوە و لەسەر دوندی ئاویەری مەکۆی عاشقانی ئازادی و لە ناو دڵی تاسەباری ئازادیی شاردا، یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت.

جامانە لە ملانی شاری سنە لەو چالاکییەدا بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە لە شوێنەکانی وەک: "مەیدانی ئیقباڵ، پردی فردەوسی، شەقامی فردەوسی پێش سینما بەهمەن" و هەروەها بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و جامانە و نووسینی دروشم و هەروەها بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و خوێندنەوەی پەیامێک بە نیشانەی ڕێز و وەفا بە ڕێبازی دێموکرات، یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی گەلاوێژدا، پێشمەرگەکانی شار لە گوندی "قورۆشاوێـ"ـی شاری شنۆ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو یادە و بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە، وەفادارییان بەرانبەر بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

هەروەها خاکیپۆشانی مەتەرێزی شار لە "مێراو"ی دێموکراتپەروەر، لە چالاکییەکی بەریندا، کۆمەڵێک تراکت و پۆستێر و دروشمی تایبەت بە یادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەندین پاکەت نوقڵ و شیرینییان لە شوێنە جیاوازەکانی گونددا بڵاو کردەوە.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "پیرۆز بێت ۷٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بناغەدانەری کۆماری کوردستانە، ٢٥ی گەلاوێژ هێمای ڕاسانی نەتەوەی کوردە، حیزبی دێموکرات ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی خەڵکی کوردستانە، حیزبی دێموکرات حیزبی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، ٢٥ی گەلاوێژ هێمای ڕابوونی خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی گەلی کوردە".

ئەو شوێنانەی کە چالاکییان لێ ئەنجام درابوو بریتین لە: "قوتابخانەی دوکتور قاسملوو، دەرمانگای ئاوایی، دێهیاریی ئاوایی، کۆڵانی کۆبانی و چەند کۆڵانێکی تری ئاوایی".

بە هەمان مەبەست و ئەمجار لە شاری "پیرانشار"دا، چاونەترسانی شوێنکەوتووی ڕێبازی نەمرانی شۆڕش لە پیرانشار، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی لەنێو شاردا، ئەو یادە پیرۆزەیان بەرز ڕاگرت.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "پیرۆز بێت ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکرات ڕیکخەری بزووتنەوەی میللی- دێموکراتیکی کوردستانی ئێرانە، بەردەوام بێ ڕێبازی ڕێبەران قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی، بژی خەڵکی کوردستان پاڵپشتانی ڕاستەقینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران".

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی گەلاوێژ، ڕۆڵە بەجەرگەکانی تەرەغەی سەربەرز، بە پیریی هاتنی یادی ٢٥ی گەلاوێژەوە چوون و بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر و نووسینەوەی دروشم لە گوندەکانی "گۆگجەلێ و مشیر ئاوا" و وتنەوەی پەیامێک، ئەمەگداریی خۆیان بە ڕێبازەکەیان دەربڕی.

لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا و بۆ بەرزنرخاندنی ئەم یادە، پۆڵاباوەڕانی دێموکرات لە گوندی "نجێـ"ـی سەر بە ژاوەرۆی مەریوان، ئاگرێکیان بۆ گەرمڕاگرتنی یادی گەلاوێژ هەڵکرد.

هەروەها، وەفادارانی ڕێبازی شەهیدان لە گۆڕستانی "گردەوان"، سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ، بە سەردانی گڵکۆی شەهیدان و هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێکردەوە و وەفادارییان بە ڕێبازەکەیان دەربڕی.