کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی مەدەنیی بەلووچ، لە زینداندا مانی لە خواردن گرت

12:20 - 25 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: چالاکێکی مەدەنیی بەلووچ، کە ماوەی ٩ ساڵە لە زیندانە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی٢٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، "سەخی ڕیگی" وبلاگنووسی بەلووچ، کە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییەوە دەسبەسەر کراوە و لە زینداندایە، بە نیشانەی ناڕزەایەتیی لە هەمبەر ڕەتکردنەوەی داخوازییەکەی بۆ ئازادکرانی مەرجداری، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، لە ٢٠ ڕۆژ پێشەوە مانی لە خواردن گرتووە.

 ئەم وبلاگنووسە لە ساڵی ١٣٨٨ـەوە، بە تۆمەتی نووسینی بابەتێک لە پشتیوانیی لە گرووپی ڕیگی لە وبلاگی خۆی، سەرەتا بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا، کە پاش ناڕەزایەتیی ناوبراو، لە دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم، بۆ ١٠ ساڵ کەم کرایەوە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەم چالاکە بەلووچە، بۆ هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێرانی باس کردووە، کە سەخی ڕیگی هەر لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا بۆ زیندانی ئەهواز گوازراوەتەوە و لە ماوەی ئەم ٩ ساڵە تەنیا جارێکیش مورەخسییان پێ نەداوە، لە حاڵێکدا ئەم گیراوە مەدەنییە خێزاندار و خاوەن پێنج منداڵە و بنەماڵەکەشی ناتوانن سەردانی ناوبراو بکەن.

هەر ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕیگی تووشی کێشەی تیرۆئید بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان تەنیا جارێک ڕێگایان داوە، کە ناوبراو بۆ نەخۆشخانە ببەن و پاش نەشتەرگەرییەکەی خێرا بۆ زیندانیان گەڕاندووەتەوە.

داواکاریی ناوبراو بۆ ئازادیی مەرجدار، مورەخەسی یان مورەخسیی کۆتاییی زیندان لە بەرپرسانی ڕێژیم، چەندین جار ڕەت کراوەتەوە، کە ناوبراو بەم بۆنەوە لە ٤ی پووشپەڕەوە مانی لە خواردن گرتووە.