کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوخشاندنێک بەسەر مافی ژنان لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە

19:02 - 10 خاکەلێوه 2719

ئاسۆ ساعێدی

پێشەکی

ئەگەرچی ژنان چەندین سەدەیە بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی خۆیان خەباتیان کردووە، بەڵام خەبات بۆ لەبەرچاوگرتنی مافی ئینسانی و یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگاو خێزان بەهۆی بزووتنەوەی نێونەتەوەیی ژنان، خەباتێکی نوێیە (مهرپوور ١٣٧٧).

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مافی بەرابەری ژن و پیاو لە کۆمەڵدا، لانیکەم یەکێک لە بەندەکانی یاسای بنەڕەتی و دەستەکەوتە گرینگەکانی مرۆڤ دێتە ئەژمار. دەستکەوتێک کە لە وڵاتی ئێراندا تەنیا وشەگەلێکن کە کتێبی یاسای بنەڕەتی پێ ڕازێندراوەتەوە و لە وڵاتانی پێشکەوتوویش بە هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی ژنان ودێموکرات بوونی کۆمەڵگا ئەم یاسایە کردەیی کراوە و کاری پێ دەکرێت.

کاتێک دەتوانین بڵێین ژن و پیاو لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا یەکسانن و مافی وەکوو یەکیان هەیە و هەوڵ و ماندووبۆنەکانیان گەیشتووە ئەنجام، کە بەرابەری واتا ڕاستەقینەکەی خۆی بە تاک بە تاکی کۆمەڵگا بەخشی بێت و لە ناخی مرۆڤەکاندا هەستی پێ بکرێت، ئەوکات ژن دەتوانێت هەست بە بوونی خۆی بکات.

مادده‌كانی ١ و ٢ی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ دەڵێ: کە هەموو مرۆڤێک  ئازاد لە دایک بووە و لە بواری کەرامەت و مافیشەوە وەک چۆن لەم ڕاگەیەندراوەدا باس کراوە دەبێ بەرابەر بن.

بەندی ١٥ی ڕاگەیەندراوی ١٩٦٨ی کونفرانسی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە تاران ڕاشکاوانە هەڵاواردنی ڕەگەزی ڕەت دەکاتەوە و باس لەوە دەکات هەڵاواردنێک کە ژنان لە هێندێ ناوچە و وڵاتانی جیهان لەگەڵی بەرەوڕوون، دەبێ بنبڕ بکرێک. وەک پلە نزم چاو لە ژنان کردن ناتەبایە لەگەڵ ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێوەرەکانی ڕاگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ )متین دفتری ١٣٤٨: ٣٧١ - ٣٧٤).

ڕۆڵی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و بزووتنەوەی ژنان

پەرەسەندنی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان لە زۆربەی وڵاتانی دنیا و پشتیوانی چالاکی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی بە سەرپەرەستی "کومیسیۆنی پێگەی ژن" لەوانە: پێکهێنانی ساڵی ژنان (١٩٧٥)، دەیەی ژنان (١٩٧٥ – ١٩٨٥)، کونفرانسگەل ناوچەیی و جیهانی ژنان، نووسین و پەسەندی، کونوانسیۆنی لەناوبردنی هەر جۆرە هەڵاواردنێک  پلاتفورمی "نایروبی"، پلاتفورمی "پێکەن" و زۆرێک پەسەندکراوەی گرینگی دیکە پێوەندیدار بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەموو وڵات و حكوومەتەکانی ئەندامی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ناچار بە چالاکی لە ئاراستەی باشتر بوونی بارودۆخ و پێگەی ژن و چێژی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتگەل ڕەگەزی کردووە. بەتایبەت پێشکەشکردنی "ڕاپورتی نێونەتەوەیی ساڵانە لە بارودۆخی ژنان" بۆتەهۆکارێک کە حکوومەتەکان بە ئەدەبیات و پێوەری هەڵسەنگاندنی پەرەسەندن و ڕەگەز ئاشنا و لەبەرچاوگرتنی پێوەرەکان پابەند بکەن. هەموو ئەمانە لە هۆکارەکانی هێنانە پێشی باسی ڕەگەز و پێوانەکانی پەرەسەندنی هەمەلایەنەیە کە ژنانیش لەخۆ دەگرێت. ڕەوان کردنی پێوانەکان و بەردەوام بوون لە ئاستی حکوومەتەکان و  پێویستییەکانی  مافی ژنان و بابەتی ڕەگەزی لە نێوەرۆک و کاکڵە و بنەڕەتی بڕیاری ئیدارەی هەر وڵاتێکدایە.  

وڵاتی ئێرانیش لەو وڵاتانەیە کە پاش ٤١ ساڵ حکوومەتی ئاخۆندی لە ئاستی کۆمەڵگا و تەنانەت بەشگەلێک لەوڵاتەکان کە کەم و زیاد چوونەتە ژێر کاریگەری گوشارە نێونەتەوەیی و پێوەرە فرەنەتەوەییە جیهانیانە بۆ گرێبەستی ڕەچاوکردنی مافی ژنان، بەڵام چاکسازی و ئاڵوگۆڕ لە ئاستی حکوومەتی و توانای  ئیزن پێدراو لە ئاکامدا کاریگەری تاکە ڕێفورمخوازەکان بۆ باشتر بوونی دوخی ژنان زۆر کەم و کێشە و بەربەستە دواکەوتووییەکان هێشتا زۆرە. بۆ وێنە، لە سیستمێکدا کە پیاوانی زۆر بە تەمەن و پیاوسالاری وەکوو ئاخۆند ئەحمەدی جەنەتی کە بە زیاتر لە ٩٢ ساڵ تەمەنەوە چەندین ساڵە کە نزیکەی ٢٠ پوست و بەرپرسایەتی بەهێزی حکوومەتی هەیە (بۆ وێنە ٣٥ ساڵ لە ئەنجومەنی پاسەوانی): خاتوو شەهیندوختی مولاوردی دەبێ تەنیا دوای پێنج ساڵ هەبوونی پوستی حکوومەتی (چوار ساڵ پوستی جێگری سەرۆک کۆمار لە کاروباری ژنان و بنەماڵە و یەک ساڵ یارمەتیدەری تایبەتی سەرۆک کۆمار لە کاروباری مافی شارومەندی)، بە بیانوی گەیشتن بە تەمەنی خانەنشینی لە تەمەنی ٥٣ ساڵی خانەنشین بکرێت.  

بارودۆخی ژنان لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران:

ژنانی ئێران لە بەراورد لەگەڵ ژنانی جیهان لە هەر مافێکی ئینسانی بێ بەشن.

یاسا و ڕێسای زاڵ بەسەر ژیانی ژنی ئێرانی وای لێیان کردوە بخرێنە ناو قاڵبێکی داخراو کە پەیوەستە بە هێندێک داب و نەریتەوە، کە گۆڕانکاری تێیدا ڕوو نەدات و وەک ڕەگەزی پلە دوو بمێنێتەوە و پیاویش خاوەن دەسەڵات بێت. ئەمەش زۆرجار لە بەرژەوەندی ڕەگەزەکاندا نییە، لەبەر ئەوەی توانایی، تایبەتمەندی، کەسایەتی و ئەزموونی ژیانی کۆمەڵایەتییان بێ ڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕوو دەدات قۆرخ دەکرێت. داڕشتنی سیاسەتی لە هەژاری ڕاگرتن و زەبر و زەنگ بەسەر کۆمەڵانی خەڵکدا وای لە ژنان کردووە کە بەداخێکی زۆر گرانەوە تەمەنی لەش فرۆشی، فرۆشتنی گورچیلە، تووشبوون بە مادەسڕکەرەکان، خۆ سووتاندن و شاندانە ژێرباری هەر ڕەنجێک بۆ دابین کردنی بژێوی ژییانیان  زۆر زیاتر لە ساڵانی پێشوو کەم بووەتەوە.

ـــ بە وتەی محەممەد مەهدەوی توندگویان جێگری سەروسامان دان بە کاروباری لاوانی وەزارەتی وەرزش و لاوان، ڕۆژی ٢٨ گەلاوێژی ١٣٩٧ لە پێوەندی لەگەڵ ئاماری خوکوژی ژنان لە ئێران تەنیا لە یەک ساڵدا زیاتر لە ٣ هەزار و سێسەد (٣٣٠٠) کەس، واته‌ ڕۆژانە لانیکەم ٩ ژن دەستیان داوەتە خۆ کوژییەوە.

زۆرێک لە ژنانی ئێرانی بە خراپترین شێوە واته‌ بە خۆ سووتاندەن خۆیان لەو بارودۆخە پڕ لە دەردەی ژیان ڕزگار دەکەن. بە جۆرێک کە ٤٠%  خۆکوژیەکانی ژنان بە خۆ سووتاندنە و لە ئێستادا ئێران پلەی یەکەمی خورهەڵاتی ناوەڕاستی  هەیە. سەرچاوە  (IRAN HRM)    

ـــ  بە وتەی ماڵپەڕی "روزیاتو" لە هەر ٣ دەقیقەدا یەک تەڵاق تومار دەکرێت. هەروەەها دەڵێت ئاماری پێک هێنانی ژیانی هاوبەش و تەڵاق لەم دوو دەیەدا لە وڵاتی ئێران، جێی نیگەرانییە و بە شێوەی هەڵکشان و داکشانە.

ـــ  کەم بوونەوەی ویستی لاوان بۆ پێک هێنانی ژیانی هاوبەش، تێپەڕبوونی تەمەنی میلیونان کچی ئێرانی لە ته‌مه‌نی زاوزێ، هەبوونی ١٤ میلیون لاوی سەڵتی ژێر ٤٠ ساڵ، زیاد بوونی تێچووی ژیان لە شارە گەورەکان و ... .     

ـــ زیاد بوونی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی هەڵچوونی نرخەکان  و بە وتەی ماڵپەڕی "آفتاب"  تەنیا لە تاراندا ١٠ هەزار ژنی لەش فروش هەیە. کاتێک ئەم دەردە تاڵتر و سەرسووڕ هێنەرتر دەبێت کە بە خور ئاوا بوون ڕواڵەتی تاران بە تەواوەتی دەگوڕدرێت و بە هەر سیگناڵی ماشینێک لەشی ژن هەرزان فرۆش دەکرێت و تەمەنی ئەم کارە قیزەونە کەمتر لە ١٦ ساڵیش لەخۆ دەگرێت.

ـــ بە وتەی "دویچەولە" ٣٣% تووش بوان بە مادە سڕکەرەکانەوە، ژنان پێکی دێنن و ساڵانە ٧٥٠٠ منداڵی تووش بوو بە مادەسڕکەرەکان لە ئێران لە دایک دەبن.

دوخی ژنانی کورد:

لەو جێگەوە کە ڕزگاری کۆمەڵگا لەم هەموو جنایەت و نابەرابەرییە کە ئەمڕۆ لەگەڵیدا بەرەوڕووین لە بارمتەی بەشداری چالاکانەی ژنانی کۆمەڵگایە کە بە خۆشییەوە ژنی کورد لەوبوارەوە خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە بە چاوخشاندنێک بە مێژووی پڕسەروەری و ئازایانەی ژنی کورد کە بەداخەوە هەژارترین لاپەڕەکانی مێژوو لە خۆو دەگرێتەوە، بۆمان دەردەکەوێت و سەرچاوە مێژووییەکان سەلماندوویانە کە نەتەوەی کورد لە وڵاتی  "مێزووپوتامیا" لە چوارهەزار ساڵ پێش ئێستە ئاوریان لە مەسەلەکانی ژن، خێزان و و هاوسەر داوەتەوە. ئەوان مێزووپوتامیایان بە وڵاتی هیوا و گەڕان بۆ بەدیهاتنی ئازادی ناساندووە. سەرچاوەی خەبات بۆ وەدەست هێنانی ئازادی مرۆڤایەتیان گەڕاندوەتەوە بۆ ئەم ناوچەیە. پێش لەوەی ژنانی  وڵاتانی جیهان بە گشتی هەوڵی ڕێکخستنی بزووتنەوەیەک بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان بدەن، ژنی کورد لە مێزووپوتامیا خاوەن کەسایەتی و مافی بەرابەر لەگەڵ پیاودا بووە. تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان بۆمان دەردەخەن کە خەڵکی مێزووپوتامیا یەکەم نەتەوەیەک بوونە کە پڕۆسەی تەڵاقیان ناسیوە و تاڵاوەکەیان چێشتووە. کەچی لە وڵاتانی دیکە سەدەیەکە کە ئاور لە مەسەلەی ژن دەرێتەوە. بە گوێرەی وتەکانی "تۆمابوا" ژنانی گۆتیەکانی مێزووپوتامیا خاوەن هێز و گەلێ جار سەرکێشی سوپا و هێرشەکانی گەلانی دراوسێیان کردووە و لە بواری شەڕدا ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە

بمانهەوێ و نەمانهەوێ ئێمەی کورد کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوین، نەریتی ئەو وڵاتانە و سیاسەتەکانیان کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ژیانماندا هەبووە و هەیە. ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بووەتە هاوبەشی هەموو ژنانی ئێرانی و لە ژێر ستەم و کاریگەری دەسەڵاتی ڕەشی مەلاکاندا ژیان و گوزەرانی لەوپەڕی خراپی و دەرد و ئازاردایە. هەر ئەم کاریگەریەش بۆتە هۆی پەیوەست بوونی کچان و ژنان بۆ نێو گوڕەپانی خەبات و هەوڵ بۆ ڕزگاری لە بندەستی نەتەوەیی و چەوساوەیی کۆمەڵایەتی و یاسایی. ڕێژیمی کۆنەپەرەست و توتالیتری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای داڕشتنی سیاسەتە گڵاوەکانی و هەموو ئەو گوشار و هەڵاواردنانە کە بەسەر خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، نەیتوانیوە ژن لە خواست و داخوازیەکانی دوور بکاتەوە، بەڵکوو ژنان زۆرتر بە مافی ئینسانییەکانی خۆیان ئاشنا بوو و خۆیان ناسیوەتەوە، وەک دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی بەشداری ژنان لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

بارودۆخی ژنان لە جیهان:

لە حاڵێکدا بە دوای ٤١ ساڵ تێکۆشان، ڕادەی ئەو کورسیەکانی کە تەرخان کراو بۆ ژنان لە پارلمانی ئێراندا گەیشتووە ٣% تەواوی کورسییەکانی پارلمان. لەسەر ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا ٤/٣٠ کورسی پارلمانەکان لە وڵاتانی ئامریکایی، ٧/٢٧ لە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئوروپا، ٦/٢٣ لە وڵاتانی باشووری بیابانی ئافریقا، ٥/١٩ لە وڵاتانی ئاسیایی، ٨/١٧ وڵاتانی عەرەبی و ٩/١٧ لە وڵاتانی ناوچەی زەریای ئارام لە دەسەڵاتی ژناندایە و بەشداری ژنان لە پارلمانگەلی نەتەوەیی ئەم وڵاتانە لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی (١٣٧٣ی خوری) تا ئێستا ٣/١١ زیاد ببوە.

ئەگەر بین و بە جیا چاوێک لە بارودۆخی بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان بکەین، پێمان دەڵێت کە لانیکەم ٣٠% کورسیەکانی پارلمان لە دەستی نوێنەرانی ژندایە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٩ ژن لە وڵاتەکان یان ناوچە سەربەخۆوەکانی سەرانسەری جیهان وەکوو سەرۆکی حکۆمەت و ١٣ ژن وەکوو سەرۆک کۆمار خەریک کار و تێکۆشانن.٣/١٨ لە ئەندامانی کابینە دەوڵەتەکان لە سەرانسەری جیهانیش ژنان پێکی دێنن و لە پوستەکانی وەزارەتی بەرگری  و وەزارەتی داد، ژینگە و وزە، بنەماڵە و ڕاهێنان خەریکی کار و تێکۆشانن.

دوا وتە:

"ئیلیزابت" زیلبرت لە ساڵی ١٩٤٩ی زایینی لەو کاتەدا کە ئاڵمانی فیدراڵ پێک هات، تەمەنی ئیلیزابت ٥٢ ساڵ بوو. خاتوو زیلبێرت بۆ گونجاندنی ئەم بڕگە لە یاسای بنەڕەتی وڵاتی ئاڵمان، شەش مانگی تەواو هەوڵی دا. چەندینجار بێ پسانەوە گەڵاڵە و پێشنیارەکەی بە زۆرینەی دەنگەوە، ڕەت کرایەوە، بەڵام لە ئاکامدا بە دوای شەش مانگ هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچان لە ماددەی سێ بڕگەی دووهەمی یاسای بنەڕەتی ئاڵمان گونجێندرا کە ژن و پیاو مافی وەک یەکیان هەیە.

 هیوا و ئاواتەکانی مرۆڤ هیچکات کۆتایی ناێیت و مرۆڤ بە ئاواتەوە زیندووە و ژنیش وەک تاکێکی کۆمەڵگا ئاواتی ئەوەیە ڕۆژێک بێت کە بە مافە ئینسانییەکانی خۆی بگات و وەک مرۆڤ چاوی لێ بکرێت نەک وەک ڕەگەزی لاوازو ژێردەست، ئەوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە ژن و پیاو لە بواری فیزیۆلوژیکییەوە جیاوازییان هەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە لە بواری توانایی هزری و عەقڵییەوە لاوازن.

هەمووی ئەمانە لە بارمتەی ئەوەدایە کە پرسی ژنان وەک بابەتێکی تایبەت بە مرۆڤ چاوی لێ بکرێت و چارەسەری گونجاو و پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە نەک وەکوو بابەتێکی تایبەت بە جیاوازی ڕەگەزی کە حەساسیەت لە نێوان دوو ڕەگەزەکەدا دروست بکات، بەڵام بە داخەوە زۆرجار تەنیا قسەی لەسەر دەکرێت و بە ئاسانی پشت گوی دەخرێت یان دەبێتە مانیشتی بڵاوکراوەکان بێ ئەوە بەدواداچۆنی بۆ بکرێت بە زەقی و بێ چارەسەری دەمێنێتەوە. لەم کاتەدایە کە هەڵویستی ژن دیار دەبێت، دەبێ پێش لە هەموو شتێک خۆی بناسێت وشیارانە بیر لە داخوازیەکانی خۆی بکاتەوە و بزانێت چۆن ڕووبەڕووی ئەو دیاردانە ببێتەوە. کاتێک مرۆڤ خۆی بناسێت گرینگی بەها مرۆییەکان زیاتر بۆی دەرئەکەوێت و زیاتر خۆی خۆشدەوێت و ڕێز لە کەسانیتر دەگرێت و خەبات لە پێناو بەرزڕاگرتنی کەسایەتی و شووناسی خۆی دەکات. کۆمەلگا دەبێ دان بەو ڕاستییە بنێت کە خەبات بۆ ڕزگاری، یەکسانی و لە ناوبردنی هەر جۆرە ستەم، چەوسانەوە، هەژاری و ...، بە بێ لە ناوبردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێ مافی ژنان ئیمکانی نییە. لە ڕەوتی شۆڕشی گەلاندا، ژنان ڕوڵێکی گرینگیان گێڕاوە و جێگە و پێگەیەکی تایبەتییان هەبووە. ژنان شان بە شانی پیاوان و بگرە زیاتریش لە شۆڕشەکاندا بەربەرەکانێ و بەرگرییان لە بەرانبەر داگیرکەران و سەرکوت کەراندا کردووە و نیشانیان داوە کە کۆڵەکەی سەرەکی خەبات دژ بە هەر چەوساندنەوە و داگیرکارییەکن. ئەمڕۆ خەباتی ژنان لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ خەباتی جەماوەری پێکەوە گرێ دراون و پێوەندیەکی جیانەکراوە لە نێوانیاندا هەیە و هەرکامە بەشێک لە خەباتێکی گەورە و گشتگیر بۆ لە نێوبردنی جیاوازی چینایەتی و هەڵاواردنی ڕەگەزی کە بەرهەمی ٤١ ساڵ دەسەڵاتی حاکم بەسەر خەڵکی چەوساوە و وڵاتی ئێراندایە. ئەوەش بۆەتە هۆی سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەک بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو گوشارە ببنەوە کە کۆمەڵگا خستوویە سەر هزری مرۆڤەکان، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژنانیش بەهۆی ئەو گوشار و ناڕەزایەتییەوە بووە کە لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی بۆنتەوە، هەرچەندە ئەو بزووتنەوەیە تەنیا بەرژەوەندی ژنانی نەپاراستووە، بەڵکوو یارمەتی پیاویشی داوە بۆ ڕزگار بوونی لەو چوارچێوە کولتوورییەی کە بۆی دیاری کراوە.

بەداخەوە هێندێک پیاو پێی وایە خەبات و هەوڵەکانی ژنان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ژن سالارییە و تەنانەت هێندێ جاریش بەوە تاوانباریان دەکەن کە هەوڵی هەڵوەشانەوەی شیرازەی بنەماڵە و خێزان ئەدەن و زۆرجاریش بینراوە کە پیاوەکان بەرگری لە بەشداری و چالاکی ژن و کچی بنەماڵەیان دەکەن و خەباتی ژنان بە پرسێک دەزانن کە هەوڵی بە لاڕێدا بردنی ژن ئەدات،  بەڵام ئەگەر واقع بین، بین و لە ڕاستی ئەو بزووتنەوەیە بکۆڵینەوە بە پێچەوانەی ئەو بیروڕایانەیە، لەبەر ئەوەی ئامانجی بزووتنەوەی ژنان هەڵوێست گرتن و ناڕەزایی دەربڕینە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕێگرتن لە هێندێک داب و نەریتی هاوردە و داسەپاو کە خەڵاتی نەتەوەکانی دیکەیە کە بە ناو ئایینەوە هەوڵی سەرکوت و بە کەم زانینی ژن و کاریگەریان لەسەر گەشەکردنی تواناکانی ژنان و ژیانی خێزانی هەیە، کەوابوو ئەوە دژایەتی کردن لەگەڵ خێزان نییە، بەڵکوو پاراستنی مافەکانی خێزانە. 

جیاوازی ڕەگەزی، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و کۆمەڵگەش بە پێی نەریتی خۆی مامەڵەو هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دیاردە دەکات.

لێرەدا زیاتر گرینگی بزووتنەوەی ژنانمان بۆ دەرئەکەوێت کە تا چەند لە بەرژەوەندی پاراستنی شیرازەی بنەماڵە و پاراستنی کەرامەتی تاکەکانی کۆمەڵگایە.

لە ڕاستیدا توێژینەوە و نیشان دان و لە ئاکامدا سەلماندنی مافی یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵی کۆمەڵایەتی، مێژوویی، یاسایی و سیاسی و ... هەیە کە نە بە  لێکۆڵینەوەیەک دەکرێ و نە کاری تاکەکەسییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.