کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوی بینەرانی تیشك روون بێ

11:53 - 2 رەشەمه 2718

بێبەش پیرۆتی

ماوەیەك بوو یەكێك لە دەزگاراگەیەنەكانی كوردی تایبەت بە رۆژهەڵاتی كوردستان كە كاناڵی تیشك بوو لە بەر چاوی بینەران و ئۆگرانیدا نەمابوو و، لایەنگرانی بە تایبەت تێكۆشەرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە تامەزرۆییەكی زۆرەوە چاوەروانی دەست بەكار كردنەوەی بوون. بە خۆشییەوە چاوەڕوانییەكان كۆتاییان هات و خەریكە وەخۆدەكەوێتەوە و چاوی بینەرانی رووناك دەكاتەوە.

دەست بەكار بوونەوەی تیشك لە بارودۆخێكی لە بار و حەستەم دایە،یەكەم ئەوەكە سرووشت لە بەرەبەری نوێ بوونەوەدایە و نەورۆز و بەهاری ساڵی تازە نیزیكە و، دووهەم لە پێوەندی لە گەڵ رەوتی رووداوەكانی كوردستانی و ناوچەییدا چاوەڕوانی گۆڕانی قوڵ و لە سەر كێشەی نەتەوەی كوردیش چارەنووس ساز دەكرێ.

كەوا بوو تیشك دەبێ لە لایەك وەك بەهار بەرگی نوێتر بە باڵای خۆیدا كا و لە لایەكی دیكەشەوە بەرانبەر بە هەست و مەبەست و ویستەكانی بینەرانی و بە تایبەت نەتەوەی كورددا ئەركی زیاتر وەخۆگرێ و بەرپرسایەتی قورستر لە دەورەی پێشووی بخاتە سەر شان.

هەر لەو حاڵەدا نابێ ئەو راستییەمان لە بیر بچێ كە تەلەڤیزیۆنی تیشك دەنگ و رەنگی رۆڵەكانی نەتەوەیەكە لە سەرەتاییترین مافەكانیان بێبەشن و لە پێناوی وەدی هێنانیاندا سەدان ساڵە و بە تایبەت لە ریزەكانی حیزبی دێمۆكراتدا زیاتر لە حەفتاوسێ ساڵە خەبات دەكەن و قوربانی دەدەن،هاواری نەتەوەیەكە بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن دوژمنانییەوە سەركوت كراوە و هەوڵ دراوە ئەو هاوارە بەرحەقەش كپ بكەن،ئەو دەنگ و رەنگە لە گەڵ شریخەی چەكی بەربەرەكانی و نەعرەتەی پێشمەرگە و گوڕەی كۆڵنەدەرانی شار و لە گەڵ تووك و نزای دایكی شەهیدان و ناڵەی بەندییە خۆراگرەكانداو بە بێ ئیمكانی و هەر بە ئیمانی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرە پێشمەرگەكانییەوە سەری هەڵداوە و درێژە بە بەڕێوەبردنی ریسالەتەكەی دەدا، بۆیە ناكرێ ئەو چاوەڕوانییەی لێبكرێ لە باری چلۆنایەتییەوە شان لە شانی دەزگا ئازاد و خاوەن هەموو ئیمكاناتەكان بدا، بەڵام هیوای ئەوەی بۆ دەخوازرێ ئیمان و باوەڕی كوردانە و پێشمەرگانەی بەڕێوەبەر و كارگێڕەكانی وای لێبكەن لە باری چۆنییەتی و نێوەرۆكەوە وڵامدەری حەز و ویستەكانی بینەرانی نەتەوەكەی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان بێ.

لە گەڵ ئەوانەشدا تیشك بۆ زیاتر و زیاتر بوونی رووناكییەكەی چاوەڕوانی هاوكاریی بینەرەكانییەتی كە لە هەر شوێن و سووچێكی ئەم جیهانەدا دەژین و بە تایبەت رۆڵە تێكۆشەرەكانی لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ببن بە پەیامنێر و هاوكار و یارمەتیدەری.

تیشك سەركەوتوو و چاوی بینەرانی هەر روون بێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.