کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافی مرۆڤ، ئێرانی به دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بە کۆمەڵ تاوانبار کرد

11:46 - 28 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: چاوەدێری مافی مرۆڤ له ڕاپۆرتێکدا که سەبارەت به دۆخی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری دونیا لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاو کراوەتەوە، ڕێژیمی ئێرانی به دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بە کۆمەڵ و هەروەها زیادکردنەوەی گوشار بۆ سەر چالاکییە بەدوور لە توندوتیژییەکان تاوانبار کردووە.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت به دۆخی مافی مرۆڤ له جیهاندا، نووسیویەتی: "بەرپرسانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا لە وڵامی ناڕەزایەتییەکان به دۆخی شپرزەی ئابووری، ڕوانگەی گشتی سەبارەت به گەندەڵی و نەبوونی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەستی داوەتە دەستبەسەرکردنی به کۆمەڵی خەڵک".

به وتەی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران به دەستبەسەرکردنی پارێزەران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مافی ژنان، گوشار بۆ سەر چالاکییە  بەدوور لە توندوتیژییەکانیان زیاد کردووە.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لەم ڕاپۆرتەی خۆیدا ئاماژەی به ئاماری کوژراوان لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام له ساڵی ٩٦دا کردووە و ڕایگەیاندووە: لانیکەم ٣٠ کەس کوژراون بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان سەبارەت به هۆکارەکانی کوژرانی ئەم کەسانە نەکردووە.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی: لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاکوو ئێستا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لانیکەم ١٤کەسی بیانی و دوو کەسی دوو ناسنامەیی به تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ ناوەندە ئاکادێمیک، ئابووری و فەرهەنگییە ڕۆژاواییەکان دەستبەسەر کردووە. ئەم کەسانە هەموویان به "هاوکاری لەگەڵ دوژمن" تاوانبار کراون.

پێشتریش، پارلەمانی ئورووپا، به دەرکردنی بڕیارنامەیەک بە تێروتەسەلی باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دۆخی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بەستێنی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵک لە ئێراندا کردبوو و داوای لە ڕێژیمی ئێران کردبوو که واز لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێنێت.