کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەی تووندی لە ئێران گرت

10:41 - 2 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا شێوازی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ناڕازییان و مانگرتووانی ئەم دواییەی شەرمەزار و مەحکووم کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەز، چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی تیروتەسەلدا باسی لە شێوازی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ مامۆستایان و چالاکانی کرێکاری کرد و ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە بەهۆی بەرێوەبردنی کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە و خستنەڕووی داخوازە بەرحەقەکانیان بەمشێوەیە مافەکانیان پێشێل کراوە.

مایکێل پیج جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکوری ئافریقای ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەمبارەوە وتوویەتی: کاتێک مامۆستایان و چالاکانی کرێکاری بەهۆی داواکردنی حەقدەست و مووچەی خۆیان دەگیرێن و ڕەوانەی زیندان دەکرێن، ئیتر قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە "یەکیەتی نیشتمانی و خۆڕاگری لەبەرامبەر دوژمن" تەنیا کۆمەڵێک قسەی بێ‌نێوەڕۆک و بێ‌بنەمان.

لە دووهەمین خولی مانگرتنی مامۆستایاندا کە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر بەڕێوە چوو، چەندین چالاکی فەرهەنگی و مامۆستا لە قوتابخانەکان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کران و پاش لێپرسینەوە بەشێکیان دەسبەسەر کران؛ هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک ناڕەزایەتی کرێکاری لە هەفت‌تەپە و پۆڵاسازی ئەهواز هاتنە ئاراوە کە لەگەڵ دژکردەوەی تووندی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەوە و تەنانەت چەند کەسیان دەسبەسەر و رەوانەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و زیندانەکانی رێژیم کران.