کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی

23:39 - 31 پووشپەڕ 2717

کەریم پەرویزی

رێژیمی ئیسلامیی تاران، دوای زیاتر لە ٣٨ ساڵ لە سەرەڕۆیی و تاوانکاری، ماوەیەک ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە سەرچاوە و خاڵی گرنگی ئاسایش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

ئەم رێژیمە کە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە دروشمی هەناردەکردنی شۆڕش و لە راستیدا پیلانی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکەیدا هەبوو، بۆ نزیک بە سێ دەیە دەبێ کە بەتەواوی هێز و تواناوە گرووپی تیرۆریستی هەناردەی دەرەوە کردووە و لە وڵاتانی ناوچەش گرووپی توندئاژۆ و تیرۆریستی و شارلاتانی بەهێز کردووە و رێکی خستوون هەتاکوو تاوان بخوڵقێنن و لەسەر ئەرزی واقیع، مانەوەی خۆی لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکەدا بینیوەتەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا کە گرووپی تیرۆریستیی جۆربەجۆر وەکوو کارگی ژەهراوی لە هەموو شوێنێک سەریان هەڵداوە، کۆماری ئیسلامیی تیرۆریست پەروەریش لەگەڵ هەموویان پێوەندیی گرتووە و جارێک بەناوی دژایەتیی ئەمیان و جارێک لەپێوەندیی سیاسی! لەگەڵ ئەوی دیکەیان ویستوویە سیمای ناچەکە پڕ ئاژاوە بنوێنێ و لەگەڵیان رێک کەوتووە کە هیچیان لە نێو ئێراندا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام نەدەن تاکوو کۆماری ئیسلامی وەکوو شوێنێکی ئەمن لە نێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ ئاگردا بێتە بەرچاو.

ئەم سیاسەتە پیلان داڕێژراوەی رێژیم یەک لاوازیی گرنگ و ئەساسیی هەیە کە ڕێژیم بیری لێ نەکردبووەو لە راستیدا نەک خاڵی لاواز، بەڵکوو چاڵی لاوازی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

ئەوەیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی حیسابی بۆ نەکردبوو و دەیەویست فەرامۆشی بکا و دونیاش بەدوای ئەودا فەرامۆشی بکەن، فاکتۆرێکە بەناوی نەتەوە ستەم لێکراوەکان لە ئێراندا. کۆماری ئیسلامی کە بە سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجە، چالاکان و مافخوازانی راستەقینەی ئەم نەتەوانەی بەقەولی خۆی لە مەیدان وەدەرنابوو و بە دروستکردنی هەندێ گرووپ و کەسی کارتۆنی، ئەوانی وەکوو نوێنەری خەباتی ئەو نەتەوانە نیشان بدا. بەو پیلانانەی وای دەزانی کە پرسێک بەناوی پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا نییە و بەتایبەتیتر پێی وابوو کە پرسی کوردی بۆ هەمیشە بێدەنگ کردووە و بە هەندێ پیلان، لە نێوخۆ بەلارێیدا بردووە.

سیاسەتی بێدەنگکردن لە نێوخۆ و ئاژاوە لە دەوروبەر و بزە و پێکەنین لە ئورووپا، سێ رەهەندی ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی بوون، کە بە حوزووری پێشمەرگەی کوردستان لە نێو دڵی خەڵکدا، وەکوو فودانەیێکی زەلامی بێنێوەڕۆک تەقییەوە و ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە و دونیایەک کێشەی نێوخۆیی و ئەمنیەتی و شەڕی باندەکانی لە نێوخۆیاندا و کوردستان وەک هەمیشە بۆتە مۆتەکەی ژیانی ڕێژیمە تیرۆریستەکانی تاران!

ئامادەترین و تازەترین بەڵگە بۆ ئەم لێدوانەش ئەو یادداشتەی شەونامەی کەیهانی تارانە کە لە بەیتی رێبەریی ڕێژیمەوە ئامادە و بڵاو دەکرێتەوە. لە یادداشتی رۆژی ٢٧ی پووشپەڕی ئەو رۆژنامە بە نووسینی سەعدوڵا راعی ناوێک دەڵێ:
لەو کۆبەندیانەی لە مانگەکانی دواییدا لە ئێران کراوە، ئەو ئاکامەی لێ گیراوە کە خاڵی هەڕەشەی ئەمنیەتی سەر ئێران ناوچەی باکووری رۆژئاوایە، دەقە فارسیەکەی بەم شێوەیە : در ایران در ماه‌های اخیر این جمع‌بندی پدید آمد که کماکان نقطه تهدید امنیتی ایران در مناطق شمال غربی است.

بە زمانێکی سادە دەڵێ کە لە بەیتی رێبەری کۆبوونە گیراوە و گەیشتوون بەو ئاکامە کە وەکوو هەمیشە کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر ڕێژیمی ویلایەتی فەقیه.

بوونی پێشمەرگەی کوردستان مۆتەکەیە بۆ سەر ژیانی سەرەڕۆیان و تیرۆریستپەروەران.