کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەرەوەی هەڵاوسان و ڕەتکردنەوەی لە لایەن ڕۆحانییەوە

11:21 - 6 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: چوونەسەرەوەی هەڵاوسان و خراپتربوونی دۆخی ژیان لە ئێراندا، تەنیا دەسکەوت و بەرهەمی ڕێژیمی ئاخوندی بۆ خەڵکی ئێرانە.

لە حاڵێکدا حەسەن ڕۆحانی هەوڵاسانی ئابووریی ئێرانی بە درۆ دەزانی، بانکی ناوەندیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، لە مانگی ڕەزبەر هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستی ٩/١٥ لەسەد و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بە ٩/٣٦ لەسەد گەیشتووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیسنای سەر بە ڕێژیم، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیم، ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەر، لە کۆبوونەوەی مەجلیس باسی لەوە کردووە: "ئەوانەی دەڵێن گەورەهەڵاوسان هەیە، یان درۆ دەکەن یان شارەزاییان لە ئابووری ئێران نییە".

نابراو باسی لەوەش کردووە، "گەورەهەڵاوسان لە بواری ئابووری و لێکدانەوەی سیاسی شتێکی دروست نییە، ئێمە هەڵاوسانێکی تاکژمارەییمان بەزاندووە، بەڵام دەتوانین کونتڕۆڵی بکەین و ڕەوتی هەڵکشانی هەڵاوسان درێژەی نەبێت".

ڕۆحانی لە حاڵێکدا ئەم شتەی بە درۆ زانیوە، کە هێندێ لە ئابووریزانەکان باسیان لە دێوەزمەی گەورەهەڵاوسان بەسەر ئابووریی ئێران کردووە، تەنانەت هێندێ لە ڕاگەیاندنەکانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری هەڵاوسانی ٥٠ هەتا ٦٥ لەسەدیی و هاوشێوەبوون لەگەڵ ونێزوئیلا هۆشداریان داوە.   

بانکی ناوەندیی ئێران، ئاستی هەڵاوسانی ئابووریی ئێرانی لە مانگی ڕەزبەر بە ٩/١٥، لە مانگی خەرمانان ٥/١٣ و لە مانگی گەلاوێژ ٥/١١ ڕاگەیاندبوو.

بەپێی ئەم ڕێژانە هەوڵاوسان لە ئێراندا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە، بەڵام خێرایی چوونەسەرەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی ڕابردوو بە ڕادەیەکی بەرچاو و سەرسوورهێنەر هەڵکشاوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سندووقی نێونەتەوەیی دراو، لە هەڵسەنگاندنێکی نوێدا وتوویەتی: چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، لە ئێراندا ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بە ٦/٢٩ لەسەد و گەشەی ئابووری بە ٥/١ی لەسەدی نەرێنی بگات.  

بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووریی لە ئێران، پاش گەمارۆوەکانی ئامریکا و هاتنەدەرەوەی لە بەرجام چەند قات بووەتەوە و ئەمەش تەنیا بەرهەمی سیاسەتە ناوچەیی و جیهانییەکانی ڕێژیم و گوێنەدان بە ویست و دۆخی ژیانی خەڵکی ئێرانە.