کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن پشتیوانی ڕاسان بین

13:04 - 16 خەرمانان 2718

عەلی سۆرانی

پاش نزیک بە دە ساڵ و لە دوای تاوتوێکردنێکی ورد و هەمەلایەنە لەلایەن ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب بەگشتی و تەنانەت ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێکی پسپۆڕ و شارەزا لە هەموو بوارەکانی سیاسی، سەربازیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت هەڵکەوتەی جوغرافیایی و هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکە و هەروەها دۆخی ناسەقامگیری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێناو بووژانەوە و دەسپێکردنەوەی خەباتێکی سەرانسەریی، لە نەورۆزی ١٣٩٤ی هەتاوی، هاوبەری ماڕسی ٢٠١٥ی زایینی، سکرتێری گشتیی حیزب، بەڕێز مستەفا هیجری، لە پەیامێکی مێژووییدا لە بناری قەندیل و چیای سەرکەشی هەڵگورد، ڕاسان و خەباتی نوێی حیزب بۆ پێکەوەگرێدانی خەباتی شاخ و شاری، بە فەرمی ڕاگەیەند.

دیارە هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی پەیامەکە، ڕاسان، لە لایەن هەندێ کەسی دوور و نزیک لە حیزب و دوژمنانی نەتەوەکەمان، بەرەوڕووی ڕەخنەی کوێرکوێرانە و هەندێ جار ناتۆرەی نەشیاو بوویەوە. بەڵام ڕاسان بە هۆی جەوهەر و چییەتییەکەی و دیارە قوربانیدانێکی زۆر و فیداکارانە بوو بە ئەمری واقیع و وەک گوتارێکی دەروەست و بەرهەست لەبەرامبەر ڕێژیمێکی دڕندە و دیکتاتۆردا باڵای هەڵدا و پاش دوو دەیە بێدەنگی، گۆمی ئارامی دەسەڵات و خەوی داگیرکەران و دوژمنانی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات شڵەژاند. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەیکە چیدی دۆست و دوژمن و نەیارەکانی حیزبی دێموکرات و ڕاسان، نەتوانن حاشا لە بوونی بەهێزی ئەم حەرەکەتە نەتەوەییە بکەن.

حەماسەکانی قەندیل، قەرەسەقڵ، کۆساڵان، کێلەشین، موکریان، سنە و سەقز و بانەی هەمیشە سەربەرز شاهیدی لەدایکبوون و گیانفیدایی حەرەکەتێک بوون کە ئامانجی تەنیا و تەنیا خزمەت بە دۆزی کورد و ڕزگاریی نەتەوەیی بوو و ئێستاکە هەموو تاکێکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شانازیی و سەربەرزییەوە باسی ڕاسان و ڕۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی حیزب و گەل ئەکەن.

لێرەدایە کە ئەرکی سەرشانی دانیشتوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەرامبەر ئەم حەرەکەتە نەتەوەییە قورستر دەبێ و تاک بە تاکی کۆمەڵگاکەمان، بۆ سەرخستنی ئەم ڕەوتە، دەبێ بە هەست بە بەرپرسیاریەتییەکی زیاترەوە شان بدەنە ژێر ئەرکە نەتەوەییەکانیان. بە تایبەتی هەموو چین و توێژ و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات.

نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، ڕووناکبیران، شاعیرانی نیشتمانپەروەر، سینەما و نمایشکاران، هونەرمەندانی هونەرە تەجەسومییەکان، مامۆستایان بەگشتی و پسپۆڕ و شارەزا و ئەندازیاران و کۆمەڵەی پزیشکان، دادوەران و پارێزەران، فەرمانبەران و بازاڕییەکان، کچ و کوڕ، ژن و پیاو و لاوان و بەساڵاچووان هەر هەموویان لە ئاستی خۆیاندا ئەرک دەکەوێتە سەر شانیان.

با نووسەران دەست بکەن بە نووسینەوەی ڕەوایەتیی ئەم حەرەکەتە، ڕۆژنامەنووسان لە دەرفەتەکانیاندا بە وتار و بابەت بیورووژێنن و بیبەنە نێو دڵی کۆمەڵگا. شانۆکاران بیکەن بە هەوێنی شانۆکانیان و سینەماکاران لەسەر پەردەی جادوویی سینمادا دیسان گیان بکەن بە ڕۆحی ئەم حیماسەیەدا. وێنەکێشەکان و گرافیست و کاریکاتێریستەکان وەک مووتیڤی بەرهەمەکانیان کەڵکی لێ وەربگرن. مامۆستایانی قوتابخانە بە زیرەکیی بیخەنە نێو وانە دەرسییەکانیان و مامۆستایانی ئایینی لە مزگەوت و مینبەرەکانیاندا بە بوێرییەوە باسی بکەن.

بەم شێوەیە چیرۆک و جەوهەری ئەم حەرەکەتە لەوەی کە ئێستا هەیە هەمەگیرتر ئەبێت و دوژمن زیاتر و زیاتر دۆشداماو ئەبێت و ئەم هاوئاهەنگییە لە کۆتاییدا بە دڵنیاییەوە ڕزگاریی نەتەوایەتی و ئازادی هەتاهەتایی لێ دەکەوێتەوە.

سەرکەوێ ڕاسان بە پشتیوانیی و هاوکاری هەموو خەڵکی کوردستان

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.