کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چیرۆکنووسە سیحربازەکەی کوردستان خەڵاتی ئەدەبیی نیلی زاکسی ئاڵمانی پێ بەخشرا

16:15 - 19 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بەختیار عەلی نووسەر و ڕۆماننووسی بە ناوبانگی کورد و ناسراو به چیرۆکنووسە سیحربازەکەی کوردستان خەڵاتی ئەدەبیی نیلی زاکسی ئاڵمانی به دەست هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان بەختیار عەلی یەکێک لە نووسەرە بە ناوبانگەکانی کورد، لە سەر بڕیاری لێژنەی تایبەت بە خەڵاتی نیلی زاکس خەڵاتی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی پێ بەخشرا.

خەڵاتی ئەدەبیی نیلی زاکس یەکێکە لە کۆنترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی ئەڵمان و تەنیا بە کەسایەتییە زۆر ناسراو و گرنگە ئەدەبییەکان دراوە.

داوەرانی ئەو خەڵاتە ئەدەبییە باسیان لەوە کردووە بەختیار عەلی یەکێک لە گەورەترین نووسەرەکانی جیهانی ئیسلامە، بەڵام تا ئێستا بەرهەمەکانی لە لایەن ڕۆژئاوا نەناسراوە.

ئەو نووسەرانەی پێشتر ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە بریتین لە ئێریک فرۆم، میلان کۆندێرا، نادین گۆردمیر، ئەلیاس کانیتی، کریستا ڤۆڵف، دافید گرۆسمان، مارگرت ئەتود.

هەتا ئێستا تەنیا دوو کتێبی بەختیار عەلی بە ناوەکانی دواهەمین هەناری دونیا لە وەرگێڕانی ڕاوێژ سەلیم و خانمی ئوتە کانتێرا لانگ، لەگەڵ شاری مۆسیقارە سپییەکان لە وەرگێڕانی پێشەوا فەتاح وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئاڵمانی.

دەزگای چاپی ئونیۆنی وڵاتی ئاڵمان لە کتێبە چاپکراوەکانی خۆیان ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکان لە نووسینی بەختیارعەلی‌یان ناساند و نووسیان لەگەڵ ڕۆمانێکی مەزن، دووهەمین ڕۆمانی چیرۆکنووسە سیحربازەکەی کوردستان.

بەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ی لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. یەکەم بەرھەمی بڵاوکراوەی بەختیارعەلی قەسیدەی نیشتیمانە.

بەختیار عەلی لە ساڵانی نەوەدەکان بە هاوکاریی ڕێبین ھەردی، ڕێبوار سیوەیلی، مەریوان وریا قانع، فاروق ڕەفیق، ئاراس فەتاح، ھەڵکەوت عەبدوڵا گرووپی (ڕەھەند) دادەمەزرێنن، پاشان چەند ژمارەیەک لە گۆڤاری ڕەھەند بڵاو دەکەنەوە.

گۆڤاری ڕەھەند گۆڤارێکی ئەدەبی - فیکری بووە.