کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند هاووڵاتیی کورد لە لایەن پۆلیسی تورکیەوە کوژران و بریندار کران

16:39 - 26 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: چەند هاووڵاتیی کورد لە باکووری کوردستان، لە لایەن پۆلیسی تورکیەوە کوژران و بریندار کران.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی پۆلیسی تورکیە، لە شاری نیسیبین لاوێكی کورد بە ناوی حوسێن ئەحمەد کوژرا و منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵیش بە ناوی ئیبراهیم بولجا بریندار بوو.

هێزەکانی تورکیە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر شاری نیسیبین و هاووڵاتییانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گولـلە.

هەروەها لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، هێزەکانی پۆلیسی تورکیە لاوێکی کوردیان بە ناوی مەحموود ئاکتاگان تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کرد و بە هۆی قووڵیی برینکەیەوە دۆخی جەستەیی زۆر نالەبارە.

لەو پێوندییەدا لە شاری سلۆپییە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حوسێن گوزەل\'\' لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵ و حاڵی لە لایەن هێزەکانی تورکیەوە گیانی لەدەست دا.

هێزەکانی تورکیە لە ناوچەی شێرناخی سلۆپییەی تورکیه بە تانک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.

لە درێژەی هێرشەکانی پۆلیسی تورکیەدا، لە شاری جزیرەش ژنێکی کورد کوژراوە.

هەدیڤە شەن، ئەو ژنە کوردەیە کە لە شاری جزیرە کوژراوە و دایکی دوو منداڵە.

لە درێژەی شەڕ و گرژییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) و دەوڵەتی تورکیەدا، تا ئێستا چەندین هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکیەوە کوژراون.

لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە شاری دیاربەکر هاتوچۆی ئاسایی هاووڵاتییان قەدەغە ڕاگەیەندرابوو و تا ئێستاش فەزای ئەو شارە کوردنشینەی باکووری کوردستان، میلیتاریزە کراوە.