کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین لایەنی سیاسیی ئێران و کوردستان، خۆپێشاندانێکیان لە وڵاتی سوئێد بەڕێوە برد

15:17 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بە دژی ئەو ڕێژیمە، چەندین لایەنی سیاسیی ئێرانی و کوردستانی خۆپێشاندانێکیان لە شاری یوتوبۆری وڵاتی سوئێد بەڕێوە برد.

بە هۆی ئەوەی کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە، گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بە دژی هەژاری، ژێردەستی، گەندەڵی، بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران و بڵاوکردنەوەی گرووپە تێرۆریستییەکان لە جیهان و پشتگیری کردن لە ڕێژیمی ئەسەد، حووسییەکانی یەمەن، حەشد شەعبی، حیزبوڵڵای لوبنان و زوڵم و زۆرداریی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیون و هاتوونەتە سەر شەقامەکان بۆ گۆرینی ئەم ڕێژیمە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە وڵاتی سوئید خۆپیشاندانێک لە لایەن چەندین لایەنی سیاسیی ئێران و کوردستان ڕێک خرا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی، لە بەرامبەر داوای ڕەوا و کردەوەی مەدەنیانەی خەڵکدا هیچ وڵامێکی نییە، جگە لە سەرکوت و توندوتیژی و کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بە مەبەستی پشتیوانی کردن و گەیاندنی دەنگی مافخوازانەی خەڵکی ئێران، بە حکوومەتی سوئید و جیهان ئەم خۆپیشاندانە بەڕێوە چووە.

لەو خۆپێشاندانەدا کۆمەڵێک دروشم بە دژی کۆماری ئیسلامی و پەیام لە لایەن ئەم هێز و لایەنە سیاسییانەوە خوێندرانەوە، هەروەها پەیامی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن خاتوون شەبنەم مەحموودزادەوە خوێندرایەوە.

لە نێوەرۆکی هەموو پەیامەکاندا داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ناوەندە سیاسی و بڕیاردەرەکانی جیهان کراوە، کە پشتیوانی لە داواکانی خەڵکی ئێران بکەن و گوشار بۆ ڕێژیم بێنن کە هەرچی زووتر دەسبەسەرکراوەکانی ئەم خۆپیشاندانانە ئازاد بکات و هاوکات داوای ئازاد کردنی هەموو زیندانییانی سیاسیی لە ڕێژیمی ئێران بکەن.