کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە کوردستاندا

13:29 - 1 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درێژە بە داگیرکاری و پڕوپاگاندەکانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدەات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکانی ڕێژیم، بەرپرسان و خۆفروشانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، لە ڕاستای سیاسەتە نامرۆڤانە و فاشیستییەکان دەیانەوێت، لە شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە، کۆڕێک لەژێر ناوی "کورد و کۆماری ئیسلامی" بەڕێوە ببەن.

حەسەن ڕەهبەر، بەرپرسی ئیدارەی تەبلیغاتی ئیسلامیی ڕێژیم لە شارستانی بانە، ڕایگەیاندووە: کە ئەم کۆڕە بۆ ڕێزلێنان لە خزمەتەکانی کورد بە کۆماری ئیسلامی و هەروەها خزمەتەکانی ڕێژیم بە کوردەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت.

ئەم کۆڕ و سێمینارانەی کە ڕێژیم لە کوردستاندا بەڕێوەی دەبات، پیلانی ئەو دەسەڵاتە ناڕەوایەیە کە لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری، خەڵکی کوردستان هەوڵیان دا کە مافەکانی خۆیان لەو ڕێژیمە وەربگرن، بەڵام بۆیان دەرکەوت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەگشتی نەتەوەی کورد ئینکار دەکات.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری، دەستی کرد بە کۆمەلکوژی لە کوردستان و ئاسمیلاسیون و پیلانگێڕی لە ڕۆژهەڵات و تەنیا خزمەتگوزارییەکانی لە کوردستاندا، سێدارە، تێرۆر، زیندان، هەژاری، بێکاری و .... بووە و خەڵکی کوردستانیش هەتا ئەمڕۆ لە مافخوازی و بەرگریکردن لە شوناسی نەتەوەیییان بەردەوام بوونە.

جیگەی ئاماژەیە، ڕێژیم بە ئاگاداربوون لەو ڕاستییە کە هیچ پێگەیەکی لە کوردستاندا نییە و پیلانەکانی سەرکەوتوو نەبوونە، هەوڵ دەدات بە وادە و بەڵێنی درۆ و زیادکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی، دەست بەسەر کوردستاندا بگرێت.

لە نۆێترین ئیرادەی مافخوازی لە کوردستاندا، خەڵکی بەشەرەفی بانە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر ئەو باردۆخە نالەبارە ئابوورییەی کە ڕێژیم لە کوردستان خولقاندوویەتی، ٢٥ ڕۆژ مانیان گرت کە هەڵگری ئەو پەیامە سیاسییە بوو، کە خەڵکی ڕۆژهەڵات لەگەڵ دیکتاتوریەتی ڕێژیمی ئێران دژایەتیان هەیە و ئازادیخوازی و مافویستی بیروکە و هزری نەتەوەی کوردە.

ئێستایش ڕێژیم لە ترسدا دەیەوێت بە گرتنی کۆڕێک لە بانە، بە کۆکردنەوەی بەکرێگیراوەکان و دەستوپێوەندییەکانی خۆی لەو شارە، درێژە بە پیلانە داگیرکارییەکانی خۆی لە کوردستاندا بدات.