کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی ئێران بەنیسبەت تەحریمەکانەوە بەردەوامە

12:00 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کۆرەی باشوور هەناردەکردنی دەرمان و کەرەستە پێویستەکانی بۆ ئێران ڕاگرتووە و ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەردا چەواشەکاری دەکات و هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیم.

"حەمید ڕەزا ئینانلوو"، بەڕێوبەری گشتیی ئیدارەی دەرمان و مادده ڕایگەیاندووە: "دوای لێکۆڵینەوەکان بۆمان دەرکەوتووە کە لە بارودۆخی گەمارۆکانی سەر ئێراندا، کۆرەی باشوور هەناردەکردنی دەرمان و کەرەستەی پێویستی بۆ ئێران ڕاگرتووە".

هەروەها "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ئامریکای بە ئەنجامدانی "تاوانی دژە مرۆیی" تۆمەتبار کردووە و وتوویەتی: "هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام سەرشۆڕییە و ئەم سەرشۆڕییە بە تەحریمی دەرمان و خۆراکاتیش زیاتر دەبێت".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە دەرمان و خۆراک بە شێوەی فەرمی لە گەمارۆکاندا نین، بەڵام بە تەحریمی ماڵی و بانکی، هاوردەکردنی ئەو پێداویستییانە ئەستەم دەبێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندبوو: "نرخی دەرمانە تایبەتەکانمان بە مەبەستی دڵگەرمکردنی بەرهەمهێنەرە نێوخۆییەکان و هاوردەنەکردنی ئەو دەرمانانە لە دەرەوە بردووەتە سەرەوە".