کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەوەندەرکارانی ناڕازی دەرگای کارخانە قەندی نەغەدەیان داخست

16:57 - 25 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دوای بێ‌وەڵام مانەوەی داواکاری و گوێنەدانی بەرپرسانی پێوەندیدار بە مانگرتنی جووتیاران و چەوەندەرکاران، ئەم کەسانە بڕیاری داخستنی دەرگای کارخانەی قەندیان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئەوەیکە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ چەوەندەرکاران و جووتیارانی شارەکانی نەغەدە و شنۆ هاوشێوەی مانگرتووانی شارەکانی دیکەی کوردستان، سفرەی بەتاڵیان لەبەردەم کارخانەی قەندی نەغەدە ڕاخست و لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدرایەوە بڕیاریان دا دەرگای کارخانە قەندی نەغەدە دابخەن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان کارخانە قەندی نەغەدە ماوەی زیاتر لە ٨ مانگە قەرزداری چەوەندەرکارانە و تا ئێستا ئامادە نەبووە پارەکەیان پێ بداتەوە؛ ئەم ڕەوشە نالەبارە بووەتە هۆکاری ئەوەیکە چەوەندەر ببێتە قەندی تاڵ بۆ جووتیارانی ئەم کەرتە.

ئەم دۆخە چەندین ساڵە بەردەوامە و ئەم جووتیارانە لە ئەنجامی گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکانیان بەردەوام بەم هۆیەوە دەناڵێنن و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.