کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و درێژەی خەبات

16:15 - 6 گەلاوێژ 2716

کاوە بەهرامی

پاش ڕاگرتنی چەندین ساڵەی خەباتی چەکداری و گۆڕانکارییەکان بە نیسبەت شوێنی خەباتی حیزبی دێموکرات کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خەباتی ئەم حیزبە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرەی ئاڵۆز و هەڵبەت پێشبینیکراو بەرەوڕوو دەبێتەوە.

یەکەم؛ گۆڕانکاریی جوغرافیایی لەخۆ دەگرێ کە پاش فەتوای جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد، حیزبی دێموکرات خەباتێکی چەکداریی توندوتیژ لە سەرانسەری کوردستان، بە هێز و کۆمیتەکانەوە بەڕێوە دەبرد و سنوورەکان و بەشێک لە گوندەکان لەژێر دەستیدا بوون و مەیدانی مانۆڕ و بەربەرەکانێی لەگەڵ دۆژمن ئاوەڵا بوو، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە و دوژمن (ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران) لەو شوێنانە جێگیرە و بارودۆخی جوغرافیایی کوردستانیش، گۆڕانکاریی زۆر قووڵی بەسەردا هاتووە.

دووهەم؛ هێزەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەو هەلومەرجەدا ڕاهاتبوون، دوژمنیان لە هەموو بوارێکەوە چاک دەناسی و لە باری کەمی و کەیفییەوە کارا ببوون، تەنانەت هەندێک حیزب و لایەنی دیکەش لە مەیدانی خەباتدا مابوون و شەڕی ئێران و عێراقیش لە ئارادا بوو. بەشێک لە هێزەکانی ڕێژیم سەرقاڵی شەڕی ئێران و عێراق بوون.

سێیەم؛ لەگەڵ تەکنیک و تاکتیکی ئەو سەردەمەی دوژمن ئاشنایی تەواویان بە دەست هێنابوو و شتێک بە ناوی کۆسپی هاتوچۆ بۆ ناوخۆی وڵات لە ئارادا نەبوو. ئەمە و کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرەی دیکەی سەر ئەو خەباتە، بوونە هۆکاری ئەوەی دوژمن زیاتر لە جاران کوردستان میلیتاریزە بکات و هەوڵەکانی خۆی بۆ زیاتر پەلاماردانی پێشمەرگە چڕ بکاتەوە. بەو حاڵەش پێشمەرگە هەمیشە لە وڵامدانەوە بە پەلاماری هێزەکانی دوژمن بەردەوام بوو. ئەوە لە کاتێکدا بوو کەلە سەرەتای دەسپێکردنی خەباتی چەکداری لەگەڵ ئەوەی کوردستان لەژێر نفووزی هێزی پێشمەرگەدا بوو، بەهۆی نەبوونی ئەزموونی شەڕ و ڕانەهاتن لەگەڵ ئەو بارودۆخە و بەربڵاوبوونی شەڕەکان، ڕۆژانە دەیان شەهید پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کورد و کوردستان دەکران.

هەرچی مەودای خەبات درێژتر و ئەزموونی شۆڕش و شۆڕشگێڕان پڕبارتر دەبوو، فرماندە و پێشمەرگەکان لە ئەزموونەکان کەڵکیان وەر دەگرت، ڕێژەی شەهیدەکان لەگەڵ ئەوەی مەیدانی شەڕ بەرین‌تر دەبوو، رۆژ بە رۆژ دەهاتە خوار و بە پێچەوانەشەوە تەلەفاتی دوژمن رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبوو، بە شێوەیەک کەلە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە سمیناری نیزامیدا بڕیار درا دەبێ نیسبەتی شەهیدبوونی پێشمەرگە لە بەرانبەر تەلەفاتی دوژمن لانی زۆری یەک بە بیست بێ، واتە ئەگەر ٢٠ کەس لە دوژمن بکوژرێ لەهەمبەردا دەبێ پێشمەرگەیەک شەهید بێت کە ئەوەش دەرخەری بەرەو پێشچوونی تاکتیک و کەڵەکەکردنی ئەزموونی خەبات بوو. دەسپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەبات و ڕاسان، ئەرکێکی گرینگ و پڕ لە بەرپرسایەتییە و ئەرکی نەتەوەیی هەموو لایەکە دەبێ هاوکار و هاندەری درێژەدانی ئەم خەباتە بین. حیزبی دێموکرات و فەرماندە و پێشمەرگەکانیش لە ئەزموونەکانی ئێستا و ڕابردوویان کەڵک وەردەگرن و بە دەسنیشانکردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکان وەک تۆشەی درێژەدانی ڕێگای خەبات، ئاڵای خەبات بەرز و شەکاوە ڕادەگرن. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چاوخشاندنێک بە ڕابردوو و هەلومەرجی هەنووکەیی جیهان و ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، بەرەو پێشچوونی تەکنۆلۆژی و کەڵک وەرگرتنی دوژمنانی کورد لە کەرەستە جۆراوجۆرەکانی ئەو زانستە لەدژی گەلی کورد، بەتایبەت دژی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد و چاوخشاندن بە ئاستی ئیمکاناتی بەر دەست، پێویستە کە هەموو لایەکمان لە بەرانبەر هەموو ئەو کێشە و بەربەستانەدا خۆڕاگر بین و ڕێگای جۆراوجۆری بەربەرەکانێ لە مەیدانی خەباتدا بدۆزینەوە و لە ئەزموونە تاڵ و شیرینەکانی مەیدانی خەباتیش کەڵک وەر بگرین. ئاسۆی گەلی کورد ڕوونە و سەرکەوتن بۆ هێزی شۆڕشگێڕ و خەباتە ڕەواکەیەتی و تێکشکان بۆ ڕێژیمی تیرۆریست و تیرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێرانە کە شەڕیکی ناعادڵانەی دژی گەلی کورد زیاتر لە ٣٧ ساڵە دەس پێ کردووە.

حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە وەک چۆن هەتا ئێستا کۆڵیان نەداوە و لە بەرانبەر هەموو دژوارییەکاندا ڕاوەستاون، بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەبات بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن ڕێگای بەردەوام هەتا لووتکە دەپێون و بە شەهیدەکانی ڕاسان دەڵێن ئاسوودە بنوون، ڕێگاتان هەتا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانتان کە ڕزگاریی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، لە چنگ دیکتاتۆر و تیرۆریستانی هەنووکەیی ئێران درێژەی هەیە.

ڕۆحی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ڕاسان شاد و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت.