کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانەوە دەسپێکی گەشەی سیاسی

13:13 - 18 پووشپەڕ 2718

مەجید حەقی

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پێشمەرگەکان لە دیدار و چوونە ناو خەڵکدا لەگەڵ پێشوازی و سەرنجێکی وا بەرەوڕووبوون کە لەلایەک هەستی پێشـمەرگە بوون دەکاتە شانازییەکی نەتەوایەتی و لەلایەکی دیکەوە پێشمەرگە و ڕاسان و خەبات لەبەرامبەر خەڵکدا بەرپرستر دەکات. پێشوازی لە هێزی رزگاریدەر تایبەتمەندی نەتەوەیەکی هۆشیار و خاوەن ویستی ئازادیخوازانەیە و پێشمەرگەش رزگاری هێزی رزگاریدەری نەتەوەی کوردە. ئەمە بەرهەمی دەسپێکی قۆناغی نوێی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان واتە راسانەوەیە.

ڕاسانەوە دەسپێکی گەشەکردوویی سیاسی، نەهادینەکردنی بەشداری سیاسی لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵایەتی و بەشداری سیاسی هەموو تاکەکانی کوردستانە لە رەوتی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتیدا. دوای شەهیدبوونی دکتور قاسملوو لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەڵبژێردرانی بۆ سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات شەهید دوکتور سەعید، بانگی هەموو تاک و رێکخراوەکانی کوردستانی دەکات کە هەرکام بە قەرەی توانا و شیانی خۆیان بەشداری بکەن لە رەوتی خەباتی کوردستاندا. کولتووری سیاسی – رێکخراوەیی ئەوکاتی حیزب بەهۆی قەوارەی بەستراو و هەروەها هەلومەرجی ئەو قۆناغە توانایی وەبەرگرتنی هەموو تواناکانی نەبوو.

ئەمرۆ لە ئەنجامی پێگەیشتنی نەوەی دات.کام (تۆڕە پێوەندیەکان) سنوورە تەشکیلاتییەکان تەنیا مەکۆی چالاکی و بەشداری سیاسی نین ئەمەش هەلێکی زێڕینی خوڵقاندووە بۆ پەرەی توانایی تاکەکەس، رێکخراوەکان بۆ بەشداری لە کەشی سیاسی کۆمەڵگادا.

راسانەوە تەنیا پێوەندی نێوان شاخ و شار نییە، بەڵکوو پێوەندی و دیالۆگی مەنتقی نێوان چالاکی قەوارە سیاسییەکانی کوردستان، زەرفیەتە وێکچووەکان، پێویستی خەباتی یەکسانیخوازانە و گرێدانی خەباتی فێمینیزم و ناسیۆنالیزمی مرۆڤ‌سەنتەری کورد و داهێنانی سیستەمێکی وەڵامدەری سیاسی لە رەوتی خەباتەوە تا گەیشتن بە قۆناغی سەرکەوتنە. راسانەوە دەسپێکی گەشەی سیاسی بەردەوام و بەشداری دڵخوازانەی هەموو چین و تویژەکانی کۆمەڵگا لە رەوتی خەبات بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە و گەشەی کۆمەڵایەتییە.

راسانەوە لە خۆیدا زاراوەیەکی بەرفراوانە کە تەعبیر لە دووبارەژیانەوە و داهێنانی نوێ دەکاتەوە لەسەر بنەمای گەشەپێدانی کلتووری بەشداری و هاوبەشی سیاسی، فرەڕەنگی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی تەناهی و ئەمنیتی ناوخۆیی نەتەوایەتی لە قۆناغی خەباتی رزگاریخوازانە دامەزراوە. تەناهی نەتەوایەتی پرسێکی گرینگی قۆناغی هەنووکەیی خەباتە، بەو واتایە کە رێگا بە هەموو بەشەکانی نیشتمانپەروەری کۆمەڵگا بدرێت بۆ بەشداری سیاسی و بەرەوپێشبردنی ئەرکی نەتەوایەتیان. هاوکات بەهۆی سروشتی کۆمەڵگای "شکێندراوی" کوردستان پێویستە ئەم هێمنایەتییە لە چوارچێوەی پلاتفۆرم و قەراردادێکی کۆمەڵایەتی هاوبەشدا بایەخ و بنەما هاوبەشەکانی دیاری کرابێت بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆمەڵگا بەشێوەی هاوئاهەنگ بەرەو پێش ببات.

گەشەی سیاسی لە خەباتی رزگاریخوازانەدا بەواتای بەهێزکردنی پەروەردەی نەتەوایەتی و رێکخراوەیی بۆ بەرزکردنی هۆشیاری مافناسانەی خەڵکی کوردستان و پەرەی شوێندانەری ئەندامانی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. هاندان و پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی خۆجێی و پەروەردەی ژینگەپارێزی و ژین‌خۆشەویستی سەرەرای هەموو کێشەکانی داسەپاو لەلایەن رێژیمی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. گەشەی سیاسی بە واتای توانابەخشی و هێزبەخشین بۆ متمانەهێنان بە توانا و هێزی نیشتمانی و پەرەپێدانی فەرهەنگی خەبات لەپێناو سەروەری نیشتمانی و بەشداری تاکی کورد لە دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆیدا بەواتای بەهێزکردنی متمانەی کۆمەڵایەتی و مسۆگەرکردنی یەکیەتی ریزەکانی خەباتی نەتەوایەتی و لەناوبردنی ئاسەوارەکانی لێکدابڕان و جیابوونەوەکان. گەشەی سیاسی بەواتای وڵامدەربوونەوەی رێکخراوە سیاسی و ئۆرگانەکان لەبەرامبەر پرسیار و رەخنەی خەڵک و لەناوبردنی مەودای نێوان خەڵک، رێبەرانی سیاسی و چالاک و رێکخراوەکانی خەباتکارە.

راسانەوە بەبێ یەکیەتی و لەناوبردنی نیگەرانی خەڵک لەمەڕ پاراستنی هێمنایەتی خەباتی هاوبەش مسۆگەر نابێت. خەڵکی کوردستان هەزینەی سەرەکی خەباتی رزگاریخوازانە دەدەن و یەکەمین قوربانی دووبەرەکی و لەناوچوونی بڕوای کۆمەڵایەتین. خەڵکی کوردستان هەروەها سەرەکیترین پشتیوانانی خەبات لە پێناو بەرەوپێشچوون و رزگاریدان. ئەمەش رێبەرانی سیاسی ئەرکدار دەکات کە نەتەنیا لە روانگەی بەرژەوەندی کورتخایەن یان کێشەکۆنەکانەوە بەڵکوو لە روانگەی رەساڵەتی مێژوویی و ئینسانی خۆیانەوە رۆڵی خۆیان لە بزاڤی رزگاریخوازانەدا ببینن و خەڵک‌پەسەندی و پشتیوانی و بڕوای کۆمەڵایەتی بکەنە هەوێنی بڕیارەکانیان.

ئێمە لە هەلومەرجێکداین کە لەلایەک دەبێ بڕوای کۆمەڵایەتی ناوخۆیی بەهێز بکەین و لەلایەکی دیکەوە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەرەوەی خۆمان دەوڵەمەند و چالاک بکەین. یەکیەتی کردەوەیی ریزەکانی سیاسی و رێکخراوەیی جێبەجێ کردنی ئەم دوو ئەرکە ئاسانتر دەکا و وزە بە رەوتی راسانەوە بەرەو رزگاری دەبەخشێت.

* پێشکەش بەیادی شەهیدانی راسانەوە، بەبۆنەی سێهەمین ساڵڤەگەری گیانبەختکردنی شەهیدانی کۆساڵان

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.