کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕانت و گەندەڵی ئابووریی ئێرانی تەنیوەتەوە

12:25 - 14 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دوو ئابووریناسی ئێرانی سەبارەت بە بارودۆخی ئابووریی ئەم وڵاتە و هۆکارەکانی، لە دووتوێی نامەیەکدا هۆشدارییان لەهەمبەر ئاسەوارەکانی بۆسەر کۆمەڵگە داوە.

حسەین ڕاغفەر و ئێحسان سوڵتانی لە نامەیەکدا ڕوو لە خەڵکانی ئێران ڕایانگەیاندووە: تێچووەکانی درێژەکێشانی دۆخی زاڵ بەسەر ئێران بۆ سڵامەتی ئابووری و کۆمەڵگە زۆر خەسارهێنەر دەبێت، سیستمی ئابووریی وڵات بووەتە دیلێک لە دەستی ڕانت و گەندەڵی و تا ئەو کاتەی کە ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەم گرفتانە نەیەتە کایەوە دەرەتانی خۆدەربازکردنی ئابووریی لەم قەیرانە بوونی نابێت.

ئەم دوو ئابووریناسە لە نامەکەیاندا باسیان لە وەزعیەتی قەیراناوی بانکەکان و نەخدینەیی لە ئێراندا کردووە و وێڕای پێداگرتنەوە لە سەر هەبوونی گەندەڵی هەمەلایەنە و مەترسیدار ڕایانگەیاندووە تێچووەکانی درێژەکێشانی ئەم بارودۆخە ئەوەندە قورسن کە قەرەبوو ناکرێنەوە.

ئەوان وتوویانە: سیستمی ئابووریی ئێران گیرۆدەی پێوەندییە ڕانتی و گەندەڵییەکان بووە و ئەگەر بمانهەوێ خۆمان لەو قەیرانانە دەرباز بکەین ئەوا دەبێ بڕیارێکی سیاسی جیددی بۆ بدەین تاکوو دەستی ڕانتخارەکان و خزم‌خزمێنییەکان و هاوحیزبییەکان کورت بکرێنەوە.

بەوتەی ئەم دوو ئابووریناسە بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا بانکە خسووسییەکان ٨٤٠٠ میلیارد تمەنیان بە قەرز لە بانکی ناوەندی وەرگرتووە کە بووەتە هۆی چێ‌بوونی ٦٠ هەزار میلیارد تمەن نەخدینەیی لەم مانگەدا؛ بەواتایەکی دیکە تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا بانکە خسووسییەکان بۆ هەر تاکێکی ئێران زیاتر لە ١ میلیۆن تمەن نەخدینەییان ساز کردووە.

پێشتریش ئەم دوو کەسە لە نامەیەکی دیکەدا سەبارەت بە گرانی لە ئێران ڕایانگەیاندبوو: دەوڵەت سەرەکیترین هۆکاری گرانییە لە وڵاتدا چوونکە دەوڵەت ڕێگر بووە لە خستنەڕووی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئەمەش بووە هۆی چوونەسەری نرخەکان؛ جیا لەمەش ڕێگەدان بە هاوپیاڵەکان و هاوجیناحییەکان بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ئابووریی لەلایەن دەوڵەتەوە، دانی ئاسانکاری بانکی و کەسانی نیزیکی خۆیان، دانی هەلی تایبەت بە خزمەکانیان و کاری دیکەی لەم چەشنە بوونەتە هۆی ئەو گرانییەی کە ئەمڕۆ خەڵک پێوەی دەناڵێنن.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە، غوڵامعەلی جەعفەرزادە ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەش وتوویەتی: هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی ١٥٠%ی بایەخی دراوی ئێران، هێز و توانای کڕینی خەڵکیش ٤٨% کەمی کردووە؛ بەوتەی ناوبراو نێونجی مووچە و حەقدەست لە ئێران ٢ میلیۆن تمەن بووە و هاوکات نرخی شتوومەک ١٢٥% زیادی کردووە بەبی ئەوەیکە گۆڕانێک بەسەر ئاستی مووچەدا بێت.