کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری ڕۆحانی: پتانسیلی ناڕەزایەتییەکان هەروا بەردەوامە

12:08 - 22 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بە باوەڕی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، پتانسیلی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێراندا هەروا بەردەوامە، چونکە هۆکاری کێشەکان لە نێو نەچوون.

حیسامەدین ئاشنا، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا، کە ڕۆژی هەینی، ٢١ی بەفرانبار، لە کاناڵەکانی ڕێژیمدا بڵاو بووەوە، وتوویەتی: بەستێنی ئابووریی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوی هاوشێوەن، بەڵام بەستێنی کۆمەڵایەتیی ناڕەزایەتییەکانی ٩٦ جیاوازتر و زۆر قووڵتر بوون.

لە دەیەی ٧٠ی هەتاویش، ناڕەزایەتییەکانی شار لە مەشهەد، قەزوین و ئیسلامشار بوون، کە زۆرێک لە ناڕازییان کوژرا و دەسبەسەر کران.

بەردەوام بەرپرسانی ڕێژیم، لەسەر دووپاتبوونەوەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو هۆشدارییان داوە، بەتایبەت عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، پێشتر وتوویەتی: هۆکاری ناڕەزایەتییەکان هێشتا لە نێو نەچوون و تەنیا چەخماخەیەک پێویستە هەتا کڵپە بستێنێت.

ئاشنا، هەروەها لەم بارەوە وتوویەتی: ئامانجی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، "بێدەسەڵاتکردنی دەوڵەت" بوو، بەڵام دواتر ئاشکرا بوو، کە ئامانج لەم ناڕەزایەتییانە "لاوازکردنی دەوڵەت و کۆماری ئیسلامی" بووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە "هێندێ کەس وادەزانن بەبێ لاوازکردنی کۆماری ئیسلامیی، دەوڵەت لاواز دەکەن، بەڵام ئەزموونی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو پیشانی دا، کە لاوازکردنی دەوڵەت و کۆماری ئیسلامی لە یەک ئاراستەدان".

ئامانجی قسەکانی ڕاوێژکاری ڕۆحانی، خودی بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمە، کە لە هەوڵی لاوازکردنی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیدان، چونکە پێشتریش چەندین بەرپرسی ڕێژیم، ئیبراهیم رەئیسی و ئەحمەد عەلەمەلهودایان بەوە تۆمەتبار کردبوو، کە ناڕەزایەتییەکانی مەشهەد لە ساڵی ٩٦دا لە ژێرسەری ئەواندایە.

هەتا ئێستە ڕێژیم تاکتیکی ئەوە بووە، کە لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکاندا، هۆکار و ئامانجی ئەم ناڕەزایەتییانە بخاتە ئەستۆی وڵاتانی دەرەوە، بەڵام لە پیلان و تاکتیکێکی نوێدا، ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بۆ پیلانی بەرپرسانی ڕێژیم دەگەڕێننەوە و بەو بۆنەوە دەیانەوێت وا پیشان بدەن، کە ناڕەزایەتیی خەڵکی لە ئێراندا بوونی نییە و خەڵک لە سیاسەت و دەسەڵاتی ڕێژیم بەتەواوەتی ڕازین.