کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ دۆخی ژیان لە کوردستان

12:36 - 1 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وێرانی ئابووریی لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دۆخی ژیانی بۆ هاووڵاتییان سەخت و ئەستەم کردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر ناهومێدی لە ژیان باڵ بەسەر خەڵکدا دەکێشێت.

هاووڵاتییەکی کوردستان لەمبارەوە بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند: لە ماوەی پازدە ڕۆژی ڕابردوودا وێرانی ئابووریی ئێران هەر درێژەی هەبوو . هیچ پلانێک کە پیشان بدات کاربەدەستانی ڕێژیم لە بیری چارەسەر کردنی بارودۆخی خراپی ئابووریدان بەرچاو نەکەوتووە . 

دەشڵێت: هەڵکشانی نرخەکان لەم پازدە ڕۆژەدا نەرم و کەم دەنگتر لە پازدە ڕۆژی پێشووتر بوو؛ واتە کۆمەڵگا ئەو حەساسیەتە زەق و توندەیان بە دیاردەی گرانی وەک پێشتر نەماوە . کۆمەڵانی خەڵک پشتیان لەژێر باری گرانی و بێکاری شکاوە و ناهومێدی و بێ هیوایی لە داهاتوو خەڵکی دەوڵەمەند و هەژاری گرتووەتەوە.

مامۆستایەکی قوتابخانەکانی یەکیک لە شارەکانی کوردستانیش بەمشیوەیە ڕای خۆی بۆ "کوردستان میدیا" دەربڕی و دەڵێ: هەر کەس بە گوێرەی عەقڵ و زانستی خۆی مێشکی دەرگیری لێکدانەوەی ڕووداوەکانە و هەوڵ دەدەن بە جورێک خۆیان لە ڕووداوە مەترسیدارەکانی داهاتوو کە لە بێ کیفایەتی و گەندەڵی ئاخوندەکانی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بدزنەوە؛ هەندێ کەس خۆیان دەکوژن، هەندێکیش ئێران بەجێ دێڵن، کەسانێک دراوەکانیان دەگۆڕنەوە بە دۆلار، کەسانێک لە هەوڵی کۆکردنەوەی سەرمایە پرش و بڵاوەکانیاندان و بێدەسەڵاتەکانیش جوێن بە ڕێژیم دەدەن و تاد .

هەر لەمبارەوە و سەبارەت بە نرخی پیداویستییەکانی خەڵک دووکاندارێکمان دواند کە پێی وتین: لەم پازدە ڕۆژەدا برنجی هێندی دە کیلۆیی لە ٧٢٠٠٠ تمەنەوە بوو بە ٨٥٠٠٠ تمەن، نانی لەواش لە ١٦٥ تمەنەوە بوو بە ٢٠٠ تمەن، سەنگەکی ٧٠٠ تمەنی بوو بە ١٠٠٠ تمەن و سەنگەکی ١٠٠٠ تمەنی بۆ ١٣٠٠ یان ١٥٠٠ تمەن گران کرا؛ خراپی مادە خۆراکییەکان و ناڕاحەتیە ڕۆحی و ڕوانییەکان بوونەتە هۆکاری زۆر نەخۆشینی جەستەیی کە نەخۆشینەکانی مەعدە و ڕودە و دڵ بەشێکی زۆری ئەو نەخۆشییانە پێک دەهێنن . 

لەکاتی بەدواداچوونەکەمان سەردانی مەتەبی یەکێک لە پزیشکەکانمان کرد؛ هاووڵاتییەک کە بۆ چارەسەری سەردانی ئەم نۆڕینگەی کردبوو پێی وتین: دوکتورەکان بە ئاشکرا بە نەخۆشەکان دەڵێن کە دارووە ئێرانییەکان زۆر زۆر بێ کەیفییەتن و خواردنی ئەو دەرمانانە جگە لەوە نەخۆشینەکان چاک ناکەنەوە دەبێتە هۆی زۆر نەخۆشین و لێکەوتەی خراپی بۆ مرۆڤ هەیە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە کڕینی دەرمانی خارجی بە دۆلاری ١٤٠٠٠ تمەنی لە توانای هەموو کەسدا نییە و تەنانەت زۆر جار بەو پارە زۆر و زەمەندەش دەرمانی بیانی دەست ناکەوێت 

سەبارەت بە خزمەتگوزارییە حکومەتییەکانیش دەکرێ بڵێین لە هەموو شارەکاندا نیزیک بە سفرە، بۆ نموونە لە شاری سەقز پڕۆژەی کەمەربەندی سەقز- بۆکان هەر بە ناتەواوی هەڵپەسێردراوە. سەقز تەنیا دوو نەخۆشخانەی لە حاڵی کاری هەی کە بە هۆی گرانی لەڕادەبەدەر تەنیا نەخۆشگەلێک دەتوانن بچنە نەخۆشخانەی "تەئمین ئیجتماعی" کە خاوەنی دەفتەرچەی بیمەی ئەو سازمانە بن . بەشی زۆری خەڵک ناچارن ڕوو بکەنە نەخۆشخانەی خومەینی کە ئەم نەخۆشخانە لە باری مەوقعییەتی جوغرافیەوە لە شوێنێکی پڕ لە ترافیک هەڵکەوتووە کە هاتوچۆکردن بۆ ئەوێ لە ئێستای سەقزدا کارێکی پڕ زەحمەتە .

لەمبارەوە یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەمان دواند کە پیی وتین: "بینای بیمارستانەکە کۆنە و بەرپرسانی حکومەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕی بیناکە هەر تاوناتاوێ لە حەوشە و سەربان و ژێرزەوی و کونج و کەلەبەرەکانی ئەم نەخۆشخانەدا دەست دەدەنە ساخت و سازێکی غەیری ئوسولی و هەر ئەمەش کارێکی کردووە بەردەوام ناو موحیتی بیمارستان پڕ بێت لە خۆڵ و خاک و هەر ماوەیێک بەشێک لە بەشە ئیدارییەکان لە گۆشە و کەنارێکی شپرزەوە دابمەزرێتەوە . بۆگەن و پیس و چەپەڵی نەخۆشخانەی خومەینی سەقز لە خیابانەکانی نیزیک بە بیمارستانیشەوە هەستی پێدەکرێت . خەڵک هەمیشە دەڵێن نەخۆشخانەی خومەینی ئەوەندە پیسە کە ئەگەر بە ساغیش بچیتە ناوی بە نەخۆشین لێیدەگەڕیتەوە . 

ئەم کارمەندەی نەخۆشخانەی خومەینی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "لەم پازدە ڕۆژەدا بەشێکی دەزگاکانی ئازمایش لەم بیمارستانانە لە کار کەوتوون و بەشێکی ئازمایشی نەخۆشینەکان بە شێوەی قەدیم و بە دەستی دەگیرێن. ئەو کەلوپەلانەی کە لەم یەک دوو مانگەی ڕابردوودا بۆمان هاتووە زۆر زۆر بێ کەیفییەتن، ئێعترازمان کردووە ، لە وڵامماندا وتوویانە بە هۆی تەحریمەوە کاڵای باش نییە و مەجبورین هەر لەم کاڵایانە کەڵک وەرگرین .

لاوێکی شاری سەقزیش تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخی ژیان لەم شارەی کوردستان بەمشێوەیە دەربڕی: "ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ ڕواڵەتی شار ڕوخاوتر و ناشادتر دەردەکەوێ؛ ماشینەکان بەردەوام کۆن و شکستەتر دەبن، بە هۆی گرانی وەسایلی ماشینەوە خەڵک هەر لەگەڵ ماشینە کۆن و شکاوەکاندا مودارا دەکەن . بینا و ساختمانی نوێ بە دەگمەن دروست دەبێ و وەک ئەوە وایە شار هەر جلە کۆنەکانی پار و پێراری لە بەر کردبێ . هێشتا مانگێک لە ساڵی خوێندن تێپەڕ بووە کەچی مامۆستایانی قوتابخانە و بنەماڵەکان بە شێوەی هاوبەش دەنگیان لێ بەرز بووەتەوە؛ گرانی کەلوپەلەکانی خوێندن و ناتەوانی بنەماڵەکان لە دابینکردنی ئەو شتانە بۆ منداڵەکانیان، مامۆستایانیشی تووشی گرفتی ڕۆحی و مەعنەوی کردووە . مامۆستایانی قوتابخانە کە توێژێکی زۆر زەحمەتکێشن کەمترین داهاتیان هەیە و خۆیان لە گەڵ دەیان گرفتی ژیان ڕووبەڕوون . لە شارەکانی کوردستاندا بێکاری بێداد دەکات. ئەم هەڵاوسانە ئابوورییە خەڵکێکی زۆری لەگەڵ گرفتی ژیان ڕووبەڕوو کردووە ".

بەکورتی لە ماوەی پازدە ڕۆژی ڕابردوودا هیچ شتێک هەرزان نەبووە و هەر وەک لە سەرەتای ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێکرا هیچ خاڵێکی ئابووریی باش کە قازانجی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا بێت بەدی نەکراوە .