کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ مانگرتنی سەرتاسەریی شارەکانی ئێران و کوردستان

11:48 - 17 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر خراپیی دۆخی ئابووری و گرانی زۆربەی دووکان و بازاڕەکان داخرا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر، دووکاندار و کاسبکارەکانی ئێران لە کاردانەوەیەک بەرانبەر بە دۆخی خراپیی دۆخی ئابووری، گرانی و نەبوونی کەرەستە سەرەکییەکان و هەروەها قۆرغکرانیان لە لایەن بازرگانەکانەوە و لەژێر کاریگەریی مانگرتنە گشتییەکەی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان دووکانەکانیان داخست.

لە شاری بانە، هاووڵاتییان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر گرانیی شتومەت، پاساژەکانی: ئازادی، ئاربابا، گوڵستان و خەیامیان داخستووە
لەو پەیوەندییەدا، دووکاندارانی شەقامی سیروسی شاری سنە، دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە و پشتیوانیان لە دووکانداران و مانگرتووانی شارەکانی دیکەی کوردستان کردووە.

هەروەها شاری سەقزیش بە داخستنی دووکانەکانی بازاڕی سەر و خواروو، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر گرانی و نەبوونی و هەڵاوسان دەربڕیوە.

هاوکات لە شارەکانی پیرانشار و مەریوانیش دووکانداران و بازاڕییانی ئەو شارە بە داخرانی دووکان دەستیان بە مانگرتنی گشتی کردووە

هەر لەم ڕاستادا بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە شارەکانی تاران، ئەراک، کەنارەک، چابەهار و ئیرانشار، زەنجان و چەندین شاری دیکەی ئێران دووکاندار و کاسبکاران بە داخستنی دووکانەکان بە شێوەیەکی ڕێژەی لە هەمبەر گرانی و خراپیی دۆخی ئابووری مانیان گرتووە.

دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پشتیوانی لەم مانگرتنانە کرد و خوازیاری بەردەوامیان بوو.

ڕێژیم وەک سیاسەتی هەمیشەییی خۆی بە هەڕەشە و گوشار بۆ سەر دووکانداران لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە کۆتایی بە مانگرتنەکان بهێنێت، بەڵام مانگرتووان لە درێژەدان بە مانگرتنەکەیان سووربوون و هەڕەشەکانی ڕێژیم بێئاکام مایەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کوردستان بەرانبەر بە دۆخی خراپی ژیان و سیاسەتە نگریس و تێرۆریستییەکانی ڕێژیم مان دەگرن، پێشتریش ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان دوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی کوردستان بەدەم ئەم بانگەوازەوە هاتن و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان بەمەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە لەسێدارەدانی لاوانی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات مانیان گرت.

هەروەها لە چەند مانگی پێشوودا، دووکاندار و بازاڕییانی شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و بەشێک لە سەردەشت، بەمەبەستی مەحکومکردنی داخستنی سنوورەکان و ڕاگرتنی هێنانی کەلوپەلە پێویستەکان بۆ شارەکانی کوردستان بۆ ماوەی ٢١ی ڕۆژ مانیان گرت و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.

هەر لەم پێوەندییەدا  لە ساڵەکانی ١٣٨٥و ١٣٨٤ لە ژێر بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مەحکوومکردنی تێرۆری ڕێبەری کورد د. قاسملوو، خەڵکی کوردستان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان و ژنان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی شین بەشێوەیەکی بەرین مانیان گرت.

ئا: ئاویەر شێخی