کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ چیرۆکی بڕینی داربەڕووەکانی دارستانەکانی مەریوان درێژەی هەیە

12:20 - 23 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وێڕای سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس و پرۆسەی کاولکردنی ژینگە و سروشتی کوردستان، ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانی و هەروەها هەندێک خەڵکی بەرژەوەندیخواز، لە دارستانەکانی قەڵای ئیمامی مەریوان، شەپۆلێک لە بڕینی داربەڕووەکانیان دەست پێکردووە.

ماوەی چەندین ساڵە، ژینگە و سروشتی کوردستان بە هەموو شێوازێک، کەوتووەتە بەر پەلاماری دوژمنانی ژینگە و نیشتمان و پرۆسەی بە بیاوانکردنی کوردستانیان دەست پێکردووە. لە وەرزی گەرمادا ئاگر بەر دەدەنە دارستانەکان و لە بەرەبەری فێنکبوونی هەوادا، بڕینی داربەڕووەکانیش پەرە پێدەدەن و ئەمجار و بۆ جارێکی دیکە، دارستانەکانی قەڵای ئیمامی مەریوان کراوەتەوە ئامانج.

ڕۆژی هەینی، ٢٢ی خەرمانان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وێنەی کاولکردنی ژینگەی قەڵای ئیمامی مەریوان بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا، دار بەڕووەکانی ئەم دارستانە بڕاونەتەوە و برێنێکی هەرمانی دیکەیان لەسەر جەستەی ئەم کێوە بەجێ هێشتووە. لە هەمان حاڵدا ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، وەک هەمیشە بێدەنگن.

چالاکێکی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەریوان، لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاند: "ڕێژیم بەگشتی و سپای پاسداران و دەستوپەیوەندییەکانیان بەتایبەتی، ڕاستەوخۆ لە بڕینی ئەم داربەڕووانەدا دەستیان هەیە. هەرچەند ڕێژیم خەڵک تاوانبار دەکات، بەڵام خەڵکی ئاسایی لە وەها شوێنێکی بەرچاودا، دەست بۆ وەها کارێک نابەن".

پرۆسەی کاولکردنی ژینگەی کوردستان لە لایەن داگیرکەرەوە، هەندێک بەرژەوەندیخوازی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیشی تێوەگلاوە و مافیاکانی "زەمین‌خاری" لەم پرۆسەیەدا، دەستیان هەیە.

سووتاندنی دارستانەکان، بڕینی دار و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی شارەکانی ئێراندا، بڕینی دار بۆ خەڵووز، لەنێوبردنی دارستان بۆ دروستکردنی باخ و...، لەو چالاکییەن کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە کوردستاندا پەرەی سەندووە و خەڵک، ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران لە هەموویاندا، بە تاوانباری سەرەکی دەزانن.