کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ چەواشەکارییەکانی "حەسەن ڕووحانی" لە بەردەم خوێندکاراندا

17:32 - 25 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە کۆمەڵگای ئێران لەدەست کەمیی پزیشک، هەڵەی پزیشکی، دابینکردنی دەرمان و گرینگینەدان بە تەندروستیی خەڵک دەناڵێنێت، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بە پێچەوانەوەیەوە قسە دەکات.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕێوەڕەسمی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکان لە چاوشەکارییەدا وتبووی: "پزیشکێکی پسپۆڕی ئاڵمانی بە منی وتووە کە ناوەندە دەرمانییەکانی ئێوە (ئێران) لە بواری چۆنیەتی و تەندروستییەوە لە هی ئورووپا باشترە".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە دوو حەوتوو لەمەوپێش لە گوندی ''چنارمەحموودیـ''ـی سەر بە شاری لۆردگان، بێهدارانی ناوەندی تەندروستیی ئەو گوندە بەهۆی ئەوەی کە بۆ تاقیکردنەوەی "شەکرە" (دیابێت) لە سۆرەنگی پیسبوو بە وایرۆسی ''HIV''  کەڵکیان وەرگرتبوو، زیاتر لە ٢٠٠ کەس تووشی نەخۆشیی ''ئایدز'' بوون.

بە پێچەوانەی قسەکانی ڕووحانی، زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن، نموونەی بەرچاوی ئەمە، خەواندنی ''مەحموود هاشمی شاهروودی'' لە ناوەندی نێونەتەوەیی زانستی "ئەعساب" لە شاری "هانۆفێر"ی ئاڵمان بوو.

لە لایەکی دیکەوە گەندەڵی باڵی بەسەر سیستمی دابینکردنی دەرمان لە ئێراندا کێشاوە کە یەکێک لە نموونەکانی ئەم گەندەڵییانە، ''شەبنم نێعمەتزادە''، کچی وەزیری پێشووی پیشەی ڕێژیمی ئێرانە کە  بە تۆمەتی تێکدانی سیستمی بڵاوکردنەوەی دەرمان لە ئێراندا و ئەمبارکردنی دەرمانی قاچاخ بەبێ ڕێوشوێنی یاسایی، دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها، لە سیستمی پەروەردەی ڕێژیمی ئێراندا، بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران، بەپێی سەهمییە لە بوارەکانی خوێندندا قەبووڵ دەبن کە لە دواییدا زانستی پێویستیان لە بواری خۆیاندا نییە.

 لەمبارەوە "حەمید ئەکبەری"، جێگری پەروەردەی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو: "زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خوێندکارانی ڕشتەی زانستی پزیشکی، بەپێی سەهمییە لە زانکۆکاندا قەبووڵ دەبن، ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر تەندروستیی کۆمەڵگای ئێران".

هەروەها ڕۆژانە لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا، بەهۆی ناشارەزایی زۆرێک لە پزیشکەکان و نووسینی نوسخەی هەڵەوە، هاووڵاتییانێکی زۆر گیانیان لەدەست دەدەن یان تووشی کێشەی جیددی دەبنەوە.

لە لایەکەوە، لە شاری مێهرستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم شارە نەخۆشخانەیەکی نییە، چەند ساڵە تەنانەت پزیشکێکی پسپۆڕیش بە شێوەی تەوا وەخت، بوونی نییە.

نەبوونی پزیشک لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە شارە بچووکەکاندا، گیانی خەڵکی لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە؛ سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانیش لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ وڵامێکیان نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکانێکی زۆرتر دەبنە قوربانیی سیاسەتە مرۆڤکوژانەکانی ڕێژیمی ئێران.