کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕێژیمی ئێران گەورەترین مەترسی بۆ سەر ناوچە و جیهانه

12:06 - 27 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سرویسی کۆنگرەی ئامریکا لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ناوچە و جیهان و لەو ڕاپۆرتەدا باسی لە بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانیش کردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە نیسبەت هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و هەڕەشەکانی لە وڵاتانی جیهان بەردەوام هۆشداری داوە و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمیش بە زمانی هەڕەشە و هێرش وڵامی ئامریکا دەدەنەوە.

لەو بارەیەوە، "سرویسی کۆنگرەی ئامریکا" کە بە "ئەندێشکەدەی کۆنگرەی ئامریکا" ناسراوە، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران  خاوەنی گەورەترین زەڕادخانەی مووشەکیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاسته و ڕێگەی دەسپێڕاگەیشتنی بە مووشەکی بالستیکیی قاڕڕەپەیماشی هەیە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، دەوڵەتی ئامریکا ڕێژیمی ئێران وەک دژوارترین چالش و قەیران دەناسێت بۆیە بەرپرسانی ئامریکایی چ لە ساڵانی ڕابردوودا و چ لە ئێستادا، بەشێکی سیاسەتەکانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ پێشگیری کردن لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکوچۆڵی پێشکەتوو.

لەو ڕاپۆرتەدا سەرەتا باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران چالشی هەمیشەیی ئامریکایه و سیاسەتی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێرانیش بەرهەمی ئیدئۆلۆژیی "ئینقلابی ئیسلامی"، ڕوانینی هەڕەشەئامێزی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دەسەڵات و وڵاتەکەیان، بەرژەوەندییەکانی ئێران و پێکەوەسازانی لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆی دەسەڵاته".

سرویسی کۆنگرەی ئامریکا ئاشكرای کردووە، ڕێژیمی ئێران بۆ وڵامدانەوە بە کردەوەکانی ئامریکا بە نیسبەت گۆڕینی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی گشتی لە هەموو لایەک دەکات. هەروەها ڕێژیمی ئێران لە دوای خۆگەورە و بەهێزنیشاندنی خۆی لە جیهاندایە و هەستی زیندووکردنەوەی "ئیمپراتووریەتی باستانیی پارسی" هەیە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران، لەژێر ناوی "چەوساوەکان"، پشتیوانی لە شیعەکان و سەرجەم بزووتنەوە ئیسلامگەراکان دەکات و شەڕ و ئاژاوەی تایفەگەری هەڵدەگیرسێنێت.

هاوکات ڕێژیمی ئێران پەرە بە چالاکییە ناوکییەکانی بۆ دەسپڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی دەدات و ئەوەش تەنیا بۆ خۆسەپاندنی خۆیەتی بە سەر ناوچەکەدا.

لەو راپۆرتەدا، باس لە دێکیۆمێنتی "کابوس کرکس‌ها" کراوە، کە باسی لە توانایی نیزامیی ڕێژیمی ئێران دەکات و "دێن کۆرتێر" بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئیتلاعاتی نەتەوەیی ئامریکا، وێڕای ئەوەیکە جەختی کردووەتەوە  ڕێژیمی ئێران بە دوای دزەکردنی خۆی لە وڵاتانی عێراق، سووریه و یەمەنە، دەفرایەتیی نیزامیی ئەو ڕێژیمە هەڕەشەیەکە بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی ئەو وڵاته.

سرویسی کۆنگرەی ئامریکا لە کۆتاییدا باسی لە کۆمەڵێک پرسی گرینگ کردووە لەوانەش: "پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵا، حەماس، ڕێژیمی ئەسەد، حوسییەکان و میلیشا شیعەکان لە عێراقدا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ڕێژیمی تاران زۆرتر هاوکاری گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات و بە ناردنی چەکوچۆڵ، ڕاوێژکاری نیزامی و دابینکردنی بەشی ماڵی پشتیوانیان لێ دەکات و ئەوەش لە لایەن هێزی تێرۆریستی قودسی سپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێت.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لە هێزی نەرمی ڕێژیمی ئێران، بوودجە، کڕینی چەکوچۆڵ، پشتیوانی لە هاوپەیمانانی خۆی، ستراتیژی دەریایی، پەهپادەکانی ڕێژیم و باقی چالاکییە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە.