کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ کەڵکاژۆوەرگرتنی ڕێژیم لە کۆڵبەران و هەژاری خەڵکی کوردستان

10:42 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە نوێترین هەوڵی قێزەونانەی خۆیاندا، بەرپرسانی ڕێژیم لە کوردستان دەیانهەوێ بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە دۆخی نەشیاوی ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان و لە ڕێگەی کۆڵبەرانەوە، تەحریمەکان دەور بدەنەوە.

بەپێی هەندێک هەواڵی پێوەندیدار، بەناو نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی ڕێژیم، وەک خۆشخزمەتییەک بە دەسەڵاتی ناوەندی و بە دانی پێشنیاری ئەوەیکە ڕێڕەوە کۆڵبەرییەکان لە کوردستان ئازاد بکرێن تاکوو خەڵک لە گوشارە ئابوورییەکانی ژیان دوور بکەونەوە(!!!)، هەوڵی دەورلێدانەوەی تەحریمەکان دەدەن.

ناوبراو وتوویەتی: ئامریکا بە چوونەدەری تاکلایەنە لە بەرجام دەیهەوێ هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەل بۆ ئێران سنووردار بکات و بەمشێوەیە خەڵک بکەونە ژێر گوشار و ناڕەزایەتی دەرببڕن کە لەم کاتەدا ئێمە دەتوانین بە ئازادکردنی ڕێڕەوە کۆڵبەرییەکان تەحریمەکان دەور بدەینەوە و گوشارەکان بۆسەر "دەوڵەت" کەم بکەینەوە.

ئەم هەوڵە قێزەونە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە تا پێش لە بارودۆخی ئاڵۆزی ئابووریی ڕێژیم، نەتەنیا هیچ ئاسانکارییەک بۆ وەگەڕکەوتنی ئابووریی کوردستان نەدەدرا، بەڵکوو تەنیا سەرچاوەی داهاتی خەڵکی کوردستانیش بەهۆی هێزە داپڵۆسێنەر و خۆسەرەکانی ڕێژیم لە سنوورەکانی کوردستان وشک کرابوو.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان هاووڵاتی کورد بەهۆی گوشاری ماڵی و نەبوونی دەرەتانی کار ڕوویان لە کاری پڕمەترسی کۆڵبەری کرد کە زۆربەی هەرەزۆریان لەلایەن چەکدارانی رێژیمەوە دەدرانە بە دەسڕێژی گووللە و دەبوونە قوربانی ڕێگەی نان.

لە نوێترین حاڵەتی لەم چەشنە شەوی ٢٧ی خەرمانان، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد لە سنووری شاری چاڵدێران کرد و کۆڵبەرێکیان بەناوی "نعمەت شەهبازی حەیدەرانلوو"، تەمەن ٣٠ ساڵ کوشت کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

هەر لەم دەسڕێژەدا دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "عێزەدین حوسێن نژاد و پەیمان قولیزادە" بە توندی بریندار بوون کە بەپەلە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون و دۆخی تەندرووستییان ناجێگیرە.

ئەمە تەنیا نموونەیەکی بچووک لەو دەیان و سەدان جینایەتەیە کە ڕێژیم دەرحەق بە چینی کەم‌داهات و لێقەوماوی کۆڵبەر لە کوردستان دەیکات و کەم ڕۆژ هەیە کە هەواڵی کوژران، بریندار بوون، کەمئەندام بوون و گیران و بێڕێزی کردن بە کۆڵبەران بڵاو نەکرێتەوە.

ئێستا کە ڕێژیم گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە لێواری داڕمان و ڕووخان نیزیک دەبێتەوە هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ تاکوو مەرگە نەگبەتبارییەکەی دوور بخاتەوە و یەکێک لەو ڕێکارانە کە بە زەینی گەیشتووە کەڵکاژۆوەرگرتن لە کۆڵبەران و چینی هەژار و کەم داهاتی کوردستانە کە تا دوێنێ وەک دوژمن سەیری دەکرد و وەبەر دەسڕێژی گووللەی دەدان؛ گەلۆ ئەم کۆڵبەرانە و ئەو خەڵکەی کە ئێستا دەیانهەوێ بەو شێوەیە کەڵکیان لێوەرگرن هەر ئەو کەسانە نەبوون کە سنوورەکانیان لێ داخستن و سەرەڕای ئێعتراز و مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین، ئامادە نەبوون وڵامیان بدەنەوە؟ ئەمانە هەر ئەو کەسانە نەبوون کە هاواریان دەکرد سفرەکانیان بەتاڵە بەڵام ئێوە گوێتان ئاخنرابوو؟ ئەدی ئێستا چ شتێک گۆڕدراوە کە بەم شێوەیە سیلەی ڕەحمیان جووڵاوە و بەزەییان پێیان دێتەوە؟

ئا: شەماڵ تەرغیبی