کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ گەرووی هۆرمۆز زۆر زیاتر لە پێگەیەکی جوگرافیایی

17:31 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لەگەڵ چوونەسەری تەنگەژەکانی کەنداو و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئاوە ستراتیژییەکانی ناوچەکەدا، گەرووی هۆرمۆز وەک پێگەیەکی جوگرافیایی هەڵکەوتوو لەو ناوچە پڕ ئاڵۆزییە بۆتە سەردێڕی ڕۆژنامە و هەواڵە گرینگەکان. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵ دەدەین ئەو تایبەتمەندییانە باس بکەین کە گرینگی و ستراتیژیبوونی ئەم گەرووە دەردەخات بۆ ئەم مەبەستە سوود لە ڕاپۆرتێکی کاناڵی هەواڵی فرانس ٢٤ وەرگیراوە.

گەرووی هۆرمۆز یەکێکە لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی دنیا، ئەم گەرووە باریکە ئاوییە، ئۆقیانووسی هێند و کەنداو پێکەوە دەبەستێتەوە، پانییەکەی ٣٣ کیلۆمێترە، لە باریکترین شوێنیدا سەرەڕای تەنکی و باریکییەکەی بەڵام لە بەر قووڵییەکی بۆتە شوێنی هاتووچۆی هەندێک لە گەورەترین نەوتکێشەکانی جیهان.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم زانیارییانە دەکرێ بپرسین بۆچی ئەم گەرووە بۆتە ناوەندی تەنگەژەی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئیسلامی ئێران؟

یەکەم / گەرووی هۆرمۆز وڵاتانی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی و عومان لە ئێران جیا دەکاتەوە، کە دوو وڵاتی ئاماژەبۆکراو پەیوەندییەکی بەهێزی سەربازییان لەگەڵ ئامریکا و عەرەبستانی سعوودیدا هەیە.

لینا خەتیب سەرۆکی پڕۆگرامی مێنا لەو پەیوەندییەدا دەڵێت: وا دەبینرێت کە ئامریکا گەرووی هۆرمۆز وەکو شوێنێک دەبینێت بۆ فشار خستنە سەر ڕێژیمی ئیسلامی ئێران؛ لە ڕێگای لەقاودانی سیاسەتەکانی ئێران لە دژی ئامانجە سعوودی و ئیماڕاتییەکان.

دووهەم / گەرووی هۆرمۆز یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا کە تێیدا ڕۆژانە ١٧ میلیۆن بەرمیل نەوت کە دەکاتە سەدا سی نەوتی جیهانی بەم ڕێڕەوەدا دەگوازرێتەوە؛ هاوکات ئەم گەرووە ڕێگەی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی گازی شلی قەتەر کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتەکانی هەناردەکاری گاز، هەموو ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی بابەتی هاتووچۆ لەم گەرووەدا ڕەهەندێکی ئاسایشی و ئابووری پەیدا بکات؛ بەجێیە ئەوەش بڵێین کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران چەندین جار لە ساڵەکانی ٢٠١٢،٢٠١٨ و ٢٠١٩ هەڕەشەی داخستنی ئەم گەرووەی کردبوو کە لە ئەگەری ڕووداوێکی لەم شێوەیەدا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان هەڵکشانێکی خەیاڵی بەخۆیەوە دەبینێت.